رووداو دیجیتاڵ
لە نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 1ـی تەممووزەوە لە شارەکانی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و شارەکانی ئەلباب و راعی لە باکووری سووریا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپێشاندەرانی لایەنگری ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای تورکیا و هێزەکانی سەر بەوەوە، بەردەوامە.
دوو هۆکاری سەرەکی لەپشت ئەم خۆپێشاندان و گرژییانەوەن؛ یەکەم ئامانج لێی سەرکۆنەکردنی نزیکبوونەوەی حکومەتەکانی سووریا و تورکیایە. دووەم، گرژییەکان لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان لەلایەن گەنجێکی سوورییەوە لە تورکیا هاتن. دوای ئەو رووداوە تورکەکان لە شاری قەیسەری هێرشیان کردە سەر پەنابەرانی سووریا و شکاندنی دووکان و شوێنی مانەوەیان و داوای ناردنەوە و رۆیشتنەوەی پەنابەرانی سووریایان لەو وڵاتە کرد. بەهۆی گرژییانەوە پۆلیس نزیکەی 70 کەسی دەستگیرکردووە.
لە عەفرینی رۆژئاوای کوردستان لە بەردەم باڵەخانەی حکومەت و بەنداوی عەفرین چەکدارانی لایەنگری تورکیا تەقەیان لەو خۆپێشاندەرانە کرد کە داوای دەرکەوتنی سوپای تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان و ئەو دیمەنانەی ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردوونەتەوە، خۆپێشاندەران دەروازەی سەرەکیی شاری ئەلبابیان لە بەردەم بارهەڵگرەکانی تورکیا داخستووە و هێرشیان دەکەنە سەر و بەشێکیان دەسووتێنن.
خۆپێشاندەران لە شاری ئەعزاز ئاڵای تورکیایان لەسەر بەشێکی باڵەخانە حکومییەکان داگرت کە سەر بە تورکیان.