وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا بۆ رووداو: سەرکەوتووترین هاوئاهەنگیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە

02-08-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئیستۆنیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا بە رووداوی راگەیاند، سەرکەوتووترین هاوئاهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بواری سیستمی زانیاریدا هەبووە، کە پێکهاتووە لە دروستکردنی سیستمی زانیاری بۆ دادگەکانی پارێزگای سلێمانی.
 
بریتا کیکاس، راوێژکاری میدیایی وەزارەتی دەرەوەی ئیستۆنیا ئەمڕۆ (چوارشەممە 2-8-2023) لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە "پەیوەندیی باشی ئیستۆنیا" لەگەڵ عێراق کرد و دەڵێت، لەنێوان 2003 و 2022 بەردەوام سەردانی عێراقمان کردووە و لە بەرنامەی سەربازیی و مرۆیی رۆڵمان هەبووە.
 
بریتا کیکاس گوتی ئیستۆنیا لە رێگەی بەرنامەی نیشتەجێبوونی ئەلیکترۆنییەوە 142 هاووڵاتیی عێراقی راکێشاوە کە 16 کۆمپانیایان دامەزراندووە.
 
کیکاس جەختیکردەوە کە "عێراق وڵاتی بەئامانجکراوی هاوکاری مرۆیی و سەقامگیریی ئیستۆنیا بووە."
 
ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ هانۆ پێڤکۆر، وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی لەلایەن رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا، بڕیارە لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی هەرێمی کوردستاندا کۆببێتەوە.
 
ئامانج لە سەردانەکەی وەزیری بەرگریی ئیستۆنیا، پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوولایە، هاوکات سەردانی یەکە سەربازییەکەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
مانگی چواری ئەمساڵ، یەکەیەکی سوپای ئیستۆنیا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە هەولێر جێگیرکرا، ئەرکیان پاراستنی بنکە سەربازییەکان، وەڵامدانەوەی خێرا و پاراستنی کەسایەتییە پلەباڵاکانە.
 
یەکەکە لە 110 سەرباز و ئەندامی بەرگریی ئیستۆنی پێکدێت کە سەر بە بەتالیۆنێکی پیادە و هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەو وڵاتەن. ئەو یەکەیە شوێنی هێزێکی هۆڵەندی گرتەوە و بۆ ماوەی شەش مانگ لە هەولێر دەمێننەوە.
   
ئیستۆنیا لە ساڵی 2016ـەوە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا، تەنیا 5 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بوون. ئەو وڵاتە هەروەها لە ئۆپەراسیۆنی "ئازادکردنی عێراق" لە ساڵی 2003 بۆ 2009 و ئەرکی ناتۆ لە عێراق لە ساڵی 2005 بۆ 2011، هەروەها لە 2018 تاوەکو ئەمڕۆ بەشدار بووە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە