گالەری


رووداو دیجیتاڵ

لووتکەی تەندروستیی کوردستان بە بەشداریی نزیکەی 1000 پزیشک و تەندروستکار لە پسپۆڕییە جیاوازەکان کە لە 29 دەوڵەتەوە هاتوون، رۆژی شەممە لە هەولێر دەستیپێکرد و سێ رۆژ دەخایێنێت. 
 
دیارترین ئەو رێکخراو جیهانییانەی کە لە لووتکەکەدا بەشدارن بریتین لە یۆنامی، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پزیشکانی بێسنوور لەگەڵ نزیکەی هەزار پزیشک و تەندروستکار لە پسپۆڕییە جیاوازەکان لە 29 وڵاتەوە، ئەوە جگە لە دەیان رێکخراوی نێوخۆیی دیکە. 
 
د. ئاراس برادۆستی، سەرۆکی لووتکەی تەندروستیی کوردستان لە گوتاری کردنەوەی لووتکەکەدا رایگەیاند، "ئێمە رێکخەرانی لووتکەی تەندروستیی کوردستان پێمانوایە کە پێویستە ساڵانە وێستگەیەک بسازێنین بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بە کەرتی تەندروستی بکەین و سوود لە ئەزموونی پسپۆڕان و سیستمە تەندروستییەکانی وڵاتانی پێشکەوتوو و دۆست وەربگرین، بۆیە لە ساڵی 2019دا یەکەمین لووتکەی تەندروستیمان رێکخست بە بەشداریی 13 وڵاتی دۆست و نزیکەی 600 پزیشک، دەرمانساز، پزیشکی ددان، پەرستار، کارمەندی تەندروستی و پسپۆڕی تەندروستیی گشتی، لووتکەکە سێ رۆژی خایاند و یاداشتنامەی کۆتاییش درایە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان، لە هەمان ساڵدا بە نوێنەرایەتی کوردستان بەشداریمان لە لووتکەی تەندروستیی جیهانی کرد و تۆڕێکی پەیوەندیی فراوانمان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و بەرپرسانی کەرتی تەندروستی لە وڵاتان و پسپۆڕانی بواری کارگێڕیی تەندروستی بۆ کوردستان دروستکرد."
 
ئامانجی لووتکەکە وەکو د. ئاراس برادۆستی باسی کرد، بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەکی تەندروستیی باشترە بۆ ئەو پیاوە بەساڵاچووەی کە تووشبووی چەندین نەخۆشیی درێژخایەنە و توانای کڕینی دەرمانەکانیشی نییە، بۆ فەراهەمکردنی تەندروستییەکی باشترە بۆ ئەو منداڵەی کە ئەگەر بە تەندروستییەکی باشەوە بژی لە داهاتوودا سەرکردەیەکی بیرتیژتر، بەتواناتر و سووبەخشتری وڵاتەکەیەتی، ئەم لووتکەیە دەیەوێت خانمانی دووگیان پێش و دوای دووگیانبوون و لەو ماوەیەشدا کە کۆرپەیەک لە سکیاندایە باشتر خزمەتبکرێن و خۆیان و جگەرگۆشەکانەیان بە سەلامەتی و تەندروستی و دەرووندروستییەکی باشترەوە لە گەشتەکە دەربچن، ئێمە لووتکەی تەندروستی دەکەین تاوەکو تووشبووانی نەخۆشییە سەختەکان لە وڵاتدا نازدارتر بن و باشتر دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیان بۆ دابینبکرێت، هەروەها لێرەین بۆ پاراستنی کەسە ساخەکان لە تووشبوون بە چەندین نەخۆشی کە رەنگە ژیانیان تا هەتایە لێ تاڵ بکات، لووتکە دەبەستین تاوەکو نەهێڵین کەسە ساخەکان نەخۆشبکەون و تەندروستی و ژیاندروستییەکی باشتریان بۆ فەراهەمبکەین، تا مرۆڤەکان خۆشبەختتر و بەرهەمدارتر بن و وڵات پێشکەوتووتر بێت.