لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە لە سێمێل کەسێک کوژرا

02-03-2024
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
نیشانەکردن سێمێل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە کۆمەڵگەی رزگاریی سنووری قەزای سێمێل، ئەمڕۆ لە ئاهەنگێکی بووکگواستنەوە دا شەڕ لەنێوان چەند ئامۆزایەک روویدا، لەئەنجامدا کەسێک بە گوللـە کوژرا و دووانی دیکەش بریندار بوون.
 
یونس زاهیر، نوێنەری قەرەجەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (شەممە، 2-3-2024) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕەکە لەنێوان چەند کەسێک کە ئامۆزای یەکدی بوون، روویداوە و تەقە کراوە، بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە.
 
نوێنەری قەرەجەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی کوژراوەکە، گوتی تەمەنی 49 ساڵە، بریندارەکەش برینەکەی سووکە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
 
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە رووداو گوت "هێزێکی زۆری ئەمنی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و شەڕەکە کۆنترۆڵکراوە."
 
لەبارەی هەمان رووداو، ئێوارەی ئەمڕۆ پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، رووداوەکە بەدیاریکراوی کاژێر 02:00ـی دوانیوەڕۆ لەئەنجامی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە روویداوە و سێ کەس بریندار بوون، دوای ئەوەی گەیەندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک، پیاوێکی تەمەن 50 ساڵ بەناوی ئیدریس رەمەزان گیانی لەدەستدا.
 
پۆلیسی دهۆک هەروەها رایگەیاند لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستیپێکردووە، "لە دەستپێکەوە دیارە ئەو شەڕە لەئەگەری کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە بووە."
 
کۆمەڵگەی رزگاری بە دووری حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی قەزای سێمێل لە پارێزگەی دهۆک و تایبەتە بە قەرەجەکانی ئەو سنوورە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە