حوسێن قائیدی: تاوەکو ئێستا چارەنووسی 2,832 کوردی ئێزدی دیارنییە

02-03-2025
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا شەهیدکردنی پێنج هەزار کوردی ئێزدی بە دەستی داعش پشتڕاستکراوەتەوە و گوتیشی: "چارەنووسی دوو هەزار و 832 رفێندراو دیارنییە."
 
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەکە، تاوەکو ئێستا شەهیدبوونی 5 هەزار کوردی ئێزدی یەکلایی بووەتەوە کە بووەتە هۆی هەتیوبوونی دوو هەزار و 745 منداڵ.
 
بەپێی ئامارەکە، تاوەکو ئێستا 93 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە رووفاتی کوردی ئێزدییان تێدایە و لە ساڵانی 2014-2017 بە دەستی چەکدارانی داعش شەهید کراون، هەروەها دەیان گۆڕی تاکەکەسیش دۆزراونەتەوە.
 
نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزیدی لە هەرێمی کوردستان کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانییە، وردەکاریی ئامارەکان دەخاتە روو:
 
رفێندراو

 

6,417 کەس
3,548 مێ
2,869 نێر
 
رزگارکراو

 

3,585 کەس
1,211 ژن
339 پیاو
1,074 کچ
961 کوڕ
 
ژمارەی رفێندراوان کە بە دەستی داعش شەهید کراون و تەرمەکانیان لە نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکان دۆزراونەتەوە و رادەستی ماڵباتەکانیان کراون: 274 کەس؛ 37 مێ و 237 نێر. 
 
بێسەروشوێن

 

2558 کەس
1225 مێ
1333 نێر
 
ژمارەی ئاوارە ئێزیدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین: 135,860 ئاوارە، بەڵام ژمارەی ئاوارەکان کە لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کوردستان دەژین 189,337 ئاوارەن.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەکە قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "دوای ساڵی 2017 نووسینگەکە لەلایەن کاک نێچیرڤان بارزانییەوە دامەزرێنرا و چەند دۆسیەیەکی جیاوازی کردەوە، (دۆسیەی عێراق، سووریا، رۆژئاوای کوردستان و وڵاتانی دەرەوە).
 
حوسێن قائیدی گوتی: کاک نێچیرڤان رایسپاردووین کە تاوەکو چارەنووسی دوایین کوردی ئێزدی یەکلایی نەکەینەوە، کۆڵ نەدەین و بەردەوام بین. "لەم رۆژانەدا کەسێکی دیکە رزگار دەکەین و گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی رادەگەیێنین."
 

 

 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە