رووداو دیجیتاڵ
یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە و بەگوێرەی راگەیێندراوی هاوبەشی ئەو دوولایەنە، جەختیان کردووەتەوە لەوەی "ئەم رەوشە سیاسییەی دەگوزەرێت نە لە بەرژەوەندی خەڵکە و نە جێگەی رەزامەندی هیچ لایەکە"؛ دەشڵێن، نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوابکەوێت.
شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، باسیان لە گۆڕانکارییە سیاسییەکان و چۆنییەتی رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "بەوردی باس لە رەوشی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و هەردوولا جەختیان کردەوە کە ئەم رەوشە سیاسییەی ئێستا دەگوزەرێت نە لە بەرژەوەندی خەڵکە و نە جێگەی رەزامەندی هیچ لایەکە؛ بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵی باشکردن و رێکخستنەوەی نێوماڵی کورد بدەن و تەبایی نێوخۆیی بەرپا بکەنەوە."
ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولایان "هاوڕا بوون" کە یەکێتی و گۆڕان تەباتر بن؛ ئاماژە بەوەشکراوە کە "جەختکرایەوە خزمەتگوزارییەکان لەو ئاستەدا نین کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە و ئەمەش پێویستی بە پێداچوونەوە و هەڵوەستەکردن هەیە لەپێناو باشترکردنییان؛ دەبێت سیاسەتێکی نوێ هەبێت کە جیاکاری و ناعەدالەتی نەهێڵێت."
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا و هەردوولا رایانگەیاند، "پێویستە هەرچی زووە رێککەوتن و سازانی لەبارەوە بکرێت و لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوانەکەوێت."
چەند مانگێکە گرژیی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە؛ لە نوێترین پێشهاتدا هەردوو لایەن دەڵێن، ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و کۆبوونەوەکانی نێوانیشیان بۆ رێککەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن وەستاون و دیارنییە کەی کۆدەبنەوە.
پێشتر ناکۆکیی زۆر لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن هەبوو، بەڵام دوای چەند کۆبوونەوەیەک لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن و زەقترین خاڵی ناکۆکییان کە مابێتەوە دەنگدانی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ