قاسم شەشۆ: ئەو پێشمەرگانەی چوونە نێو سوپای عێراق ژمارەیان زۆر کەمترە و ئەفسەریشیان تێدا نییە

01-03-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەی ئەو پێشمەرگانەی چوونیان بۆ نێو سوپای عێراق راگەیاند، دەڵێ: ئەو ژمارەیەی لەبارەی خۆیانەوە داویانە، راست نییە و هیچ ئەفسەرێکیشیان تێدا نییە.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 1-3-2025) چەند پێشمەرگەیەکی لیوای شنگال کە سەر بە یەکەی 80ـی پێشمەرگەن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە لە بەغدا کردیان، چوونیان بۆ نێو سوپای عێراق راگەیاند. 
 
بەڵام قاسم شەشۆ، فەرماندەی لیوای شنگال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو ژمارەیەی ئەوان بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە 1200 کەسن، هیچ بنەمایەکی نییە و 200 کەسیش نابن."
 
لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا کەسێک بە پلەی عەقید بەناوی پێشمەرگەکانەوە قسەی کرد. بەڵام قاسم شەشۆ دەڵێت "ئەوانەی چوونەتە بەغدا، هیچ ئەفسەرێکیان تێدا نییە، چ جای ئەوەی بگاتە پلەی عەقید."
 
ئەو فەرماندەیەی لیوای پێشمەرگەی شنگال دەڵێ "ئێمە زیاتر لە 8 هەزار پێشمەرگەمان هەیە، بەردەوامین لە جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازیی خۆمان و پاراستنی خاکی کوردستان."
 
لەبارەی ئەگەر گەڕانەوەی بەشێک لەو پێشمەرگانەشەوە گوتی، "بەشێکیان گەڕاونەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت زیاتریش بگەڕێنەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە