رووداو دیجیتاڵ
بارانبارین لە سنووری گەرمیانەوە دەستیپێکردووە و لە زۆرینەی شارەکانی دیکە ئاسمان هەورە. کەشناسیی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ئەمڕۆ و سبەی باران دەبارێت و چەقی شەپۆلەکە یەکشەممە دەبێت. کەشناسێکیش دەڵێت: "لە ناوچە نزمەکان ئەگەری لافاو هەیە".
بەگوێرەی راگەیێندراوی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ و سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان نیمچە هەور دەبێت؛ "لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان یەک بۆ سێ مللیمەتر باران دەبارێت".
محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسیی ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت: "لە بەیانیی ئەمڕۆوە بارانبارین لە گەرمیان و لە چەند ناوچەیەکی دیکە دەستیپێکردووە".
بە گوتەی ئەو کەشناسە: "سبەی شەممە لە هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، کەرکووک و ناوچەکانی دیکە تاوەباران و هەورە برووسکە دەبێت و هەندێک شوێن زۆر دەبێت و هەندێک کەم".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان: "ئێوارەی شەممە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆ، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و زۆرترین باران یەکشەممە دەبارێت".
رۆژی پێنجشەممە، ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات-ی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لێزمەبارانی لە رۆژانی شەممە و یەکشەممە دا: "ئەودوو رۆژە بۆ پاراستنی خۆتان و خێزانەكانتان، سەردانی سەیرانگە و ناوچە شاخاوییەكان مەكەن."
لەم شەپۆلەدا پلەی گەرما بەراورد بە دوێنێ زیاتر لە پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێت. محەممەد کەمال گوتی: "یەکشەممە بارانی باش و هەورە برووسکەی تووند لە هەموو شارەکان دەبێت. زۆرترین باران لە هەولێر، سلێمانی و کەرکووک دەبارێت".
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، شەپۆلەکە دووشەممە لاواز دەبێت و سێشەممە کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ