سنووری چەند گوندێکی بناری قەندیل بۆردوومانکران

01-10-2023
ئەبوبەکر ئیسماعیل
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاژێر 9:30 خولەکی ئەمشەو چەند گوندێکی بناری قەندیل بە فڕۆکە بۆردوومانکران. وەزارەتی بەرگریی تورکیاش دەڵێت، بۆردوومانی 20 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە باشووری کوردستان کردووە، "ژمارەیەکی زۆری گەریلا" لە بۆردوومانەکەدا گیانیان لەدەستداوە. 
 
نەهرۆ عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ناحیەی سەنگەسەری سەر بە ئیدارەی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە سنووری هەریەک لە گوندەکانی کوزینە، کوڵوڵە، بۆڵێ و دۆڵەڕەقە بۆردوومان هەبووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانرێت زەرەر و زیانی بۆردوومانەکان چین."
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، "ئۆپەراسیۆنێک بۆ لەنێوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان کراون. هەروەها پشت بەستن بە بڕگەی 51ـی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لە خۆکردنە لە باکووری عێراق؛ ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کراون." 
 
پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمشەوی تورکیاوە بۆ سەر بارەگاکانیان هیچ راگەیێندراوێکیان بڵاونەکردووەتەوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون و 20 ئامانج پێکراون.
 
ئەم بۆردوومانانە لەکاتێکدان کە چوارشەممەی رابردوو بەهۆی بۆردوومانی درۆنی تورکیاوە لە گوندی بۆکریسکانی بناری قەندیل ژنێکی تەمەن 57 ساڵ گیانی لەدەستدا و دوو هاونیشتمانی دیکەی گوندەکەش برینداربوون.
 
هاوکات، بەیانی ئەمڕۆ، 1-10-2023، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا تەقینەوەیەک لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا روویدا. نزیکەی 10 کاژێر دوای رووداوەکە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت، وەزارەتی ناوخۆی تورکیاش هێرشەکەی بە "خۆکوژیی" ناوبرد و گوتی، "یەکێک لە هێرشکارەکان خۆی تەقاندووەتەوە و ئەوەی دیکەش بە گولـلەی پۆلیس کوژراوە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە