کەمیی کارەبا و خزمەتگوزاری رێگای نێوان سلێمانی - هەولێری بە داخستن دا

02-01-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
گوندنشینان لە دۆڵی خەلەکان شەقامەکە دادەخەن.
گوندنشینان لە دۆڵی خەلەکان شەقامەکە دادەخەن.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ دانیشتووانی 17 گوندی ناحیەی خەلەکان بەهۆی کەمیی کاژێرەکانی کارەبا و خزمەتگوزارییەوە گردبوونەوە و رێگەی نێوان سلێمانی – هەولێریان بەڕووی بارهەڵگرەکاندا داخست. 
 
خۆپێشاندەرێک دەڵێت، رۆژانە سێ کاژێر کارەبای نیشتمانییان هەیە، لە کاتێکدا گوندەکەیان موەلیدەی نییە.
 
دایە کیژان زیاتر لە 30 ساڵە ماڵیان لە گوندی باداوانە لە دۆڵی خەلەکان، ئەو گلەیی لە نەبوونی کارەبای مۆلیدەی کەرتی تایبەت و خراپی دۆخی کارەبای نشتیمانی لە گوندەکەیان دەکات.
 
کیژان محەممەد دەڵێت، "ئێوارە لای خۆرئاوابوون کارەبامان دەدەنەوە خەنی دەبینەوە، بەڵام کە کارەبا هاتەوە لەسەر نان خواردن دەیکوژێننەوە و دوایی هەڵیدەکەنەوە، گاڵتەمان پێدەکەن، هەر نەماندەنێ باشترە".
 
خەڵکی ئەو گوندانە گردبوونەتەوە و شەقامەکەیان بەڕووی ئۆتۆمبێلی تانکەر و بارهەڵگرەکاندا داخستووە.
 
هەڵمەت عەزیز، دانیشتووی گوندی کانی وەتمانە و باس لەوە دەکات، "ناڵێین کارەبایەکی 24 کاژێری، بەڵام کارەبایەکی باشمان بدەنێ دڵمان پێی خۆشبێ، شەوانە بۆ خۆت بەو دۆڵەدا وەرە تەماشای بکە لە دوای 12 و 1ی شەو تاریکە و هیچ دیار نییە".
 
ئەو شەقامگرتنە شۆفێری بارهەڵگرەکانی نیگەران کردووە، ئەگەرچی دەڵێن، لە داواکاریی دانیشتووانی ئەو گوندانە تێدەگەن.
 
عەبدلحەق ئیسماعیل، شۆفێری بارهەڵگرە و گوتی، "ئەم برادەرانە هاتنە سەر شەقام، منیش یەکسەر ئۆتۆمبێلەکەم راگرت، دەزانم کێشەیان هەیە، ئەمن و ئەوی دی و ئەوی دی، بەس کێشەکە تەنیا هی ئەوان نییە، هی ئێمەی شۆفێریشە".
 
دروستبونی قەرەباڵخی و ئاستەنگی هاتووچۆ بەهۆی داخرانی رێگاکە، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکانی هێنایە نێو خۆپێشاندەران.
 
کامەران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری شارۆچکەی خەلەکان بە رووداوی گوت، "ئەوەی کە ئەوان دەیکەن بە حەق و رەوای دەزانم چونکە ناحەقی و نادادییەکی زۆر هەیە لە دابەشکردنی کارەبا و لە خزمەتگوزاری رێگاوبان لەم سنوورەدا".
 
لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا ئەوە دووەمین جارە بەهۆی وەڵامنەدانەوەی داواکاریەکانیان گوندنشینان لە باداوان رێگاکە دادەخەن.
 
جگە لە زیادکردنی پێدانی کاژێرەکانی کارەبای نیشتمانی، داواکارییەکی دیکەی گوندنشینانی دۆڵی خەلەکان چاککردنی 30 کیلۆمەتر رێگەی گوندی بێستانەیە بۆ قەزای دووکان کە زیاتر لە 12 ساڵە تەواونەکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە