سەعدی پیرە: چەند بڕگەیەکی کەم بۆ رێککەوتنی پارتی و یەکێتی ماون

01-03-2025
سۆران حوسێن
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتییان دەوێت و دەیانەوێت، سەرۆک و جێگری سەرۆکوەزیران پێکەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپێردرێن.

سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە میوانی بووڵتەنی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو و وەڵامی پرسیارەکانی سەنگەر عەبدولڕەحمانی دایەوە.

سەعدی پیرە گوتی، لە رابردوودا سەرۆکوەزیران راوێژکاری داناوە بۆ راپەڕاندنی کاروباری وەزارەتەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزیرەکان. گوتیشی، "بە هەر هۆکارێک بەرپرسێکی سەر بە یەکێتی لە پۆستەکەی نەمابێت، پارتی قەیومێکی لە جێگەی داناوە."

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: سوپاس لەگەڵ ئێمەدایت. کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی شاندی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان چۆن بوو؟ هیچ بەیاننامەیەکیش وەکو ئەنجام نەبوو، بۆچی؟

سەعدی پیرە: کۆبوونەوەی چوارشەممە کۆبوونەوەیەکی زۆر باش بوو. کۆبوونەوەیەک بوو کە زۆربەی زۆری بڕگەکانی ئەو رەشنووسەی کە پێشتر ئامادە کرابوو کۆتایی پێهێندرا. ئەگەر خاڵێک، ئەگەر شتێک ماوە، ئەمە بەرەو رووی لووتکە دەکرێتەوە، وەکو بەرپرسی یەکێتیی نیشتمانی، بەڕێز کاک بافڵ؛ بەرپرسی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڕێز کاک مەسعود، یان جێگرەکانی. بۆیە من جەخت لەسەر بابەتێک دەکەمەوە، کە ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی گەورەیە، پڕۆژەیەکی گرنگە. پڕۆژەیەکە دوای رەخنە و لێکترازان و تەنانەت هەڵمەتێکی هەڵبژاردنی زۆر توند دێت. زۆر کەس پێی وابوو ئەسڵەن دانیشتن و رێککەوتن نابێت، ئەمانە لایەنی شەڕ بەسەریاندا زۆر زاڵە، بەڵام دەرچوو وانییە. لە رۆژی کۆتایی هەڵمەتی هەڵبژاردن دوو کۆبوونەوە کرا، یەکێک پارتی لە یاریگەی هەولێر، ئەوی دیکەش یەکێتی لە گۆڕەپانەکەی پشت مەکتەبی سیاسی {لە هەولێر}، هەریەکەیان دەیان هەزار کەسیان کۆکردبووەوە، کاک بافڵ لەوێ گوتاری دەدا، کاک مەسعود لەوێ گوتاری دەدا، بچووکترین رووداویش لە هەولێر رووی نەدا، هەمووی چەند سەد مەترێکیش لە یەکدی دوور بوو. حیزبە سیاسییەکانی بەغدا دەجار باسیان کردووە و دەڵێن حەسوودیتان پێ دەبەین، ئەمە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە لە کوردستان پاش ئەو هەڵمەتە توندەی هەڵبژاردن دوو گەورەترین کۆبوونەوە و دوایین کۆبوونەوە دەکرێت و دەیان هەزار کەس لە هەر لایەک ئامادە دەبێت و بچووکترین رووداویش روو نادا. بەو روحییەتەش گفتوگۆمان دەستپێکردووە.

رووداو: ئەو لیژنەیەی دانراوە ئەرکی چییە؟

سەعدی پیرە: ئەو لیژنەیەی دانراوە ئەرکی ئەوەیە دوو بۆ سێ شت بکات، یەکێکیان ئەوەیە لێکۆڵینەوە لە کابینەی رابردوو بکات، کۆمەڵێک بێ متمانەیی تێدا بوو، لەیەک زیزبوونی تێدا بوو، بەشداری نەکردن لە کۆبوونەوەکان، تیمی یەکێتی هەمیشە لەسەر هەندێک شت رازی نەبوو، تیمی پارتی لەسەر هەندێک شت رازی نەبوو. ئەم جارە هیچ شتێک رادەستی قەدەر نەکرا، بچووکترین شت نەماوە باس نەکرێت، پێموایە ئەمە تەواوکەری رێککەوتننامەی ستراتیژییە، بکرێت بەشێک لە رێککەوتننامەی نێوان یەکێتی و پارتی بۆ حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، نەک بۆ چوار ساڵی داهاتوو، بەڵکو بۆ زیاتریش، چونکە بەشی زۆری ئەم کێشانە باسکراوە، کە من دەستخۆشی لە هەردوو تیم دەکەم.

رووداو: کاک سەعدی لەسەر چی رێککەوتوون لەگەڵ پارتیدا؟ چی ماوە کە پێویستە کاک بافڵ لەگەڵ سەرۆک یان جێگرەکانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی لەسەر بکات؟

سەعدی پیرە: ئێمە پێمانوایە جۆرێک گەرەنتی پێویستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەوە پێویستە کە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و لە شراکەتیشدا دەبینین ئەوەیە، سەرۆک و جێگری سەرۆک بەیەکەوە رابسپێردرێن لەلایەن پەرلەمان یان لەلایەن سەرۆکی هەرێم بۆ پێکهێنانی [حکومەت].

رووداو: کاک سەعدی ئەوە یاساییە؟

سەعدی پیرە: بەڵێ، بەڵێ یاساییە، بۆ یاسایی نییە؟

رووداو: بەڵام لە یاسای هەڵبژاردن و ئەنجوومەنی وەزیراندا کوا ئەوەی تێدایە؟

سەعدی پیرە: هەر شتێک بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانی تێدا بێت و ببێتە هۆکاری دروستبوونی کابینەیەکی تەبا... بە یاسایی نییە. داوایەکی دیکەمان هەیە، ئێمە سەرۆکی هەرێممان هەیە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بەڵام لە پەرلەمان سەرۆکایەتیمان هەیە. تۆ سەرۆکایەتی بۆ وەربگری؛ یان ئەوەی کە زۆرترین کورسیی هەیە بیکەنە سەرۆکی پەرلەمان، یان دەسەڵاتێک بدەنە سەرۆکی پەرلەمان کە بتوانێ ئەرەکەکەی خۆی ئەنجام بدات. ئێستا لە بەغدا سەرۆکی پەرلەمان مەرج نییە کورسی هەبێت و دەسەڵاتیشی هەیە. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی سەرۆکە. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان هەیە کراوە بە دیلی جێگر و سکرتێرەکەی، شتی وا نابێت لە پەرلەمانی جیهاندا. پەرلەمانێکمان دەوێت پەرلەمانێکی کارا و بەرپرسیارێتیی دیاریکراو بێت. ئەگەر هەڵەیەک هاتە پێشەوە بزانین کێ کردوویەتی.

رووداو: پێتانوایە ئەمجارەش پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لای ئێوە دەبێت بۆیە شەڕ بۆ دەسەڵاتەکەی دەکەن؟

سەعدی پیرە: نا، نا.. ئەگەر یەکێتییش وەری نەگرێت، ئێمە دەبێت رێزێک بۆ ئەو پەرلەمانەی خۆمان دابنێین. پەرلەمان سەرۆک نییە، پەرلەمان سەرۆک و دوو جێگرەکەش نییە، پەرلەمان 100 کەسە، ئەوان پەرلەمانن و بڕیار دەدەن. سەرۆک لە نێوان دوو کۆبوونەوە بڕیارەکانی کە لە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەدرێت جێبەجێی دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی یاسادانان دەکات لە نێوان دوو کۆبوونەوەدا. پێویستە ئەو نوێنەرایەتییە بەبێ ئەوە بێت کە رۆژێک هەبێت لەولاوە لێی هەستن، ئەوە نابێت، لە ئەنجوومەنی وەزیرانیش نەگوتراوە کە هەموو بەیەکەوە بڕیار بدەن، هەموو گوتراوە کە سەرۆک سەرۆکە، سەرۆکی دەسەڵاتی خۆشی روون و دیارە.

رووداو: بەگوێرەی زانیارییەکانمان یەکێک لە داواکارییەکانی دیکەتان ئەوەیە ئێستا سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی دەست لەکار بکێشنەوە و حکومەت بە هەڵوەشاوە دابنرێت، ئەوە راستە؟

سەعدی پیرە: بەڵێ، هەرخۆی وای لێدێت ئەگەر هەردووکیان راسپێردرێن [بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ].

رووداو: وەکو گەرەنتییەک ئەو داوایە دەکەن؟

سەعدی پیرە: بەڵێ، چونکە جار واهەیە تۆ گلەیی دەکەیت، دوو مانگ، سێ مانگیش جێگری سەرۆکی وەزیران و وەزیرەکان دەوام نەکەن حکومەت دەڕوات و گوێی ناداتێ.

رووداو: ئەمە وەکو گەرەنتی دەتانەوێت یان وەکو کارتێکی گوشار؟

سەعدی پیرە: نا، نا، کارتی گوشار دژی کێ؟

رووداو: دژی پارتی، دژی کابینەکە.

سەعدی پیرە: نا، پێویست ناکات.

رووداو: واتە، بۆ نموونە ئەو 6 مانگەی کاک قوباد کە نەچووە ئەنجوومەنی وەزیران، رەنگە ئەم بژاردەیەی لە بەردەمدا بوایە دەستی لەکار بکێشایەتەوە حکومەتەکە هەڵوەشایەتەوە.

سەعدی پیرە: حکومەتەکە هەستاوە بۆ ئەو وەزارەتانەی کە بەدەست یەکێتییەوەن راوێژکارێکی داناوە، ئەو کەسە راوێژکار بۆ کاروباری تەندروستی، ئەو کەسە راوێژکارە بۆ کاروباری پەروەردەی باڵا، ئەو کەسە راوێژکارە نازانم بۆ چی. ئەو راوێژکارانە وەکوو حکومەتی سێبەر وان، حکومەتێکی بچووکی سێبەر لەناو ئەنجوومەنی وەزیران دروستکراوە و کارەکانیان پێ دەکەن بەبێ گەڕانەوە بۆ وەزارەتەکان، ئێمە ئەوەمان پێ خراپە. پێمان وایە وەزیر پارتی بێت یان یەکێتی دەسەڵاتی خۆی دیارە. هەر وەزارەتێک پەیڕەوێکی نێوخۆیی هەیە و بەگوێرەی ئەوە کارەکانی خۆی دابەش دەکات و بڕیاری کۆتاییش وەزیر دەیدات. وەزیر بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو شتانەی لە وەزارەتەکە روو دەدەن لە بەرامبەر پەرلەمان. ئەو شتانە کۆتایی پێبێت، وەزیر وەزیر بێت، وەزیر دەسەڵاتی خۆی تەواو پەیڕەو بکات. خۆم وەزیر بووم و قەت بەوە رازی نەبووم شتێک بەسەرمدا بسەپێنن کە من خۆم یان وەزارەتەکەم باوەڕمان پێی نەبێت.

رووداو: کاک سەعدی، ئێستا ئەو سێ داواکارییە: سەرۆکی حکومەت و جێگری بەیەکەوە، سەرۆکی پەرلەمان هەبێت، جێگر دەست لەکار بکێشێتەوە حکومەت هەڵوەشێتەوە و نەمانی حکومەتی سێبەر، پارتی ئەمانەی رەتکردووەتەوە؟

سەعدی پیرە: نا، نا. ئەمانە جێی گفتوگۆن.

رووداو: پێویستی بە کۆبوونەوەی باڵاتر هەیە لەم لیژنەیە؟

سەعدی پیرە: پێدەچێت، ئەگەر نەگەنە یەک لەو وردە کۆبوونەوانەی کە دەکرێن لە داهاتوودا، بەرەو رووی لووتکە دەکرێتەوە.

رووداو: ئەی لەسەر چی رێکەوتوون؟

سەعدی پیرە: لەسەر زۆر شت.

رووداو: شتەکان چین؟

سەعدی پیرە: لەسەر ئاوەدانکردنەوە، خزمەتگوزاری، چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتی، بابەتی مووچە و مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتەکانی کە هەیە. سیاسەتی نەوت، لەسەر خاڵە گومرگییەکان، لەسەر مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان و نوێنەرایەتیی پێگەی هەرێمی کوردستان، لەسەر زۆر شت رێککەوتووین. جیا لەوەش، ئێمە ئەنجوومەنی یاسادانانمان هەیە، یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەریمان هەیە. وەزارەتەکان دیارن، بەڵام کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکە هەیە گرنگییان لە وەزارەتەکان کەمتر نییە، پۆستەکەی هی یەکێتیی نیشتمانییە، ماوەیەک خانەنشین دەبێت یا لادەچێت چەند رۆژێکی پێناچێت پارتی قەیومێک لەوێ دادەنێت.

رووداو: پێتان وایە ئەوەی پارتی دایبنێت قەیومە؟

سەعدی پیرە: ئاخر نابێت کاکە. لە هەمان فەرمانگە و شوێن رەنگە یەکێکی یەکێتی هەبێت بۆ ئەوە دانانێی و بۆ یەکێکی پارتی لە لاوە دێنیت و دایدەنێت.

رووداو: ئەو کێشەیەشتان هەیە، کە ئەو یەکێتییەی کە ئێوە پێشنیازی دەکەن پارتی داینانێت؟

سەعدی پیرە: پێم باشە بۆ هەموو وەزارەتەکان تەباییەک هەبێت لەسەر دانان، بەڵام تۆ مۆڵەت بە خۆت دەدەیت کێت بوێت ئەوە دادەنێیت، بەڵام لە من داوا دەکەیت یەکێک دابنێم کە تۆ پێت راست بێت؛ یان بۆ هەردوولا دەبێت ئەوە راست بێت، یان بۆ لایەک بە تەنیا نابێت.

رووداو: لەسەر پۆستەکان قسە نەکراوە، بەڵام بەرچاوتان روونە بۆ نموونە یەکێتی چ پۆستێکی دەبێت لە حکومەتی داهاتوودا؟ 

سەعدی پیرە: پۆستەکانی کە لە بەغدا و هەرێمی کوردستان هەن بەشی زۆری لەنێوان یەکێتی و پارتی دابەش کراون، ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بە شێوەیەک دابەشبکرێت هاوسەنگی و رەزامەندی تێدا بێت، تۆ ناتوانی بێی بڵێیت وەڵا سەرۆکی هەرێم، سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ، وەزیری شارەوانی، وەزیری سامانە سروشتییەکان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ئەنجوومەنی ئاساییش و ئەنجوومەنی دادوەری بۆ ئێمە، فەرموو با گفتوگۆ بکەین.

رووداو: پارتی وایان گوتووە؟

سەعدی پیرە: نا، نا؛ بۆ نموونە دەڵێم لە رابردوودا وا بووە. گفتوگۆ وا ناکرێت، بەشی ئەوە تێگەیشتنمان هەیە بۆ کێشەی یەکدی، جار هەیە یارمەتیی پارتی دەدەین، پارتیش جار وایە یارمەتیی یەکێتی دەدات، بۆیە پێویستە بە شێوەیەک بکرێت کە هەردوولامان رازی بین، هاوسەنگیی تێدا بێت، جا ئەو هاوسەنگییە لە سەرۆکایەتییەکان بێت یان لە وەزارەتەکان.

رووداو: سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری، لەم چوارە کامیان لای یەکێتی دەبن؟ حەزتان لە کامیانە؟

سەعدی پیرە: نازانم، ئەو شتانەی گفتوگۆی لەسەر نەکراوە. لە نێوانی خۆشمان قسەمان لەسەر نەکردووە. حەزمان لە زۆر شتە، بابەت حەز نییە، حەزمان لەسەرۆکوەزیرانە، بەڵام ئەوە گفتوگۆی دەوێت.

رووداو: ئەی وەزارەتەکان، زانیاری هەیە خەڵک بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیریش دیاریکراوە؟

سەعدی پیرە: لای ئێمە خەڵک هەیە قاتێکی کڕیوە، تەراشی کردووە بۆ وەزیر، بەڵام خۆ بە کەیفی ئەو نابێت وەزارەت وا دانانرێت.

رووداو: راستە پارتی گوتوویەتی، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ جێگەی گفتوگۆ نین؟

سەعدی پیرە: هیچ قسەیەک لەم بارەیەوە نەکراوە.

رووداو: پێیان نەگوتوون ئەوانە هێڵی سوورن؟

سەعدی پیرە: نەخێر.

رووداو: لای ئێمە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا دەکەین دەڵێن ئەو پۆستانە هێڵی سوورن.

سەعدی پیرە: ئەوە خەڵکێک گوتوویەتی لە شاندەکان پێیان گوتراوە، زێدەڕۆیی دەکەن. ئەوە بۆ تێکدانی کەشوهەوای نێو کۆبوونەوەیە.

رووداو: لە کۆبوونەوەی رابردووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا باسی هەندێک گۆڕانکاری نێوخۆی حیزب کراوە، بەتەمان هەندێک گۆڕانکاری بکەن لە بەرپرسی مەڵبەندەکان، بەرپرسی مەکتەبەکان و ئەوانە.

سەعدی پیرە: نا وانییە، ئێمە کۆنفرانسێکی مەکتەبی رێکخستنمان هەبوو. جەخت لەسەر ئەوە کراوە کە هەڵاوسانێک هەیە لە نێو مەڵبەندەکان، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەک بە پەیکەری رێکخستندا بکرێت.

رووداو: زۆر زۆر سوپاست دەکەم بەڕێز سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

سەعدی پیرە: سوپاس بۆ ئێوەش.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 چەند کرێکارێک لە کاتی کارکردندا لە شاری هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

لقی دهۆکی سەندیکای کرێکاران: پێویستە حەقدەستی کرێکاران زیاد بکرێت

سەرۆکی لقی دهۆکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان دەڵێت، ''حەقدەستی کرێکاران لە ئاستی پێویستدا نییە و ناتوانن بە تەواوی بژێویی ژیانیان دابین بکەن''؛ گوتیشی، پێچەوانەی یاسا، ژمارەیەک لە کرێکاران ناچار دەکرێن زیاتر لە 8 کاژێر لە رۆژێکدا کار بکەن.