گالەری


رووداو دیجیتاڵ

لە سنووری قەزای شەقڵاوە بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان فێستیڤاڵی ئۆفرۆد بەڕێوەچوو کە 75 شۆفێر بەشدارییان تێدا کرد.
 
شۆفێران پێش بەشداریکردن لە پێشبڕكێکە، پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن، هەروەها چەندین پارچە ئاسن بۆ بەهێزکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاردەهێنن، جگە لەوەش، هەوای نێو تایەی ئۆتۆمبێلەکان کەم دەکەنەوە، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی خۆیان.
 
سەدان هاونیشتمانی بۆ بینینی دیمەنەکان لە نزیکەوە، چوونە شەقڵاوە و سەیری پێشبڕكێکەیان کرد. لە هەرێمی کوردستان 12 گرووپی جیاواز هەن و ساڵانە پێشبڕكێی تایبەت بە خۆیان رێکدەخەن، ئەمساڵ ئەو 12 گرووپە بەیەکەوە ئەم فێستیڤاڵەیان کرد. 
 
ماوەی پێشبڕكێکە هەزار و 200 مەتر بوو؛ مەریوان مەسیفی توانی پلەی یەکەمی فێستیڤاڵەکە بەدەست بهێنێت بە خێرایی 3 خولەک و 45 چرکە بەبێ ئەنجامدانی هیچ سەرپێچییەک. 
 
یاریی ئۆفرۆد لەنێو بەرزاییەکان و شوێنێک کە قوڕ و لیتەی لێبێت ئەنجامدەدرێت، شۆفێرانی ئەم یارییە بە پشتبەستن بە ئۆتۆمبیلی بەرز و بەهێز چێژ لە بڕینی رێگەی سەخت و ئەو شوێنانە دەبینن کە ئۆتۆمبیلی ئاسایی ناتوانێت پێیدا تێپەڕ بێت.