رووداو دیجیتاڵ
مانگێکە سوپای عێراق لەنێو پێنج خانووی گەڕەکی نەورۆزی کەرکووک جێگیرکراون و داوای چۆڵکردنی 117 خانووی دیکەی گەڕەکەکە دەکەن.
محەممەد میراودەلی هاونیشتمانییەکی کەرکووکە، لەنێو خانووەکەیدا لە گەڕەکی نەورۆز ئۆتۆمبێلی سوپا جێگیرکراوە، بەگوتەی خۆی خەریکی نۆژەنکردنەوەی خانووەکەی بووە کاتێک سوپا لێی داگیرکردووە و پێیان گوتووە، نزیکی خانووەکەی نەکەوێتەوە.
محەممەد دەڵێت، "ئەمە خانووی من و ماوەی مانگێکە سوپای عێراقی تێدا جێگیرکراوە و تاوەکو ئێستا دەرنەچوون، من لەبەر نۆژەنکردنەوە خانووەکەم چۆڵکردبوو و ئێستاش پێداویستی نۆژەنکردنەوە و کەلوپەلی نێو ماڵی تێدایە و بەبێ پرسی من چوونەتە نێو خانووەکەمەوە".
خاوەنی ئەو خانووانە لەگەڵ نزای رۆژانە، هەفتانە نوێژی بەکۆمەڵیش دەکەن.
ماوەی مانگێکە 172 خێزانی ئەم گەڕەکە مانیانگرتووە و خێوەتیان هەڵداوە، وێڕای گوشار و هەوڵەکانیان هێشتا کێشەکانیان چارەسەر نەکراون و ئەو هێزەی سوپای عێراق نەکشێنراونەتەوە، کە لە گەڕەکەکە بڵاوەیان پێکراوە.
فەرمان محەممەد، نوێنەری مانگرتووانی گەڕەکی نەورۆز دەڵێت، "30 رۆژە ئەم خێوەتە هەڵدراوە و خەڵکی گەڕەکی نەورۆز بە پشتیوانی خەڵکی کەرکووک لێرە ماون و پێداگیرن لەسەر داواکارییەکانیان، بۆیە هەرچی زووە داوا دەکەین پەلە بکەن لە کشاندنەوەی ئەو هێزەی سوپا کە لەنێو گەڕەکەکەدایە و دۆخی گەڕەکەکە ئاسایی بکەنەوە و کێشەکانمان چارەسەر بکرێت".
جگە لە گەڕەکی نەورۆز، لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووکیش خەڵکی گرد دەبنەوە لە دژی بڕیارێکی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە داوای چۆڵکردنی 42 خانوو دەکات.
لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوتی باکوور، دادگەی کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ 41 کەس دەرکردووە و داوای قەرەبووکردنەوەی 21 ساڵ بەکارهێنانی خانووەکانیان لێدەکرێت.
شامل حەمەغەریب، دانیشتووی گەڕەکی عەرەفە دەڵێت، "لە ساڵی 2003وە من هەرچی پارەم دەستکەوتووە لەم خانووەدا خەرجمکردووە تاوەکو بۆ نیشتەجێبوون بگونجێت، ئەو کاتەی ئێمە هاتینە ئێرە خانووەکان هەیکەل بوون، ئێستا دوای 21 ساڵ هاتوون دەیانەوێ دەرمانبکەن، بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە و رەوانەی بەشی تاوانەکان کراوە؛ بۆ من خەڵکم کوشتووە تاوەکو کەیسم بچێتە ئەو شوێنە؟".
ماوەی مانگێکە بڕیاری چۆڵکردنی خانووی زیادەڕۆ گەڕەکە کوردییەکانی نەورۆز، عەرەفە، رووناکی و تۆپزاوای گرتووەتەوە و ئیدارەی کەرکووک دەیەوێت بە گوشاری هێز و بڕیاری دەستگیرکردن، خانووەکانیان پێ چۆڵبکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ