دیداری زەڵمی لە هەولێر بەڕێوەچوو و لە دیدارەکەدا دۆکیۆمێنتارییەک لەسەر ژیانی د. مستەفا زەڵمی نمایش کرا. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەوێ گوتی، ''پابەندین بە درێژەدان بە رێگەی د. مستەفا زەڵمی و بەهێزکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی مرۆڤ''.
بەر لە کۆچی دوایی، ناوبانگی د. مستەفا زەڵمی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تێپەڕیبوو، بە جۆرێک کە ساڵی 2013 لە لایەن ئەحمەد تەیب، شێخی ئەزهەر، لە قاهیرەی پایتەختی میسر، خەڵات کرا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، گوتاری بنەماڵەی د. مستەفا زەڵمی، لە لایەن کوڕەکەی، مەسعود مستەفا زەڵمی خوێندرایەوە.
مەسعود مستەفا، بۆ ''یارمەتیدان و دڵسۆزی بۆ نووسەرانی کوردستان''، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی کرد و گوتی، ''ئێمە هەرگیز ئەو هەڵوێستەی لەیاد ناکەین، کاتێک هەوڵی زۆری دا، بۆ ئەوەی رەوانشاد لە غوربەتەوە بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
هەر لە دیدارەکەدا، د. محەممەد شەریف، سەرۆکی کۆڕبەندی هزری ئیسلامیی کوردستان گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''مامۆستا مستەفا، چەقبەستوویی شەرع و ئیجتهادی شکاند کە لە نێو مامۆستایانی ئایینیی کورددا لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەبوو".
د. محەممەد شەریف باسی لە یەکەم دیداری نێچیرڤان بارزانی و د. مەستەفا زەڵمی کرد و گوتی: ''جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە بۆ یەکەم جار مامۆستای بینی، زانی کە ئەوە جەوهەرێکە و لەگەڵ هەموو مامۆستاکانی دیکە جیاوازە".
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی لە رێوڕەسمەکەدا پێشکێشکرد و لەبارەی کەسایەتیی د. مستەفا زەڵمی گوتی، ''خوالێخۆشبوو زەڵمی، تەنیا زانا و بیرمەندێک نەبوو، بەڵکو هێمای چاکسازی و نوێکردنەوە بوو لە بیری ئیسلامی و یاساییدا".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، د. مستەفا زەڵمی بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و مرۆڤانەتر ژیا و ''توانی بەها ئایینییە جێگیرەکان و پێداویستییەکانی سەردەمی نوێ پێکەوە کۆبکاتەوە، بەوەش کارێکی گەورەی گرد".
مستەفا ئیبراھیم محەممەد ئەمین، ناسراو بە د. مستەفا زەڵمی، له ساڵی 1924 له گوندی زەڵمی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە. زیاتر له 50 كتێب و 40 توێژینەوەی لەبارەی شەرع و یاسا نووسیوه و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی جیهانی ئیسلام بوو. 4ـی حوزەیرانی 2016 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.