گالەری

رووداو دیجیتاڵ

چیرۆکی تراژیدیی سێ قوربانیی دیکەی ئاهەنگەکەی حەمدانیە لە گۆڕستانی قیامە، تاکە گۆڕستانی قەزاکە کۆتایی هات.
 
ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی فەرەج بترس عەبو قبش، سلڤانا نیهاد یەڵدا ئال یەرموتا و ئیمانە بەهنام مەتی دەعبوول کە پیاوێک و دوو ژنن، لە ئاهەنگەکەی حەمدانیە شەوی 26-9-2023 سووتابوون، بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریی چڕ بوون، بەڵام سەختیی برینەکانیان بووە هۆی گیانلەدەستدانیان.
 
دووان لەو بریندارانە لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسیی هەولێر و ئەوەی دیکەش لە نەخۆشخانەی موسڵ لەژێر چاودێریدا بوون، دوای گیانلەدەستدانیشیان رۆژی شەممە، (30-9-2023) لە کەنیسەی تاهیرەی گەورە لە حەمدانیە مەراسیمی ئایینیان بۆ کرا، دواتر لە هەمان گۆڕستان کە قوربانییەکانی دیکەی رووداوە کارەساتبارەکەی لێ نێژراوە، نێژران.
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی حەمدانیە، ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا دوایین ئاماری قوربانییانی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند "107 کەس گیانیان لەدەستداوە و 85 کەس بریندارن."
 
لیژنەکە یارییە ئاگرینەکانی بە سەرچاوەی ئاگرەکە زانی و رایگەیاند "بە ئەنقەست نەبووە". گوتیشی کەرەستەکانی بەکارهاتوو لە هۆڵەکە، مادە کحولییەکان، نەبوونی دەرگای فریاگوزاری، زۆریی ئامادەبووانی هۆڵەکە، کە 900 کەس بوون و پچڕاندنی کارەبا بە هۆکاری زیادبوونی قوربانیان دادەنرێت. 
 
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە راسپاردەکانیدا داوای لەسەرکارلابردن و دادگاییکردنی پێنج بەرپرسی سنوورەکەی کردووە لەنێویاندا قایمقامی حەمدانیە.