زیاتر لە 10 ساڵە بەشێک لە پرۆژەکانی سنووری راپەڕین بە تەواونەکراوی ماونەتەوە

01-02-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
پردی دەروازە لە سنووری راپەڕین
پردی دەروازە لە سنووری راپەڕین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەشێک لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ئیدارەی راپەڕین دوای تەواو بوونی 80٪ـی پرۆژەکان بە جێهێڵدراوی ماونەتەوە و هەندێکیان زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی خەرجنەکردنی پارە کارکردن تێیدا وەستاوە.
 
12 ساڵە تاوەکو ئێستا پرۆژەی پردی قەڵادزێ تەواو نەکراوە، هەرچەندە دوو ساڵیش بەسەر ماوەی یاسایی تەواوبوونیدا تێپەڕیوە، ئێستاش بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە 300 ملیۆن دینار پێویستە.
 
محەممەد حەسەن، دانیشتوویەکی قەڵادزێیە و لەبارەی پرۆژەکەوە بە رووداوی گوت، "پردەکەمان بۆ تەواوناکەن بەقوربانیان بم، هەر بێرەدا دێن و دەڕۆن هیچ ئەنجامێکی نییە."
 
عەباس ئەحمەد دانیشتوویەکی دیکەیە، دەڵێت، "ئەوە پردەی تەنیشتیش بەکەڵک نەماوە، ئەگەر بێت ئەوە چاک نەکرێت دەروخێت و رێگەی قەڵادزێ دادەخرێت، داوا لە حکومەت دەکەین داوا لە خێرخوازان دەکەین ئەگەر خێرخوازیش بیکەن هەر مەمنوونیانین ئەو پردە تەواو بکەن."
 
جگە لەپردی دەروازە، شەقامی شەست مەتری و پرۆژەی دووسایدی ناوبازاڕ و نۆژەنکردنەوەی قیر و شۆستەی گەڕەکەکان بەهۆی خەرجنەکردنی پارەی پێویست بۆیان زیاتر لە 10 ساڵە تەواو نەکراون.
 
پەیامنێری رووداو لە پارکی سەرنێڵەوە دەڵێت، پڕۆژەیەکی دیکەی نەکراوی قەڵادزێیە، 11 ساڵە کارکردن تێیدا راگیراوە، لەوکاتەوە تەنیا نیوەی کارەکانی کراون، ئەم پارکە 50 دۆنمی بۆ دانراوە و 300 ملیۆنیشی بۆ تەواوکردنی پێویستە.
 
قەڵادزێ خاوەنی دەروازەی کێلێ یە لەنێوان باشوور و رۆژهەڵاتی کورستان، 400 بارهەڵگر کەرەستەی بیناسازی و خواردەمەنی و شتومەک بەناو شارەکەدا هاوردەی هەرێمی کورستان دەکەن، داهاتی رۆژانەی دەروازەکە نزیکەی 150 ملیۆن دینارە، بەڵام بێ پارەیی تەواوکردنی پرۆژەکانی قەزاکەی پەک خستووە.
 
ئارام  محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێک لەو پرۆژانە کە رێگاوبانە و راستەوخۆ خزمەت بە مەرزەکە دەکەن بەگەرخستنەوەی ئەو پرۆژانە بەشێکە لە تەواوکاری مەرزەکە بۆیە ئومێد دەکەین بتوانین لە ئایندەدا بەشێکی داهاتی ئەم مەرزە بۆ ئەم پرۆژانە بێت."
 
لە سنووری ئیدارەی راپەڕین 121 پڕۆژە کارکردن تێیاندا وەستاوە، بەشێکیان دوای تەواوکردنی 80٪ ـی کارەکانیان، زیاتر لە 12ساڵە بەتەوانەکراوی بەجێهێڵدراون، بۆ تەواوکردنی پرۆژەکانیش پێویستیان بە 112 ملیار دینارە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە