دەرخستەیەکی نوێ بۆ تەواوکردنی دووسایدی کەلار - سلێمانی دەکرێت

02-03-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیاتر لە دوو ساڵە کار بۆ بە دووسایکردنی رێگەی کەلار - سلێمانی دەکرێت. بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان دەڵێت، تاوەکو دەربەندیخان کراوەتەوە. قایمقامی دەربەندیخانیش ئاماژە بەوە دەکات، دەرخستەیەکی نوێیان ئامادەیە بۆ تەواوکردنی رێگەی قەزاکەیان بە سلێمانی.
 
پڕۆژەی بە دووسایکردنی رێگەی سلێمانی - کەلار، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەڵام قەیرانەکان و تەرخاننەکردنی پارە بوونە هۆکاری راگیران و دواکەوتنی پڕۆژەکە.
 
ئەندازیار عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگەوبانی گەرمیان ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێگەی دووسایدی کەلار - دەربەندیخان کراوەتەوە و تەواو بووە و ئێستا هاونیشتمانییان بەکاری دەهێنن".
 
رێگەکە هەر سایدێکی 40 کیلۆمەترە و بەگشتی 76 کلیۆمەتری تەواو بووە. عەدنان خەلیل دەڵێت: "تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی لە کۆمپانیای جێبەجێکار وەرنەگیراوە، چونکە کاری کەمی تێدا ماوە".
 
هەر ئەمڕۆ سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە دەربەندیخانەوە بۆ سلێمانی تەنیا 10 کیلۆمەتر ماوە هەمووی ببێتە دوو ساید، چونکە لە ناحیەی زەڕایەنەوە تاوەکو سلێمانی دوو سایدە".
 
بۆ ئەوەی تەواوی رێگەی سلێمانی - کەلار ببێتە دووساید، لە تونێلی دەربەندیخان بۆ گوندی چنارە ماوە بکرێتە دووساید، قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: "بەڕێز قوباد تاڵەبانی بەڵێنی داوە ئەو 10 کیلۆمەترەش بکرێتە دووساید، بۆ ئەوەش وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی راسپاردووە".
 
سلێمان محەممەد گوتیشی: "دەرخستە ئامادەکراوە بۆ دووسایدکردنی گوندی چنارە بۆ دەربەندیخان و ئەوەی ماوە نووسراوی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و پەسندکردنی".
 
رێگەی کەلار بۆ سلێمانی، جگە لە بەستنەوەی ئیدارەی گەرمیان و قەزا و ناحیەکانی سنوورەکە بە سلێمانی، یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی بەستنەوەی نێوەڕاست و خوارووی عێراق بە پارێزگای سلێمانی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوای حەوت ساڵ تەنێکی پزیشکی لە جەستەی نەخۆشێک دەردەهێندرێت.

لە هەولێر دوای 7 ساڵ تەنێکی پزیشکی لە جەستەی نەخۆشێک دەرهێندرا

لە رووداوێکی دەگمەندا، دوای 7 ساڵ لە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، تەنێکی پزیشکی لە جەستەی پیاوێک لە هەولێر دۆزرایەوە و بە نەشتەرگەرییەکی دیکە دەرهێندرا. ئەم رووداوە بووەتە جێی سەرنجی رای گشتی و سەندیکای پزیشکانیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە.