مەسعوود حەیدەر: پارتی وەک سەرۆکی یەکێتی مامەڵە لەگەڵ بافڵ تاڵەبانیدا دەکات

01-06-2022
گۆڤەند مستەفا
مەسعود حەیدەر، راوێژکاری سەرۆک بارزانی
مەسعود حەیدەر، راوێژکاری سەرۆک بارزانی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکارێکی سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت، پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی "ئەرێنین"، پارتی وەکو سەرۆکی یەکێتی مامەڵە لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانیدا دەکات و هەر بڕیارێک یەکێتی لەبارەی حیزبەکەیەوە بیدات ئەوان رێزی لێدەگرن.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-06-2022، مەسعود حەیدەر، راوێژکاری سەرۆک بارزانی میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆی ناوەندیی تۆڕی میدیایی رووداو لە هەولێرەوە پێشکێشی کرد.
 
سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەتی عێراق و گەیشتن بەو تێگەیشتنەی کە لەڕێگەی ئەو هاوپەیمانییە سێقۆڵییەی هەیە ناتوانرێت ئەو پرۆسەیە تێپەڕێندرێت، مەسعود حەیدەر گوتی: "بەبێ هاوپەیمانی سێقۆڵی، هیچ لایەنێک ناتوانێت هیچ شتێک لەناو پەرلەمانی عێراق بکات، چونکە ئەو هاوپەیمانییە 175 کورسی پەرلەمانی هەیە، بە بەشێک لە سەربەخۆکانیشەوە، بۆ نموونە لەو دانیشتنەی کە کرا 204 ئەندام ئامادەبوون، رەنگە بچێتە 210 ئەندامیش".
 
مەسعود حەیدەر رەتیدەکاتەوە ئەو هاوپەیمانییە سێقۆڵییە شکستی هێنابێت و دەڵێت: "هاوپەیمانییەکە بەردەوامە و هێندەی رۆژی یەکەم و زیاتریش بە تووندوتۆڵی ماوەتەوە، رێباز و دیدگاکەی وەکو خۆیەتی".
 
سەبارەت بە دروستبوونی لێکتێگەیشتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، راوێژکارەکەی سەرۆک بارزانی گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەی کە ئەنجامدرا، نەچوونەتە نێو وردەکاری ئەو گفتوگۆیانەوە، بەڵام تاوەکو رادەیەکی زۆر راشکاوییەکی باشی تێدابوو بۆ قسەکردن لەسەر کۆی بابەتەکان، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا، بەڵام نەچوونەتە نێو وردەکارییەکانەوە".
 
مەسعود حەیدەر رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد بە "گرنگ و پێویست" دەزانێت و دەشڵێت: "رێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد زۆر گرنگ و پێویستە، فاکتەری نێوخۆیی بۆ کورد زۆر بنچینەییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، ئێستاش زیاتر پێویستمان بەوەیە بەرگریی لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەمەش بەوە دەکرێت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە یەک ئاراستە لە بەغدا بەیەکەوە کار بکەن".
 
لەسەر بەبژێری سەرۆککۆماریش مەسعود حەیدەر ئاماژەی بەوەدا "رێبەر ئەحمەد بەربژێری پۆستی سەرۆککۆمارە، لە دوای ئەوە دەتواندرێت هەردوو مەکتەبی سیاسی گفتوگۆ لەسەر وردەکارییەکان بکەن، ئەمەش دەبێتە بڕیارێکی سیاسی، مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوانە هەڵدەسەنگێنێت بە چ ئاراستەیەک بڕیار بدات".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە