رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، کارکردن بە چڕی لە دووسایدی هەولێر – کۆیە دەستیپێکردووە و هەوڵدەدرێت پێش وادەی دیاریکراو، پڕۆژەکە تەواو بکرێت.
خەتاب قادر دەروێش، بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر، ئەمڕۆ (یەکشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هەرچەند فەرمانی فەرمی دەرنەکراوە، بەڵام کارکردن بە چڕی لە رێگەی هەولێر – کۆیە دەستیپێکردووە و بەردەوامە."
رێگەی دووسایدی هەولێر – کۆیە 37 کیلۆمەترە.
خەتاب قادر دەڵێت "بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە 1275 رۆژ دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی چڕیی کارەکان و پلاندانان بۆ چڕترکردنەوەی کار، پێدەچێت بەر لەو کاتەی دیاریکراوە، تەواوبکرێت".
بودجەی پڕۆژەکە 560 ملیار دینارە، بەڵام بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، هەندێک پێویستی دیکە زیادکراون و بودجەکە دەگاتە 600 ملیار دینار.
پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر - کۆیە، ساڵی 2011 بە گوژمەی 461 ملیار دینار دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تەنیا 100 ملیار دیناری بۆ خەرج کرا و دواتر راگیرا.
بەرپرسێک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "پڕۆژەکە لە کەسنەزانی هەولێرەوە دەستپێدەکات، بەشێکی پێش ساڵی 2014 تەواو کراوە، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیرابوو".
10-10-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەکەی دانا و رایگەیاند "شۆڕشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری" دەگەیێننە هەموو ناوچەکان بەبێ جیاوازی.
رێگەی کۆیە هەولێر یەکێک لە رێگە قەرەباڵخەکانی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ