رێكخستنی پسووڵەی خۆراك: هەرکەس کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕدرێت

01-02-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، بڕیاردراوە هەرکەس کارتی نیشتمانی نەبێت، بەشەخۆراکی مانگانەی ببڕدرێت.
 
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر، رۆژی شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بڕیارەکە بۆ تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانە، نەوەک تەنیا پارێزگایەک".
 
بڕیارەکە تاوەکو ئەمڕۆ نەکەوتووەتەوە واری جێبەجێکردنەوە. سیامەند قادر گوتی: "لە رۆژانی داهاتوودا دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە و هەرکەس کارتەکەی نەبێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕدرێت".
 
راگرتنی بەشەخۆراکی ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە کاتی دەبێت و هەرکات کارتەکەیان دەرهێنا، بەشەخۆراکەکەی بۆ دەگەڕێندرێتەوە.
 
یەکێک لە هۆکارەکانی داواکردنی کارتی نیشتمانی، بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کە تاوەکو ئەمڕۆ نە کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
بڕیارە لە هەرێمی کوردستان هەولێر وەک یەکەم پارێزگا فۆرمەکەی بکرێتە ئەلیکترۆنی، ئەوەش بە گوتەی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر بۆ رووداو.
 
پسووڵەی ئێستای خۆراک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1996؛ بۆیە حکومەتی عێراق بڕیاریداوە گۆڕانکاری تێدا بکات.
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە