تارۆ بەهار: لە وەرزی 24ـی زنجیرەی 'Doctors' رۆڵی کارەکتەرێکی کورد دەگێڕم

22-07-2023
پەسار فایەق
تارۆ بەهار، ئەکتەری کورد - بەریتانی و بانو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو
تارۆ بەهار، ئەکتەری کورد - بەریتانی و بانو دڵشاد، پێشکێشکاری رووداو
نیشانەکردن تارۆ بەهار کەی بەهار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تارۆ کەی بەهار، ئەکتەرێکی گەنجە، باوکی کوردە و دایکی بەریتانییە، بەڵام هەنگاوی باشی لە جیهانی سینەما و درامادا ناوە، یەکێک لەو بەرهەمانەی تێیدا بەشدارە، زنجیرەی تەلەڤزیۆنیی 'Doctors'ـە، پێشتر لە 11 وەرزیدا رۆڵیگێڕاوە و ئێستا دووبارە لە وەرزی 24یدا رۆڵی ئادەم رێنەڵدس دەگێڕێتەوە. ئەو ئەکتەرە هەروەها لە فیلمی 'Code 46' و 'Baghdad in My Shadow'  و لە چەندین بەرهەمی دیکە رۆڵی گێڕاوە. بانوو دڵشاد، پێشکێشكاری هونەری، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵدا کردووە.
 
رووداو: ژیان لە نێو دوو کولتووری جیاوازدا چۆنە؟ باوکێکی کورد و دایکێکی بەریتانی؟ 
 
تارۆ بەهار: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. رەنگە بتوانم لەم بارەیەوە کتێبێکت بۆ بنووسم، بەڵام ئەوەندە دەڵێم کە سەرنجڕاکێش بووە. شتێکی زۆر خۆشە کە سەر بە دوو فەرهەنگ بیت، چونکە ئاشکرایە هەردوو فەرهەنگەکە لە هەڵسوکەوت و تێڕوانینیان بۆ جیهان و شتەکانی دیکەی وەک خێزان و هاوڕێیان و شێوازی ژیاندا شێوازی جیاوازی خۆیانیان هەیە. جا ئەوەی دەستت بە هەردووکیان بگات خەونێکی راستەقینەیە کە بە دی هاتووە، چونکە من تواناییم بەسەر هەردووکیاندا هەیە، کۆمەڵێک خێزانی جوانی کورد و کۆمەڵێک خێزانی جوانی ئینگلیزم هەن. جا من لەم لایەنەوە زۆر بەختەوەرم. 
 
رووداو: هیچ هاتوویت بۆ کوردستان، سەردانی کوردستانت کردووە؟
 
تارۆ بەهار: بەڵێ، بەڵێ، لە ژیانمدا پێنج جار هاتووم. دوایین جار کە لەوێ بووین مانگی کانوونی یەکەمی پار بوو. چووین بۆ هەولێر و وێنەی کورتەفیلمێکمان گرت. هەفتەیەک لەوێ بووین. فیلمەکە ناوی گەڵا بوو و باوکم، کەیبەهار، دروستی کرد. منیش رۆڵم تێدا گێڕا و هەفتەیەکی هەر زۆر خۆش بوو. پلانم وایە کە بگەڕێمەوە و ماوەیەکی زیاتر لە کوردستان بەسەر ببەم. خەڵکەکە و فەرهەنگەکەیم خۆش دەوێن کە ئەوەندە میواندۆست و کراوە بوون و پێشوازی لە هەموو کەسێک دەکەن. زۆر جادوویی بوو. بۆیە بە راستی دەمەوێت زیاتر سەردانی بکەم.  
 
رووداو: پێمخۆشە باسێکی ئەو زنجیرەیە بکەین کە 'Doctors'ـە و ناوبانگییەکی باشت لە رێگەیەوە پەیدا کردووە، زنجیرەیەکی بەناوبانگە، تەنانەت بە زمانی دیکەش بەرهەمهاتووە، لەوانە زمانی تورکی. پێشتر لە چەند وەرزێکدا بەشداربوویتە و بەم دواییە لە وەرزی 24میندا بەشداربوویتە، بۆم باس بکە هۆکاری چی بوو گەڕایەوە نێو زنجیرە تەلەڤزیۆنییەکە، هەستت چۆنە لە زنجیرەیەکی لەم شێوەیەدا و بەو هەموو وەرزەوە بەشداریت؟
 
تارۆ بەهار: بەڵێ، راست دەکەیت. یەکەم جار کە لەگەڵیان بەشدار بووم شەش ساڵ پێش ئێستا بوو و کارێکی باشم لەگەڵدا کردن لە  'Doctors' کە زۆر ناوازە بوو. جا دیسانەوە تاقییان کردمەوە و کارەکتەرێکی نوێیان هەبوو و بە هیچ جۆرێک پەیوەندیی بەوەی پێشووەوە نەبوو کە لەگەڵیان کارم کردبوو. کارەکتەرە نوێیەکە کوردە، کۆچبەرێکە و لەبەر ئەو دۆخە سەختەی لە تورکیا تێیدا بووە هاتووە بۆ بەریتانیا. جا من لە رێگەی باوکم و زۆرێک لە ئەندامانی خێزانەکەمەوە خێرا لەگەڵ کارەکتەرەکەدا تێکەڵ بووم. هەستم وابوو لە من و ماڵمانەوە نزیکە. 
 
ئەوە بوو تاقیکردنەوەکەم کرد و پێداگر بوون کە منیان لەگەڵ بم و، منیش زۆر سوور بووم لەسەر ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەم. ئەمەیش بە جۆرێک لە جۆرەکان باش سەری گرت.  
 
رووداو: باشە ئەو رۆڵەی باست کرد کە لە زنجیرەکەدا گێڕاوتە، هەمان رۆڵی پێشوو دەگێڕیتەوە؟ 
 
تارۆ بەهار: خۆی ئەمەیان کارەکتەرێکی جودایە. جاری پێشوو رۆڵی گەنجێکی ئینگلیزیم دەبینی، بەڵام ئەم جارەیان کارەکتەرەکە کوردە. بە راستی شتێکی خۆش بوو کە گەڕامەوە، چونکە لەگەڵ هەندێک لەو ئەکتەرانەدا کارم دەکرد کە هەموو ماوەکە بەشدار بووبوون، هەر بۆیە دوای شەش ساڵ بینیمیانەوە کە دواجار کەمێک گەورە بووم و هەندێک ڕیشم هاتووە. بۆیە بە راستی زۆر خۆش بوو کە گەڕامەوە بۆ کارکردن لەگەڵیان. بە راستی کەسان و تیمێکی زۆر جوانن. کاستەکە و کارمەندەکان تەواو جددین و لە کاری خۆیان زۆر باش دەزانن. زۆر خێرا کار دەکەن. بۆیە ئێمە دەستبەجێ کار دەکەین. ئەوە ئەزموونێکی سەرنجڕاکێش بوو و پێم خۆشە لە داهاتوودا جارێکی دیکەیش لە خاڵیکدا بۆی بگەڕێمەوە. 
 
 رووداو: بێگومان ئەوە خۆشترین شتە کە لەگەڵ ستافێکدا کار بکەیت، پێش هەموو شتێک کەیفخۆش و دڵخۆشبیت و ئاسوودە بیت لەگەڵیاندا؟ تۆش ئاسوودە دیاریت. 
پێمخۆشە باسی باوکت بکەین کە کەی بەهارە، ئەو هاندەرت بووە بچیتە نێو جیهانی سینەما، یاخود هۆکاری دیکە هەبووە، یاخود گوتی، ئیلا و بیلا دەبێت ئیشی سینەما بکەیت؟
 
تارۆ بەهار: خۆی ئەوە شتێکی زۆر ناوازەیە کاتێک هەوڵ دەدەیت ئەم جۆرە کارە بکەیت، کەسێکی فیلمساز لێتەوە نزیک بێت. من زۆر سوپاسگوزارم. کاتێک منداڵ بووم. وای لێ کردم دەست بە نواندن بکەم. جا من لە تەواوی ژیانمدا بە جۆرێک لە جۆرەکان لێرە و لەوێ نواندنم کردووە. لە راستیدا تەواو بەختەوەرم کە کەسێکم بەو هەموو زانیاری و تواناییەوە هەیە. بۆیە دەستبەجێ لە سوودی زۆر بەهرەمەند دەبیت. 
 
جا ئێمە بە درێژایی ساڵان دەبوو چەند سنوورێک دابنێین و بڵێین بەڵێ، بەڵام ئێستا لە بارەی کارەوە قسە دەکەین. ئینجا هەر کوڕ و باوکین و هەر خێزانین. دەزانی، دەبێت جۆرە هێڵێک لەنێوانیاندا بدۆزیتەوە، چونکە دەکرێت هەموویان تێکەڵ ببن و ببنە یەک شت، بەڵام من لە کار و نووسینەکانیدا یارمەتیی دەکەم و ئەویش یارمەتیم دەدات. جا ئەمەیش پەیوەندییەکی ئاڵوگۆڕیی زۆر باشە و من زۆر بەختەوەرم کە هەمە. 
 
رووداو: ئینجا دەبێت چی لەوە خۆشتر هەبێت کە تۆ لەگەڵ باوکت کارەکانت ئەنجام بدەیت، پێشیگوتووی باوک و کوڕایەتی لە لەلایەک و کار بەملاوە.
 
کار و پڕۆژەی هاوبەشتان پێکەوە نابێت؟ چونکە وەک خۆت باست کرد هەر پێکەوە بوونە و فێری ئەکتەری کردووی، بەنیاز نین لە فیلمێکی هاوبەشدا پێکەوە کار بکەن؟
 
تارۆ بەهار: بەڵێ، خۆی ئێمە کار لەسەر چەند پرۆژەیەکی جودا دەکەین. فیلمێکی فیچەریمان هەیە کە باوکم هەوڵ دەدات دەستی پێ بکات و ناوی رۆمیۆ و جوولێت و کوردستانە. جا لەم ساتەدا هەوڵ دەدات دروستی بکات و منیش کاری لەسەر دەکەم. سەرەرای ئەوە، من نووسەریشم و دیارە ئەویش شتی خۆی دەنووسێت. جا ئەگەر بیرۆکەیەکی هەبێت بۆم دەنێرێت. ئێمە کاری لەسەر دەکەین. ئەگەر تێیدا رۆڵێک بۆ من هەبێت ، ئەوا گفتوگۆی لەسەر دەکەین. ئەو هەمیشە تاقیم دەکاتەوە. هەموو کاتێک وەک کار چاوپێکەوتنم لەگەڵ دەکات. بۆیە هەر ئەوە نییە کە ئیتر کارت هەبێت، ئەوەیش باشترێکە. جا ... بەڵێ، ئەوە دۆخێکی باشە. هەندێک بیرۆکە و پلانمان هەیە و با بزانین چی روو دەدات. 
 
رووداو: کاتێک هاتییەوە بۆ کوردستان، هیچ فیلمێکی کوردیت بینی، پڕۆژەی فیلمی کوردیت هەیە؟ فیلمی کوردیت لە رێگەی ئۆنلاین و فێستیڤاڵەکانەو نەبینیوە؟ تێڕوانینت لەبارەی فیلمە کوردییەکان چییە؟   
 
تارۆ بەهار: خۆی دوایین جار کە لە هەرێمی کوردستان بووم، وەک گوتم تەنیا هەفتەیەک مامەوە. زۆر پەلە بووین و تا رادەیەک هەموو رۆژێک وێنەمان دەگرت. بەڵام لەو لایەنەوەی کە خەڵکی کورد چۆنن، وەک گوتم هەر زۆر کراوە و گەرموگوڕ و میواندۆستن. بە دڵنیاییەوە ئەوەم بە دڵە و پێم خۆشە کاریان لەگەڵدا بکەم. لە لایەنی چیرۆک و بیرۆکە و پیشەسازیی فیلمەوە پێم خۆشە و هیوادارم لە کوردستان بەشێک بم لە پیشەسازیی راستەقینەی فیلم. جا بە دڵنیاییەوە مێژووی کورد گەلێک چیرۆکی بە دۆخی جیاوازەوە تێدایە کە دەتوانیت بیانگێڕیتەوە؛ گەلێک تراژیدیا و کاتی خۆشمان هەن. مەبەستم ئەوەیە دنیایەک چیرۆکمان هەیە. جا بۆ من گێڕانەوەی بەسەرهاتی کوردی زۆر گرنگە، بە تایبەتی کە لەم بەشەی جیهاندا بیت، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەم کە پاڵ بە هەندێک بەسەرهاتەوە بنێم بۆ ناو ناوەندەکە و میدیاوە و وا بکەم لە زۆر شوێنی جیهاندا گفتوگۆی کوردی دروست ببێت. بۆیە زۆر تامەزرۆم کە لەو ئاراستەیەدا کار بکەم. 
 
رووداو: ئەمە شتێکی زۆر زۆر باشە، دەستخۆشی کارەکانت لێدەکەین، دەبێت چەند شتێکی خۆش بێت کە تۆ سەیری زنجیرەیەکی بەریتانی بکەیت و یەکێک لە ئەکتەرەکان کورد بێت و رۆڵی کارەکتەرێکی کوردیش بگێڕێت. دەمەوێت زۆر زۆر سوپاست بکەم، تارۆ بەهار کە میوانی ئێمە بوویت.
 
تارۆ بەهار: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. رۆژ باش، رۆژێکی خۆش. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە