رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)، بەهۆی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەوە لە چەند ساڵی رابردوودا، 183 گوند لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی چۆڵکراون و 602 گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە. هەر بەهۆی شەڕەوە 405 گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.
زۆرترین گوند کە پشکی شێری زیانەکانی شەڕیان بەرکەوتووە لە پارێزگای دهۆکن کە 527 گوندن. پاشان لە پارێزگای هەولێر 415 گوند، دواتر لە پارێزگای سلێمانی 233 گوند و لە سنووری شنگالیش 15 گوند.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی، ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە 183 گوند کە بەهۆی هێرشی تورکیاوە چۆڵکراون، 107 گوندیان لە پارێزگای دهۆک بووە، 65 گوند لە پارێزگای هەولێر، 8 گوند لە پارێزگای سلێمانی بووە و سێ گوندیش لە سنووری شنگال".
بە گوتەی کامەران عوسمان، کە رێکخراوەکەیان بەشێوەی مەیدانیی سەردانی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و تۆماری ئەو پێشێلکارییانە دەکات لەلایەن تورکیا و ئێرانەوە دەکرێن، 602 گوند مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە.
ئەو ئەندامەی سی پی تی دەڵێت: "ئەو گوندانەی مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە پێشتر خانەوادە و خێزانی زۆری تێدابووە، بەڵام بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی سوپای تورکیا بەشێکی زۆری گوندنشینەکانی چۆڵیان کردووە و بەشێکی کەمیان ماونەتەوە".
ئەو ئەندامەی سی پی تی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەهۆی شەڕەوە 405 گوند کە بەهۆی پڕۆسەی ئەنفال، شەڕی پێشمەرگە و رژێمی پێشووی عێراق، شەڕی داعش چۆڵ بوون، بەهۆی بۆردوومان و لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیا، لە دوای کۆتاییهاتنی رژێمی بەعس و شەڕی داعشیش، دانیشتووانەکانیان نەیانتوانیوە ئاوەدانیان بکەنەوە".
ئەوە لەکاتێکدایە، پڕۆسەیەک بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان کە هێشتا ناوێکی فەرمی لێ نەنراوە دەستیپێکردووە، پڕۆسەکە رۆژی 27ـی شوبات قۆناخێک چووە پێش کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرەیەک بکات و چەک دابنێت.
دواتر رۆژی یەکی ئادار، پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاگربەستی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ چەکدانان پابەندی بانگەوازی رێبەرەکەیان دەبن و بۆ ئەوەش چەند مەرجێکیان خستەڕوو.
بەگوێرەی ئاماری سی پی تی، "لە 01-01-1991ـەوە 721 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا، کە 353ـیان گیانیان لەدەستداوە و 368ـیشان برینداربوون."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ