رووداو دیجیتاڵ
سنووری چیای لینکێ لە دهۆک بۆردوومان کرا. بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆردوومانەکە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە بووە و گەریلاکانی پەکەکەش وەڵامیان داوەتەوە.
هێرشەکە نزیک کاژێر 01:04ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە 02-03-2025) لە چیای لینکێ لە ناحیەی دێرەلووکی پارێزگای دهۆک کراوە.
شایەتحاڵێک لە سنوورەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "شەڕەکە سەخت بوو؛ دەنگی تەقەی زۆریش دەهات و دڵەڕاوکێی لای خەڵک دروستکرد."
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لەو هێرشەدا هیچ هاونیشتمانییەکی سڤیل نەبووەتەوە قوربانی.
کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (CPT)ـی ئەمریکی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێرشەکە بە هێلیکۆپتەر بووە و پەکەکەش بە تەقەکردن وەڵامی داوەتەوە. هێرشەکە ماوەی 45 خولەکی خایاندووە."
تائێستا سوپای تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان لەبارەی ئەو شەڕەوە هیچ زانیارییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە.
هێرشەکە لەکاتێکدایە، دوای داواکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ـی شوبات بۆ چەکدادانی گەریلا، دوێنێ پەکەکە رایگەیاند، پابەندنی بڕیاری رێبەرەکەیان دەبن.
لە پەیامەکەدا پەکەکە تاکلایەنە ئاگربەستی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، تەنیا لە کاتی بەرگریدا وەڵام دەدەنەوە و هێزەکانیان هیچ چالاکییەک ناکەن.
لە دوای پەیامەکەی رێبەری پەکەکەوە، ئەوە هەشتەم بۆردوومانی سوپای تورکیایە لە هەرێمی کوردستان، کە دووانیان لە سنووری پارێزگای هەولێر بوون، شەشەکەی دیکەش لە پارێزگای دهۆک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ