وەزارەتی شەهیدان داوای دروستکردنی گۆڕستانی تایبەت بۆ قوربانییانی جینۆسایدی شنگال دەکات

02-08-2023
سیروان عەباس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا داوا دەکات کە حکومەتی عێراق چارەنووسی ونبووان یەکلابکاتەوە، کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو بکاتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 02-08-2023، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "نۆ ساڵ بەرلە ئێستا و لە رۆژی سێی ئابی ساڵی 2014دا جارێکی دیکە پێکهاتەیەکی رەسەنی دیکەی کۆمەڵگەکەمان رووبەڕووی دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی بووەوە، لە رۆژی 3/ 8 / 2014 تیرۆریستانی رێکخراوی بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) پەلاماری شاری شنگال و دەوروبەریان دا و لە ئاکامدا خەڵکە سڤیلەکەی ئەو دەڤەرە دووچاری کوشتنی بە کۆمەڵ، رفاندن، ئاوارەبوون، ماڵوێرانی و جینۆساید بوونەوە".
 
عادل مەلا ساڵح، گوتەبێژی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، یاسای قەرەبووکردنی کوردە ئێزدییە رفێندراوەکانی دەستی داعش، دوو ساڵ لەمەوبەر لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، بەڵام تائێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ نەکراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراواندا هاتووە، "هەزاران هاونیشتمانیی ئێزدی بوونە قوربانی و کۆمەڵکوژکران و بە هەزاران کەسی دیکەشیان لەلایەن تیرۆریستانەوە رفێنران و تائێستاش چارەنووسى هەزاران قوربانی نادیارە، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 360 هەزار لە دانیشتووانە رەسەنەکەی ئاوارەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بوون."
 
لە هێرشی داعش بۆ سەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد و هەزاران کەسیشی رفاند. تاوەکو ئێستا 2713 کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن کە 1270 کەسیان ژن و 1443 کەسیان پیاون. 
 
لە هێرشەکەی 3ی ئابی 2014ی داعشدا، تەنیا شوێن ئێزدییەکان هانایان بۆ برد چیای شنگال بوو؛ ئەوانەی لە شەڕەکە هەڵاتن روویان کردە چیای شنگال؛ دواتر لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان زۆرینەیان لە رێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.
 
تاوەکو ئێستا 3570 کەس لەو رفێندراوانە رزگارکراون کە 339 پیاو و 1214 ژنن و ئەوانی دیکەش منداڵی کچ و کوڕن.
 
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، "داعش لەگەڵ هاتنیدا هەموو ئامراز و رێگەیەکی دژ بە بەها ئایینی و مرۆڤایەتییەکان گرتەبەر بۆ تێکدانی دیمۆگرافیا و شوناسی نەتەوەیی و ئایینیی هەزاران ساڵەی ناوچەکە، تێکدانی پەرستگەکانیان، بە زۆر گۆڕینی ئایین و باوەڕی دێرینیان، کوشتنی بە کۆمەڵ، بە کۆیلە کردنیان و دەستدرێژیی هەمەچەشنە، کە دواجار ئەم جۆرە تاوان و رەفتارە دزێوانە لەژێر رۆشنایی یاسای نێودەوڵەتیدا دەچێتە خانەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و تاوانی جینۆساید".
 
بەپێی راگەیێندراوەکی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا لەماوەی نۆ ساڵی رابردوودا بەردەوام بووە لە خزمەتکردنی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە هەمانکاتدا بەردەوامیش بووە لە گەڕان و بەدواداچوونی ونبووانی ئەم تاوانانە و گەڕانەوەی بەشێکیان بۆ ناو کەسوکار و خێزانەکانیان، هەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال، بۆ ئەم مەبەستەش هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان لیژنەی باڵای بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش دژ بە ئێزیدییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی دیکە هەیە لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ناسراو بە (یونیتاد)" 
 
پەرلەمانی کوردستان رۆژی سێی ئابی هەموو ساڵێکی بە رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدیی ناساندووە. لەبارەی کەسوکاری قوربانییەکانیشەوە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، "ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ هەر خزمەتێکی شایستە بە کەسوکاری قوربانییان و کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان بە گشتی."
 
وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان داوا دەکات حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی ئەرکی دەستووری خۆیدا هەستێت بە دیاریکردنی چارەنووسی ونبووان، رزگارکردنی زیاتری رفێندراوان، قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییان، گەڕانەوەی ئاوارەکان، کەمکردنەوەی مەینەتییەکانیان، دابینکردنی ماف و ئیمتیازاتى یاسا بەرکارەکانى عێراقى فیدراڵ و هاوئاهەنگیى نێوان هەردوو حکومەت بۆ دروستکردنى گۆڕستانێکى تایبەت و مۆنۆمێنتێکى شایستە بۆ قوربانییانى ئەو جینۆسایدە لە شنگال.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.