مامۆستایان و فەرمانبەرانی قوتابخانەکان 3ی ئەیلوول دەستبەکار دەبن

01-09-2023
محەممەد خۆشناو @muhammadkhoshna
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو 3ی ئەیلوول مامۆستایان و فەرمانبەران لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە قوتابخانەکانیانەوە بکەن و دەستبەکاربوونی ساڵی نوێی خوێندن بنووسن.
 
لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گشتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2023 - 2024 سەرجەم ئامادەکارییەکان تەواو بوون، ئەمساڵ هەر لە هاوینەوە پەرتووکی ساڵی نوێی خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانەکان دابین کراوە. رۆژی یەکشەممەی داهاتووش 3ی ئەیلوول مامۆستا و فەرمانبەران لە قوتابخانە و باخچەی ساوایان دەستبەکار دەبن.
 
هەروەها کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی 03-09-2023 سەرجەم مامۆستا و فەرمانبەرانی قوتابخانەکان لە سەرانسەری عێراق دەستبەکار دەبن.
 
لەبارەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنەوە سەید گوتی، "تائێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە."
 
لە سەرەتای مانگی تەممووزەوە، وەزارەتی پەروەدەی هەرێمی کوردستان ساڵنامەی خوێندنی بڵاوکردەوە. بەپێی ساڵنامەکە بڕیارە رۆژی چوارشەممە 13-09-2023 یەکەم زەنگی وەرزی نوێی خوێندن لە سەرجەم قوتابخانەکان لێبدرێت."
 
لوقمان سەعید دەڵێت، "لە سنووری پەروەردەی گشتیی هەولێر کە 7 پەروەردە لەخۆدەگرێت 1600 قوتابخانە هەن، بۆ ساڵی نوێ 471620 قوتابی دەوام دەکەن و 39092 مامۆستای میلاک و وانەبێژ و فەرمانبەریش دەستبەکار دەبن."
 
لەبارەی مامۆستایانی وانەبێژەوە کە ژمارەیان 7284 مامۆستایە، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر گوتی، "فەرمانی کارگێڕی بۆ سەرجەم وانەبێژەکان کە قوتابخانەکانیان داوای نوێکردنەوەی فەرمانەکانیان کردووە، تازە کراونەتەوە."
 
شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کەرکووک هاوشێوەی هەرێمی کوردستان بڕیارە یەکشەممەی داهاتوو زیاتر لە 8000 مامۆستا و فەرمانبەر لە خوێندنی کوردی لە کەرکووک دەستبەکاربن. لەوانەش 1040 وانەبێژن کە سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانن."
 
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی گوتیشی، لە کەرکووک زیاتر لە 100 هەزار قوتابیی خوێندنی کوردی هەن، کە لە 18 قوتابخانەی ئامادەیی، 160 قوتابخانەی ناوەندی، 320 قوتابخانەی سەرەتایی و 41 باخچەی ساوایان دەخوێنن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".