رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی لەسەر بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژی ساڵی خوێندنی 2023-2024 و ساڵانی پێشتر لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دا و بڕیارە ئەمڕۆ بڕیارەکە دەربچێت.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمڕۆ بە فەرمی بەگرێبەستبوونی تەواوی وانەبێژانی خوێندنی باڵا رادەگەیێندرێت."
چاوەڕوان دەکرێت بڕیارەکە ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری بەگرێبەستکردنەکە رابگەیێندرێت.
هەنگاوەکە لە کاتێکدایە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر بەگرێبەستکردنی مامۆستاکان دەربڕیوە.
توانا نەجەف گوتیشی، "وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی چەند ساڵێکە لە هەوڵی بەگرێبەستکردنی وانەبێژاندایە".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەکرد، لە 23ـی ئەیلوولەوە لە دوو نووسراودا داوای بەگرێبەستکردنی وانەبێژانیان لە ئەنجوومەنی وەزیران کردووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ خوێندنی 2023 و 2024، هەزار و 982 وانەبێژای هەبوو و بە نووسراوێک داوای بە گرێبەستکردنی کردوون؛ هەروەها نزیکەی 2 هەزار وانەبێژی دیکەی ساڵانی پێشتر وانەبێژ هەبوون و بە نووسراوێکی دیکە داوای گرێبەستکردنی ئەوانیش کراوە. توانا نەجەف گوتی، گرێبەستکردن هەموویان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی بەوەشکرد، دوای راگەیاندنی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی باڵا، رێکارە کارگێڕییەکانی بایۆمەتری و داراییان بۆ دەکرێت و فەرمانی دەستبەکاربوونیان بۆ دەردەکرێت.
بۆ گرێبەستکردنی وانەبێژان، فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رەزامەندنی ئەنجوومەنی وەزیران، رەمەزاندی وەزارەتی دارایی و ئابووری و فەرمانی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستە.
نووسراوەکان بە ژمارە (18617) و (18619) لە 23-09-2024 ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کران.
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژانی پەروەردە بکاتە گرێبەست.
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا بە گوێرەی بڕوانامەکانیان 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ