رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، شەوی رابردوو لە شاری سلێمانی سێ رۆژنامەڤان دەستگیرکراون.
دیاری محەممەد، رێکخەری سەنتەری میترۆ، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رۆژنامەڤانەکان درەنگانی شەوی رابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانییەوە دەستگیرکراون".
رێکخەری میترۆ ئاماژە بەوە دەکات، زانیارییان لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو سێ کەسە نییە؛ گوتیشی: "چاوەڕوانی روونکردنەوەی هێزە ئەمنییەکان دەکەین بۆ ئەوەی بزانین بۆچی ئەو سێ رۆژنامەڤانەیان دەستگیرکردوون".
نەبەز شێخانی، دانا ساڵح و بەشدار بازیانی ئەو سێ کەسەن دەستگیرکراون. دیاری محەممەد گوتی: "نەبەز شێخانی لە میدیای رەوتی هەڵوێست کار دەکات و دوو کەسەکەی دیکەش پەیجێکی میدیاییان هەیە".
بە گوێرەی ئاماری سەنتەری میترۆ، ساڵی رابردوو 182 پێشێلکاری بەرامبەر 176 رۆژنامەڤان و دامەزراوەی میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009 دامەزراوە، بە هاوکاریی رێکخراوی پەیمانگەی رۆژنامەڤانیی جەنگ و ئاشتی، چاودێریی رەوشی ئازادی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ