کوردستان

جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراق رێگریان لێدەکرێت زەویەکانیان بکێڵن. وێنەڵ رووداو- ئەرشیف
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە کەرکووک دەڵێت، ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق واژۆی راسپاردەی لیژنەی تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی جووتیارانی کوردی کردووە و لەمەودوا دەتوانن زەوییەکانیان بکێڵن.
17-02-2025، لەکاتی هەوڵدان بۆ کێڵانی زەوییەکانیان، جووتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و گرژی دروستبوو. دوای ئەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە ناردە کەرکووک.
محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوکاتەی لەگەڵ لیژنەکە کۆبووینەوە راسپاردەی زۆرمان بۆ چارەسەری کێشەکان پێدان، ئێستا خۆشبەختانە ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران چارەسەری کێشەکانی لە راپۆرتەکەدا واژۆ کردووە".
محەممەد ئەمین، کە لەکاتی گرژییەکەی 17ـی شوباتدا بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی عێراقییەوە لەسەر تراکتۆرەکەی راکێشرا و زۆرترین کاردانەوەی هەبوو دەڵێت: "بەفەرمی گوتیان سەرۆکوەزیران راپۆرتەکەی واژۆ کردووە، بەڵام دەبێت نووسراوەکە بگاتەوە کەرکووک، بەگشتی کێشەمان چارەسەر بووە و ئیتر دەتوانین زەوییەکانمان بکێڵین".
رێگرییەکان لە جووتیارانی کورد لەکاتێکدان، دوای چەند جارێک دواخستن بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، 21-01-2025 پڕۆژە یاسای گەڕاندنەوەی زەوی بۆ خاوەنەکانیان دەنگی لەسەر درا و بووە یاسا، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ رێکارەکانی ماون و نەچووەتە جێبەجێکردنەوە.
یاساکە پەیوەندیی بە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچە کێشە لەسەرەکانی دیکە هەیە. یاساکە تایبەت بوو بە گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ئەو کەسانەی کە بەگوێرەی هەشت بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی دەسەڵاتی پێشوو (بەعس) لێیان داگیرکرابوو.
42 گوند لە سنووری ناحیەی سەرگەڕانە. پێنج گوند کە سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکن و کێشەیان لەسەرە بریتین لە گوندەکانی: شەناغە، پەلکانە، سەربەشاخ، گابەرەکە و خەرابە.
ئەو زەوییانەی لەو چوار گوندەدا عەرەبی هاوردە ئاستەنگیان بۆ جووتیارەکان دروستکردووە، نزیکەی 40 هەزار دۆنم دەبێت.
خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق، ئەمڕۆ لە کاتی پێشوازیکردنی لە محەممەد ئەمین لە بەغدا گوتی: "لیژنەکە نووسراوی خۆی پێشکێشکی سەرۆکوەزیران کرد بۆ چارەسەپێی کێشەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە ئاگادارکراینەوە کە نووسراوەکە راستاندنی بۆ کراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ