ساڵی نوێی خوێندن لە کەرکووک دەستیپێکرد و بەشێکی مامۆستایان مانگرتنیان راگەیاند

01-10-2023
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کەركووک.
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە کەركووک.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بە بەشداریی 100 هەزار قوتابی و لە 525 قوتابخانە و باخچەی سەر بە خوێندنی کوردی لە کەرکووک زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا. بەشێکی مامۆستایانیش لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆیان دابیندەکرێت، مانیان گرتووە و دەڵێن تاوەکو شایستەکانیان پێنەدرێت ناچنە پۆلەکانی خوێندنەوە. 
 
رۆژی یەکشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2023، یەکەم رۆژی خوێندن لە کەرکووک دەستیپێکرد کە هاوکات بوو لەگەڵ دەستپێرکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق. ئەم ساڵ نزیکەی 13 هەزار قوتابی، لە پۆلی یەکی بنەڕەتی لە کەرکووک تۆمارکراون و ئەم ژمارەیەش بەراود بە ساڵی رابردوو، کە نۆ هەزار قوتابی وەرگیرابوون زیادیکردووە.
 
شێرزاد رەشید بەرپرسی بەشی خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی هەموو مامۆستایان و وانەبێژان دابین دەکات، هەموو کتێب و پێداویستیەکانی قوتابخانەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینی دەکات، ساڵی
رابردوو بڕی شەش ملیار دینار پێداویستی و کەرەستەی بۆ قوتابخانەکانی دابین کرد و دابەشمانکرد، بۆیە قوتابخانەکانی خوێندنی کوردی رێکوپێکترین و جوانترین قوتابخانەن لەسەر ئاستی پارێزگاکە."
 
بەشێک لە مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لە دژی داوای کەوتنی موچە و پێنەدانی شایستەکانیان مانیانگرتووە و دەڵێن بایکۆتی خوێندن دەکەن.
 
محەممەد جەلیل، یەكێکە لەو مامۆستایانە و دەڵێت، "زۆر داکۆکیمان کرد کە بایکۆت نەکەین، زیاتر لە 10 ساڵە ئێمە بایکۆت رەتدەکەینەوە و دژی بووینە لەبەر ئەوەی رەچاوی دۆخی کوردمان لە پارێزگاکە کردووە، بەڵام خۆزگە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رەچاوی دۆخی مامۆستایانی دەکرد، بەشێوەیەک کە کێشەکانیان چارەسەر بکات، چونکە ژمارەی ئێمە کەمە."
 
دوای پێنج کاژێر گربوونەوە، لە دوو خاڵدا داوایانکرد راژەکانیان بگوازرێتەوە سەر بەغدا و گوتیان ''تا کێشەی مووچەمان بۆ چارەسەر نەکرێت، ناچینە قوتابخانەکانمان و لە بایکۆتکردن بەردەوام دەبین. 
 
لوقمان ئەحمەد، نوێنەری مامۆستایانی مانگرتوو داواکارییەکانیان بەمشێوەیە خستەڕوو: ''گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بۆ سەر حکومەتی عێراق، موچەکانمان بکرێتە کی کات و هەموو مانگێک راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە مامۆستایان بدرێت بەبێ دواکەوتن، بێ بەشنەکردنی مامۆستایانی خوێندنی کوردی لە هەموو ئەو شایستانەی کە مامۆستایانی خوێندنی عەرەبی و تورکمانی هەیانە."
 
خوێندنی کوردی لە کەرکووک هەشت هەزار و 600 مامۆستای هەیە کە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێن، خواستی بەشێکیان گواستنەوەی راژەکانیانە بۆ سەر حکومەتی عێراق، بەڵام  تا ئێستا بەغدا وەڵامی فەرمیی نەداونەتەوە.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە