رووداو دیجیتاڵ
بەندکراوانی نەوجەوان لە چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان لە دهۆک کاری دارتاشی دەکەن. رۆژانە دوو کاژێر بە دەست و پەنجەکانیان تابڵۆ دەنەخشێنن.
موعتەسەم عەباس لە ساڵی 2005ـەوە دارتاشە و دەیان کەسی فێری ئەم کارە کردووە و ئێستاش شەش قوتابیی هەن و بەشێک لەوانەش چەند رۆژێکن دەستیان بەم کارە کردووە و بەشێکیشیان بەتەواوی فێری پیشەکە بوون.
موعتەسم دەڵێت، "لەنێو چاکسازیی ئێمە، هەر گیراوێک کە دێت، بەسەر وۆرکشۆپەکاندا دابەشیان دەکەین و ئەوانەی لای من کاردەکەن شەش کەسن. هەندێ جار مانگێک لام دەمێننەوە و دەست بە وۆرکشۆپێکی دیکە دەکەن. هەر شتێک پەیوەندیی بە دارەوە هەبێت دروستی دەکەین، وەکو کاتژمێر، تابڵۆ و جوانکاریی دیکە."
لەنێو چاکسازییەکەدا، 50 نەوجەوان هەن. بەگوێرەی خولیاکەیان بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشکراون؛ گرووپێک تابڵۆ دەنەخشێنێت، یەكێکی دیکە سەرتراشی دەکات. لەلایەکی دیکە، کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای سەردەم هەن و بۆ خانمانیش دروار، کاری دەستی هەن. بەرهەمەکانیشیان لەڕێگەی پێشانگاوە دەفرۆشرێت.
مەتین مووسا، بەرپرسی هێزی جێبەجێکار لە چاکسازییەکە دەڵێت، " لە ماوەی ساڵێکدا، دوو بۆ سێ جار پێشانگەیەکیان بۆ دەکەینەوە و میوان بانگهێشت دەکەین، ئەوانیش دێن تەماشا دەکەن، هەر بەندکراوێک کۆدێکی هەیە و ناوی لەسەرە، بەڕێگەی ئەو کۆدەوە دەزانین هەر بەرهەمێک هی کام بەندکراوە و بە چەند فرۆشراوە و دواتر داهاتەکەی رادەستی خۆی دەکەین."
چاکسازیی ژنان و نەوجەوانان دەیەوێت لەرێگەی ئەم خولانەوە، بەندکراوان سوود لەو کاتە وەربگرن کە لە گرتووخانەکەدا دەیبەنە سەر و بەشێوەیەکی چاکسازانە بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ