بەدواداچوونێکی رووداو: خەرجیی یەک مانگی پەرلەمانی کوردستان 2.4 ملیار دینارە

01-12-2024
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو، پەرلەمانی کوردستان بە پەرلەمانتارەکانەوە، زیاتر لە 800 فەرمانبەری هەیە، کە 700 لەوانە فەرمانبەری باڵەخانەی سەرەکیی پەرلەمان و نووسینگەکانن لە شارەکانی دیکە، 100یان دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتارن.
 
ئەو 800 فەرمانبەرە، ئەگەر تێکڕای مووچەی فەرمانبەران جگە لە پەرلەمانتارەکان بە یەک ملیۆن دینار وەربگرین، 700 فەرمانبەرەکە بڕی 700 ملیۆن دینار وەردەگرن، هەروەها 97 پەرلەمانتار بڕی 790 ملیۆن دینار وەردەگرن، دەستەی سەرۆکایەتیش کە سەرۆک، جێگر و سکرتێرن، بڕی 34 ملیۆن دینار وەردەگرن.
 
دەستەی سەرۆکایەتی و پەرلەمانتاران، 368 پاسەوانیان هەیە، ئەوان بە پۆلیس هەژمار دەکرێن و سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، مووچەکانیان لە 900 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات، ئەگەر تێکڕا یەک ملیۆن دینار هەژمار بکرێت، دەکاتە 368 ملیۆن دینار.
 
جگە لە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، هیچ پۆستێکی نێوخۆیی فراکسیۆنەکان یان سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکان مووچەی زیادە وەرناگرن جگە لە لیژنەی یاسایی کە 500 هەزار دینار زیاتر وەردەگرن، ئەوەش لەبەرئەوەیە کە کاریان زیاترە و لە خولی پێنجەمدا 11 کەس بوون.
 
مووچەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان:
 
سەرۆکی پەرلەمان: 13 ملیۆن دینار
جێگری سەرۆکی پەرلەمان: 12 ملیۆن دینار
سکرتێری پەرلەمان: 9 ملیۆن دینار
ئەندامی پەرلەمان: 8 ملیۆن و 85 هەزار دینار
 
ژمارەی پاسەوانەکان:
 
سەرۆکی پەرلەمان: 40 پاسەوان
جێگری سەرۆکی پەرلەمان: 30 پاسەوان
سکرتێری پەرلەمان: 7 پاسەوان
پەرلەمانتار: 3 پاسەوان
 
نەسریەی پەرلەمان:
 
پەرلەمان دوو جۆر نەسرییەی هەیە:
 
1- جێگیر؛ ئیدارەدانی پەرلەمان، کڕینی سووتەمەنی، خواردن، ئۆتۆمبێل، پەڕاوگە و هتد.
 
2- ناجێگیر؛ ئەو پارەیەی لە نەسریەی جێگیر دەمێنێتەوە، دەستەی سەرۆکایەتی دەتوانن بۆ خزمەتگوزاری و خەرجی دیکە بەکاریبێنن.
 
لە خولی چوارەم، پەرلەمانی کوردستان بڕی یەک ملیار دینار نەسریەی هەبوو، بەڵام لە یاسای چاکسازیدا کە لە خولی پێنجەمدا پەسندکرا، ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن دینار کەمکرایەوە.
 
خانەنشینبوونی پەرلەمانتار:
 
لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، پەرلەمانتار لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی خانەنشین کرا، هەر پەرلەمانتارێک تەمەنی نەگەیشتبێتە 45 ساڵ و 15 ساڵ خزمەتی نەبووبێت، خانەنشین نەکراوە و گەڕاوەتەوە سەر کاری پێشووی خۆی.
 
هەروەها مووچەی خانەنشینان بەپێی بڕوانامە و ساڵانی خزمەت دەگۆڕێت، زۆرترین مووچە نابێ لە نیوەی مووچەی زیاتربێت، واتە نزیکەی چوار ملیۆن دینارە.
 
ئایا پەرلەمانتار خانوو و ئۆتۆمبێل وەردەگرێت؟
 
هیچ پەرلەمانتارێک خانوو و زەویی پێنادرێ، بەڵام لەماوەی پەرلەمانتاریدا، خانوو یان شوقەیەکی پێدەدرێ و ناوماڵی بۆ دابین دەکرێت تاوەکو کۆتاییهاتنی خولەکە تێیدا دەمێنێتەوە. هەروەها هیچ پەرلەمانتارێک ئۆتۆمبێل و سووتەمەنی وەرناگرێت.
 
چارەنووسی پاسەوانەکان دوای خانەنشینبوونی پەرلەمانتاران:
 
سەرجەم پاسەوانانی پەرلەمانی کوردستان، سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانن و لەسەر ئەو وەزارەتە مووچە وەردەگرن، دوای خانەنشینبوونی پەرلەمانتارانیش ئەرکەکەیان دەگوازرێتەوە بۆ ئەو وەزارەتە.
 
زۆربەی پاسەوانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەم، ئێستا لە مەشقدان بۆ گونجاندنیان لەگەڵ ئەرکەکانی پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە، تاوان و هاتووچۆ و هتد.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە