رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە رێکخراوی (CPT)ی ئەمریکی دەڵێت، لەدوای پەیامەکەی رێبەری پەکەکەوە، تورکیا 7 جار هەندێک شوێنی لە هەرێمی کوردستان بۆردوومان کردووە.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی تیمەکانی دروستکەری ئاشتیی کۆمەڵگە (CPT)ی ئەمریکی، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەدوای پەیامەکەی ئۆجەلانەوە، تورکیا 7 جار هەردوو سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێری بۆردوومان کردووە."
27ی شوبات عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرەیەک ئەنجام بدات و چەک دابنێت.
بەگوێرەی ئامارەکەی سی پی تی، لە کەمتر لە 48 کاژێری رابردوودا، "تورکیا جارێک خواکوڕک و جارێکیش خنێرەی لە سنووری سیدەکان لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کردووە."
بەگوتەی کامەران عوسمان، "پێنج بۆردوومانەکەی دیکە لە پارێزگای دهۆک بوون؛ دووانیان لە چیای گارە و سێ بۆردوومانەکەی دیکەش لە مەتین بوون، بەتایبەت لە سنووری گوندەکانی گوهەرزێ و کانی بەلاغە".
ئەمڕۆ شەممە پەکەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاگربەستی راگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، بۆ چەکدانان پابەندی بانگەوازی رێبەرەکەیان دەبن و بۆ ئەوەش چەند مەرجێکیان خستەڕوو.
دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەکاتێکدایە، هەر بەگوێرەی ئاماری سی پی تی، "لە 9 مانگی ساڵی رابردوودا تورکیا نزیکەی هەزار و 600 جار هەرێمی کوردستانی بۆردوومان کردووە."
کامەران عوسمان گوتی، "لە 01-01-1991ـەوە 720 هاونیشتمانی بوونەتە قوربانیی بۆردوومانەکانی تورکیا، کە 353ـیان کوژراون و 367ـیشان بریندارن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ