کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ دووکاندارانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک: بازاڕەکە چۆڵ بکەن

02-03-2024
هیوا حوسامەدین
هیوا حوسامەدین
چەند دووکانێکی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک. وێنە: رووداو
چەند دووکانێکی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

کۆمپانیای نەوتی باکوور داوای رووخاندنی نزیکەی 150 دووکانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک دەکات و هۆشداری بە دووکاندارەکان داوە لە ماوەیەکی کەمدا بازاڕەکە چۆڵ بکەن.
 
محەممەد 10 ساڵە دووکانی فەرش فرۆشتنی هەیە، ئەو لەگەڵ 25 دووکانداری دیکەی بازاڕەکە لەسەر سکاڵای کۆمپانیای نەوت بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە و دەڵێت، "دەیانەوێت بازاڕەکە لەنێوببەن."
 
محەممەد ئیسماعیل، فەرشفرۆش دەڵێت، "لە دوێنێوە دوو کەسیان دەستگیر کردووە و دوای چەندین کاژێر مانەوە بە کەفالەت ئازاد کران، هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەم بازاڕە نەمینێت و چارەسەری شوێنگرەوەشمان پێنادەن، یان بازاڕێکی دیکەمان بۆ بکەنەوە یان لەسەر ئەم زەوییە پڕۆژەی بازاڕێکی حکومی دروستبکرێت."
 
زۆربەی دووکاندارانی بازاڕی حەسیرەکەی کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە. ئەوان دەڵێن، ماوە ماوە لەسەر داوای کۆمپانیای نەوتی باکوور "هێزە ئەمنییەکان دەنێرنە بازاڕەکە و دەستگیرمان دەکەن."
 
کامەران محەممەد، نوێنەری فەرشفرۆشانی حەسیرەکە دەڵێت، "بەپێی رێکارەکان، دەبێت سەرەتا ئاگادارکردنەوە بێت و دواتر هۆشداری، هیچکام لەم دووکاندارانە ئەو رێکارەی بەرامبەر نەکراوە، نازانین مانای چییە هێز دەنێرنە سەرمان و بڕیاری دەستگیرکردنمان بۆ دەردەکرێت، ناوە ناوە هەڵدەکوتنە سەر بازاڕەکە و لەلایەک خاوەن دووکانێک دەستگیر دەکەن و دەڕۆن."
 
دووکاندارەکانی بازاڕەکە چەندین جار سەردانی کۆمپانیای نەوتی باکووریان کردووە تاوەکو لەو سکاڵایە پەشیمان ببنەوە و بێ سوود بووە، پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، "تاوەکو سکاڵاکە بمێنێت، ئێمە ناچارین گوشارەکان بۆ چۆڵکردنی بازاڕەکە زیاتر بکەین."
 
کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، "حکومەتی عێراق حوکمێکی دەوڵەتداری دەکات و زیادەڕۆیی کراوەتە سەر زەوییەکانی و تاوەکو ئێستا نەتواندراوە ئەو کێشەیە یەکلایی بکرێتەوە، لەڕێگەی ئیدارەی خۆجێیی کەرکووکەوە رێگەچارەیەک بۆ ئەو زیادەڕۆییە بدۆزرێتەوە، بۆ ئەم کێشەیە ئەندامانی پەرلەمان دەتوانن لە رێگەی وەزارەتی نەوتەوە کێشەکە چارەسەر بکەن و ئەو بڕگانە هەڵبوەشێننەوە کە دووکانەکانی بە زیادەڕۆ تۆمار کردووە."
 
لەدوای هێرشەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە، هەموو ساڵێک کۆمپانیای نەوتی باکوور ئەو سکاڵایە دەجووڵێنێت و هێز دەنێرێتە بازاڕەکە، ئەوانەی دەستگیر دەکرێن دوای پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە کەفالەت ئازاد دەکرێن.
 
گوشار و رێکاری تووندی هێزە ئەمنییەکان دژی دووکاندارانی بازاڕی حەسیرەکە، جووڵەی بازاڕی بە تەواوەتی راگرتووە، حکومەت کە هێشتا بیرۆکەی ئەنجامدانی هیچ پڕۆژەیەکی لەسەر زەویی ئەو دووکانانە نییە، نە ئامادەیە زەوییەکان بە کرێ بدات بە دووکاندارەکان و نە ئامادەشە پێیان بفرۆشێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە