عەدیلە حەموود، یەکێکە لەو وەزیرانەی حکومەتی عێراق کە بەپێی گوتەی خەڵکی بەغدا و وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کارەکەی سەرکەوتووە. ئەو جیاوازییەی لە عەدیلە حەموود حوسێن، وەزیری تەندروستیی عێراقدا هەیە ئەوەیە: بەهیچ جۆرێک بابەتە مرۆییەکان تێکەڵ بە تەشەنوجی سیاسی ناکات کە لەدوای 16ـی ئۆکتۆبەر لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دروستبووە.
دەقی هەڤپەینی رووداو لەگەڵ وەزیری تەندروستیی عێراق:
رووداو: سەرەتا زۆر سوپاس بۆ میواندارییەکەت.
عەدیلە حەموود: زۆر سوپاس بۆ ئێوە و کەناڵەکەتان بۆ ئەو میوانداریکردنە، لە راستیدا دڵخۆشم بەو دیدارە.
رووداو: بۆ بودجەی 2018 چ شەڕێکت کردووە بۆ خەڵکی کوردستان، بۆ ئەوەی پرسە سیاسییەکان کاریگەرییان نەبێت لەسەر بابەتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان؟
عەدیلە حەموود: لە راستیدا ئامانجی وەزارەتی تەندروستی گەیاندنی؛ خزمەتگوزاری تەندروستییە بە هاووڵاتیانی عێراق، لە هەموو شوێنێکی خاکی عێراق. هەر لەسەرەتای وەرگرتنی ئەو ئەرکەوە ئەم بەرنامەیەمان لە وەزارەتی تەندروستی جێبەجێ کردووە، حکومەتیش رژدبووە لەسەر گەیشتنی ئەو خزمەتگوزارییە بە هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی لە هەموو ناوچەیەکی خاکی عێراقدا.
سەبارەت بە بودجەی وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی 2018، ئەوا بەردەوامیدانە بە هەمان بودجەی ساڵی2017 بەلەبەرچاوگرتنی زیادکردنی پارەی تەرخانکراو بۆ دەرمان بۆ وەزارەتی تەندروستی لە ساڵی 2018 دا، چونکە لە ساڵی 2016 بەشێکی زۆر لەو بودجەیە کەمکرابووەوە، لەنێویشیدا بودجەی کڕینی دەرمان لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، وەکو بودجەی حاکیمە، کە بەشێک لەو بودجەیە بۆ هەرێم دیاریکرابوو بۆ کڕینی دەرمان.
رووداو: دەکرێ ئەمە بەڕێژە بزانین؟عەدیلە حەموود: ئەوەی بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان دیاریکرابوو لە بودجەی 2017ـدا 17% بووە لەو بودجەیەی بۆ وەزارەتی تەندروستی تەرخانکراوە، وەزارەتی تەندروستیش لە هەرێم بەپێی ئەو رێژەیە دەرمانی دابینکردووە، بەپێی پێویستییەکانی فەرمانگەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، لە راستیدا وەزارەت بەڕێژەی %100 بەو ژمارەیەوە پابەند نەبووە، بەڵام پشتیبەستووە بە پێویستییەکانی فەرمانگەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەو پێویستییەی بۆ وەزارەت بەرزی کردووەتەوە بۆی دابینکراوە، لەگەڵ ئەو پشکەی وەزارەت بۆی دابینکردووە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ئەو ئاوارانەی لە کەمپەکانی هەرێمدا جێگیرکاون.
رووداو: وا دەبیسترێت جیاوازییەک دەکەی، بەهۆی ئەوەی وەکو خۆت دەزانی ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار ئاوارەی لێیە، سرووشتی ئاوارەش وایە، لەبەرئەوەی لەڕووی دەروونییەوە ماندووە، سەرمای دەبێت و نەخۆشییەکانی زیاترن، ئایا تاچەند ئەمە لەبەرچاو دەگری بۆ ئەوەی لە بودجەکەدا زیاتر دەستگیرۆیی ئەو ناوچانە بکەی کە کەمپی ئاوارەکانی لێیە؟
رێژەی 80%ـی پشکی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی فەرمانگەی تەندروستی نەینەوا بۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان نێردراوە
رووداو: ئێستا کێشەیەک لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەهۆی زۆری ئاوارەکانەوە، بەداخەوە خۆشت دەزانی نەخۆشیی درێژخایەن بەگشتی لە عێراقدا زۆرە و بەشێکی زۆر لە نەخۆشخانەکانی کوردستان ئێستا جگە لە ئاوارەکان خەڵکی دیکە لە بەغدا و بەسرەوە دێنە کوردستان، کێشەکەمان ئەوەیە زۆرجار دەرمانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکان نامێنێت یان دەرمانی نەخۆشانی تالاسیما و نەخۆشییە دێژخایەنەکانی دیکە، بەکردار چی دەکەی بۆ ئەو نەخۆشخانانەی ئاماژەم پێکردن؟
عەدیلە حەموود: دەمەوێت خاڵێکی زۆر گرنگ روونبکەمەوە، ئەویش هاوکاری گەورە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی ناوەند و وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم هەیە، پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی لە هەرێم دکتۆر رێکەوت هەیە و، لە پەیوەندیدابووە لەگەڵ وەزارەت بۆ سەرجەم ئەو پێداویستییە خێرایانەی بۆ دامەزراوە تەندروستییەکان پێویست بوون.
لە راستیدا ئەو پەیوەندیە بەردەوامبووە لەمیانی سەردانە بەردەوامەکانمان بۆ هەرێم و لەگەڵ ئەوەشدا بە بەردەوامی تیمەکانمان لە وەزارەت ناردووە، بە سەرۆکایەتی بریکاری تەکنیکی بۆ سەردانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم بە مەبەستی زیاتر هاوکاری و ئاسانکاری بۆ سەرجەم ئەو ئاستەنگیانەی رەنگە بێتە پێشیانەوە. لەڕاستیدا وەزارەت بەردەوام بووە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم بۆ هەموو ئەو پێداویستییانەی بۆ وەزارەت هاتووە، لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان.
رووداو: پرسە سیاسییەکان کاریگەرییان نەبووە؟ ئایا رێگری لەوە دەکرێت؟
عەدیلە حەموود: بە هیچ شێوەیەک کاریگەری لەسەر ئەوە نەبووە، لە راستیدا حکومەت بەردەوام داوای درێژەدانی کردووە بە بە دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان بۆ وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم بۆ ئەو رێژەیەی داوای دەکەن، ئەمەش ئەو بەرنامەی وەزارەت بووە هەر لە رابردووەوە، هیچ رۆژێکیش لە ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان نەوەستاوین.
باسی بابەتی تالاسیما و دەرمانی تالاسیمات کرد، لە راستیدا دوێنی پەیوەندیم لەگەڵ بەڕێز وەزیری تەندروستی لە هەرێم هەبوو لەبارەی دابینکردنی ئەو دەرمانانە، کە بڕیارە لەو نزیکانە بگاتە وەزارەتی تەندروستی.
رووداو: کەی بەدیاریکراوی؟
عەدیلە حەموود: پێش هەفتەیەک دەرئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتن، لە فەرمانگەی چاودێری و پشکنینی دەرمان، فەرمانمان کردووە بە دابینکردنی دەرمان بۆیان، ئێستاش کۆمپانیای گشتی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیکیشیەکان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی لە هەرێم بە مەبەستی دابینکردنی پشکی دەرمان و ناردنیان، رەنگە پشکەکەیان ئەمڕۆ یان سبەی بە دەستیان بگات.رووداو: ئەی سەبارەت بە شێرپەنجە؟
عەدیلە حەموود: من باسی دەرمانەکانم کرد بۆ چارەسەری شێرپەنجە، هەموو ئەو گرێبەستانەی دەگاتە وەزارەتی تەندروستی، راستەوخۆ دوای دەرچوونی ئەو دەرمانەنانە لە پشکنین لە فەرمانگەی چاودێری و پشکنینی دەرمان، دەرمانەکان بۆ فەرمانگەکانی تەندروستی دابیندەکرێت لەنێویشیاندا وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان لە پشکی خۆیان، بە پشتبەستن بەو دەرمانەی بەدەستمان دەگات، رەنگە نەبوونی ئەو
رووداو: لە کار و بەرنامەکانتدا بڕیار بوو تاقیگەی مەرکەزی بۆ زۆربەی پارێزگاکانی عێراق دروستبکەیت، ئایا بەردەوام دەبیت لەسەر ئەو پلانەت؟ ئایا کەی بۆ پارێزگاکانی عێراق بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش دەستیپێدەکەیت؟
عەدیلە حەموود: لە راستیدا کە باسی تاقیگەی سەنتەری چاودێری دەرمان دەکرێت، بڕیاربوو ژمارەیەک سەنتەر بێت، یەکێکیان لە هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها یەکی دیکە لە نەجەف، بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست، سێیەمیان لە بەسرە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی پارێزگانی باشوور، بەڵام دۆخی دارایی کاریگەری هەبوو لە دابینکردنی ئەو تاقیگانە بە ئامێر و کەلوپەلی پێویست، بۆ ئەوەی ببنە سەنتەری تایبەتمەندی پشکنینی دەرمان، ئەمە لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتە، بەڵام بەدڵنیاییەوە، ئەگەر پارەی پێویست هەبوو بۆ دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی پێویست، ئەوا دەستدەکەین بە دابینکردنی کەلوپەل و پێداویستی ئەو سەنتەرانە و، ئەو سەنتەرانەش بەرپرس دەبن لە پشکنینی دەرمان، دروستکردنی ئەو سەنتەرەش لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پلانی وەزارەت و دیاریکردنی پارەی پێویستەدایە.
رووداو: ئێستا وەکو خۆت دەزانی بنچینەی تاقیگەی مەرکەزی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئایا لەپلانی درێژخایەنتدا هەیە دانیپێدا بنێیت و گەشەی پێبدەی؟
عەدیلە حەموود: ئێستا ئێمە لەگەڵ فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی و وەزارەتی تەندروستی هەرێم کار دەکەین بۆ پێویستی و داواکارییەکانی ئەم سەنتەرە، چۆن ئەم سەنتەرە ئامادەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و کارکردنیش بەردەوامە لەنێوان وەزارەتی تەندروستی ناوەند و وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ فەراهەمکردنی داواکارییە سەرەکی و پێویستییەکانی ئەو سەنتەرە کە سەنتەرێکی پشتپێبەستراوبێت بۆ پشکنینی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان وەکو تاقیگەیەک بۆ چاودێری فەرمانگەکان.
رووداو: ئێستا لە کوردستان و عێراق بەگشتی، کۆمەڵێک کۆمپانیای وەبەرهێنانی دەرمان سەرپێکەوتوون دەتوانن بەشی پێداویستی دەرمانی هەرێمی کوردستان و عێراق دابینبکەن، تەنانەت ئەگەر پاڵپشتییان بکرێت دەتوانن هەناردەی دەرەوەی بکەن، پلانت چییە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ؟ بۆ ئەوەی رێگری بکەی لە هێنانی ئەو دەرمانانەی کە هاوشێوەی بەرهەمە ناوخۆیەکانن؟
عەدیلە حەموود: ئێمە، وەک وەزارەتی تەندروستی مامەڵە لەگەڵ ئەو کارگانە دەکەین، کە دەرمان و پێداویستی پزیشکی دروست دەکەن، لەوانە ئەو کارگانەی ژیناو بۆ وەزارەت دابین دەکەن، گرێبەستمان لەگەڵ ئەو کارگانە هەیە، وەکو کارگەی نیشتمانی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین، راستەخۆ داوایان لێدەکەین و پێویستییەکانی وەزارەتی تەندروستی لە بەرهەمەکانیان دابین دەکرێت، کۆمپانیای گشتی بۆ دابینکردنی دەرمان و پێویستی پزیشکی، گرێبەستی زۆری لەگەڵ کارگەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەر بەرهەمێک لەو کارگانەی هەرێمی کوردستان بەرهەمبێت، وەزارەتی تەندروستی راستەوخۆ داوا لە کارگانە دەکات بۆئەوەی پێویستییەکانی دابین بکەن.
رووداو: تەنیا تەرکیزمان لەسەر هەرێمی کوردستان نییە، خۆت دەزانی رۆژانێک سامەڕا زۆربەی پێداویستییە پزیشکییەکانی عێراقی دابین دەکرد، ئێستا دەتوانین لە هەرێمی کوردستان، بەغدا و بەسڕە وابکەین کەمتر پێویستیمان بەدەرەوە هەبێت و یاسای پاراستنی بەرهەم لە عێراق هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی گەشە بکات و هەزاران کرێکاری عێراقی بکەونە سەر کار.
عەدیلە حەموود: لە راستیدا وەکو وەزارەتی تەندروستی، کەرتی تایبەت سیاسەتێکی تایبەتی هەیە لەبارەی هاوردەکردنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و دابینکردنی لەلایەن کەرتی تایبەتەوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پێویستییەکانی وەزارەتی تەندروستی هەیە، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و لەنێو یاسای بودجەی ئیتیحادیدا هەیە، وەزارەتەکان سەرەتا پشت بە کارگە نیشتمانییەکان دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستیەکانیان، وەزارەتی تەندروستی کاری لەسەر ئەمە کردووە، پێداویستییەکانی لە دەرمان و پێداویستەکانی لەو کارگانە دابین بکات، کە لەنێوخۆی عێراق بەرهەم دەهێنرێت، جا کارگەکان لە هەرێمی کورستان بن، یاخود لە کارگەی دەرمان و کەلوپەلە پزیشکییەکانی سامەڕا و یاخود کارگەکانی دیکە، و، یان کارگەی ئەهلی بێت، ئاراستەیەکی نوێ هەیە بۆ کۆمپانیای گشتی و بەبازاڕخستنی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی بەشداری گرێبەستی هاوبەش بکات، لەگەڵ کارگە باوەڕپێکراوە جیهانییەکاندا، بۆ ئەوەی کارگەکانیان بهێننە ناو عێراق و بەرهەمهێنان بکەن و پێویستییەکانی عێراق دابین بکەن، لەجیاتی ئەوەی لە دەرەوە دەرمان و کەلوپەلە پزیشکییەکان هاوردە بکەیت.
رووداو: سەبارەت بە مەسەلەی کوتانی ساڵانە، ئێستا کاتییەتی و کۆبوونەوە دەکەیت و پلان دادەنێیت، ئەمە کەی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات؟
عەدیلە حەموود: پرۆگرامی نیشتمانیی کوتان، پرۆگرامێکە بۆ هەموو عێراق، لە سەرجەم پارێزگان و هەرێمی کوردستان کاریپێکراوە، بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو و بەپێی ئەو خشتە کوتان دەکرێت، ئێمە بەشێوەیەکی باش کاری لەسەر دەکەین، لە دامەزراوە تەندروستییەکانی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە یاخود لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، پرسێکی دیکە تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵمەتەکانە، ئەمە وێڕای خشتە نیشتمانییەکە، ئەم هەڵمەتانەش وادەی خۆیان هەیە و پاساوی خۆی هەیە بۆ ئەنجامدانی.
رووداو: هیچ هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە؟ کەی دەستپێدەکات؟
عەدیلە حەموود: بەڵێ، لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق ئەو هەڵمەتانە ئەنجام دەدەین بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەهاوکاری لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەسەرووی هەموویان رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بۆ نموونە ئەمڕۆ هەڵمەتێک لەبارەی ئیفلیجی منداڵان ئەنجام دەدەین، لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەهەمانشێوە وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش ئەنجامی دەدات، لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارتی تەندروستی مکوڕە لەسەر کوتانەکان و دابینکردنیان بەشێوەیەکی باش و ئەنجامدانی ئەو هەڵمەتانە لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا، هەروەها چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ ئەوەی هاووڵاتیان ئەو کوتانە وەربگرن، هۆشیاری بدرێتە خێزانەکان، کە پێویستە ئەمە وەربگرن لەچوارچێوەی خشتەی دیاریکراوی خشتەی نیشتمانی کوتانەکان، هیچ کێشەیەکمان لە نەبوونی هیچ کوتانێک نییە و هەمووی دابینکراوە لە سەرجەم فەرمانگەکانی تەندروستی، لەنێویاندا وەزارەتی تەندروستی هەرێم.
رووداو: لە بازاڕی ئازاددا سیاسەتی نرخدانان سەختە، بەڵام لە عێراقدا بەهۆی بێکاری و هەژاری زۆرکەس ناتوانێت دەرمان بکڕێت، لەدرێژەی کارەکانتدا پلانێکت هەیە بۆ ئەوەی هەندێک لە دەرمانەکان نرخیان دیاریبکرێت؟ بەڕاستی لە بەغداوە هەتاوەکو هەرێمی کوردستان و بەسڕە و لە دەرمانخانەیەک بۆ دەرمانخانەیەکی دیکە نرخی شرووبێک جیاوازە.
عەدیلە حەموود: سوپاس بۆ تۆ، ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، ئەمە لە چوارچێوەی بەرنامە گرنگەکانی وەزارەتە، لە دوو ساڵی رابردوودا وەزارەت کاری لەسەر کردووە، بۆئەوەی نرخ لەسەر دەرمان دابنرێت، ئەمە تەنیا دیاریکردنی نرخێکی دیارکراو نییە لەسەر دەرمانێک بۆ کڕینی لەلایەن هاووڵاتییانەوە، ئەمە دەبێتە هۆی گەرەنتی ئەوەی چارەسەری هاووڵاتی عێراقی پشکینی بۆکراوە، بەو پێیەی پرۆسەی دانانی نرخ بە زنجیرەیەک رێوشوێنی وەزارەتی
لەماوەی شەش مانگدا سەرجەدەرمانەکان لە دەرمانخانە و کۆگاکان نرخیان لەسەر دادەنرێت
رووداو: چ لە هەرێمی کوردستان، چ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەگشتی زۆر دەرمانی کۆپی و بێ کوالێتی هەیە، ئەمە ئەگەر رێگەی لێنەگیرێت کارەساتێکی گەورە دروست دەکات، ئەمە تاچەند لە ئەولەوییەتی کارەکانتانە؟
عەدیلە حەموود: وەکو باسمکرد، پرۆژەی دانانی نرخی دەرمان، سنووردانانە بۆ هێنانەناوەی هەر دەرمانێکی کۆپی و نەپشکنراو و قاچاخ، ئەمە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو بابەتەیە، هەر وەک باسمکرد، بە زنجیرەیەک رێوشوێن تێپەڕدەبێت، تاوەکو دەگاتە دەست هاووڵاتیان لە دەرمانخانەکان، هەروەها لێدانی ستیکەر بۆ ئەوەی لایەنی هاوردەکراو روون بێت، مێژووی پشکنین و بەسەرچوونی، هەموو ئەمانە وردەکانییەکانی تێدادەبێت.
رووداو: دەگوترێت کەسی سیاسیی زۆر بەهێزی لەپشتە ئایا تۆ دەتوانی؟ چونکە خۆت دەزانی بازرگانیی چەک و ماددەی هۆشبەر و دەرمان قازانجی هەیە، ئایا دکتۆر تۆ تووشی کێشە نابیت لەم کارە مەزنەی کە دەڵێی بەجدی گرتووتە؟
عەدیلە حەموود: بەدڵنیاییەوە من بەردەوام دەبم لەسەر ئەو پرۆژەیە، ئەو تەحەدایانەی کە باستکرد، بابەتی هێنان و قاچاخچییەتی دەرمان و پێدوایستیی پزیشکی، بابەتێکی ئەوا ئاسان نییە، بەو بەرنامەی، کە وەزارەت دەستیپێکردووە، بەجدی کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە سەرکەوتووبێت، کە هاووڵاتی عێراقی خوازیاریەتی، پشتیوان بەخوا بە جدی کاردەکەن بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو کەسانە بووەستینەوە، کە دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە پەکبخەن.
رووداو: هەوڵ هەیە بۆ رێگریکردن لەو پرۆژەیە؟
عەدیلە حەموود: نەخێر، پشتیوان بەخوا، تاوەکو ئەم چرکەساتە پرۆژەکە کاری لەسەردەکرێت، لەگەڵ ئەو کێشانەی دێنە رێگاوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆن هەیە بە سەرۆکایەتی بریکاری تەکنیکی و سەندیکای دەرمانسازان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە لە پرۆسەی جێبەجێکردندا دەردەکەوێت، ماوەی 6 مانگ کاتمان بۆ داناوە، بۆیە بە جدی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبینەوە، کە دەیانەوێت ئاستەنگ لەبەردەم ئەم پرۆژەیە دروستبکەن، هەروەها چارسەری خێرا بۆ هەر کێشەیەک دەکەین، کە هەوڵ بدرێت ئاستەنگ لەبەردەم ئەم پرۆژەیە دروست بکات.
رووداو: دکتۆر عەدیلە بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی لە هەرێمی کوردستانی دا، لەزۆر شوێن نەخۆشخانەکان رووخاون بۆنموونە لە ناحیەی بەمۆ، لەناحیەی مەیدان و دەربەندیخان، ئایا بودجەیەکت تەرخانکردووە بۆ ئەو ناوچانە، چییان بۆ دەکەی؟
عەدیلە حەموود: لەڕاستیدا، ئەمە بابەتی گرنگیدانی حکومەتە، نەک تەنیا وەزارەتی تەندروستی، لەو کاتەی بوومەلەرزەکە روویدا، ئەنجوومەنی وەزیران رای وابووە کە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ئەنجامی بدەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەو زیانە، هەروەها لیژنەیەک لە ئەمینداریەتی ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتووە و سەردانی ناوچەکەیان کردووە و هەڵسەنگاندنیان بۆ زیانەکان کردووە و لەنێو لیژنەکەدا بەشداربووین.
رووداو: لە لایەنی تەندروستییەوە؟
عەدیلە حەموود: بەڵێ لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیە بەشداربووین و نوێنەری وەزارەتی تەندروستی تێدابوو، هەڵسانگاندیان کردووە بۆ زیانی دامەزراوە تەندروستییەکان و پێداویستییەکان و دابینکردنی لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، بۆ ئەوەی کۆمەک و پشتیوانی خێرایان بۆ دابین بکەین، وەزارەت سەرجەم پێدوایستییەکان دابین دەکات و پێشتریش کاریکردووە، لە بودجەی فریاگوازری وتەنگەتاوی، بڕە پارەیەک لەلایەن حکومەتەوە تەرخانکراوە، بۆ دووبارە نۆژەنکردنەوەی ژێرخان و لەنێویاندا فەرمانگەکانی تەندروستی، هەووەها ئەو زیانانەی بەر نەخۆشخانە کەوتوون.
رووداو: خۆت چاودێری دەکەیت، تاوەکو بزانی کەی ئەو کۆمەکەیان پێدەگات؟
عەدیلە حەموود: بەڵێ، ئەمە کارێکی بەردەوامە، نوێنەری وەزارەت بەردەوامە لەگەڵ لیژنەی باڵا و فەرمانگەی تەندروستی، هەروەها لە دەرەوەی ئەو لیژنەیەش، وەزارەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم و فەرمانگەی تەندروستی لەبارەی پێداویستییەکانی دەرمان و کەلوپەل و پشتیوانی راستەخۆ لەلایەن وەزارەت، بۆیە وەزارەت بەردەوامە لە پشتیوانیی، لە نێویاندا بۆ ئاوارەکانی ئەو ناحییەیە، کە خانووەکان زیانیان بەرکەوتووە و لەنێو خێمەکان دەژین، وەزارەت لە سەروبەندی ناردنی کاروانێکی دەرمان و پێداویستی بەپەلەیە بۆیان.
رووداو: کەی دکتۆر عادیلە لە کوردستان کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەت دەکات؟ سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەکات؟ کە زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارەی عەرەب لە کوردستانن، کەی لە سلێمانی، دهۆک یان هەولێر دەتبینین؟
عەدیلە حەموود: بەم شێوە دیاریکراوانە مامەڵە ناکەم، کەی و لەهەر شوێنێکی عێراق پێویست بکات، لەوێ ئامادە دەبم، چەند جارێک سەردانی هەرێمم کردووە و، کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتییەکان هەبووە، پشتیوان بەخوا ئامادەدەبین و سەردانی ئەو ناوچانە دەکەین، کە زیانیان بەرکەوتووە، وەکو باسم کرد، نوێنەری وەزارەت دەسەڵاتی تەواوی هەیە کە پێویستییەکان دیاری بکات و وەزارەتیش راستەوخۆ دابینیان بکات، پشتیوان بەخوا بەو نزیکانە سەردانمان دەبێت بۆ ئەو ناوچانەی بەهۆی بوومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە.
رووداو: دکتۆر عەدیلە بەشداریی لە کەمپەینی رووداوی دەربەندیخان کردووە و بەدیاریکراوی چی بۆ دەربەندیخان دەنێریت؟
عەدیلە حەموود: پشتیوان بەخوا، لەماوەی هەفتەی داهاتوودا، بارێکی دەرمان و کەلوپەل و پێداویستییەکان رەوانە دەکەین بۆ فەرمانگەی تەندروستی و بە دیاریکراویش بۆ ئەم کەمپە.
رووداو: لەهەموو شتێک زیاتر شانازی بە چییەوە دەکەی لەوکارانەی کە بۆ عێراق ئەنجامتداون؟
عەدیلە حەموود: لە راستیدا، شانازی بەوەوە دەکەم لە لووتکەی وەزارەتی تەندروستیم لە دۆخێکی تایبەتدا، کە وڵات پێیدا تێپەڕدەبێت، هاتنی داعش بۆ ناوچەیەکی بەرفراوانی خاکی عێراق و لەوکاتەی دەستبەکاربووم و لەو ماوەیەدا وەزارەتی تەندروستی ئەرکی گەورەی ئەنجامداوە، لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەکان، وەزارەتەکەی سەرکەوتووبووە، هیچ حاڵەتێکی بڵاوبوونەوەی پەتا تۆمار نەکراوە ئەمەش بە گەواهیدانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە کەمپی ئاوارەکاندا، بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمار کراوە، ئەمەش بە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش بووە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی هەرێم، وێڕای کارکردن و پشتیوانیمان، کە کارێکی شەرەفمەندایە بۆ وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەگەڵ ئەو خزمەتانە تەندروستیانەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم پێشکەشی کردووە بە بریندارەکانمان لە هێزە ئەمنییەکانمان و ئەو هاووڵاتیانەی لەکاتی پرۆسەکانی رزگارکردن برینداربوون، نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان و کارمەندەکانیان رۆڵێکی گەورەیان هەبووە و کارێکی شەرەفمەندانەیان ئەنجامداوە، پێشوازیانکردووە لە ژمارەیەکی زۆری بریندارەکانی دانیشتووی نەینەوا و هێزە ئەمنییەکان، دەروازیەکی راستەخۆ بوون بۆ نەخۆشخانەکانی فەرمانگەی تەندروستی هەولێر، هەروەها وەزارەتەکەیان شانازی بەوەدەکات کاردەکات بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ناوچە ئازادکراوەکان، لەگەڵ ئەو دۆخە داراییە سەختە و کەمی پارە بۆ وەزارەتەکەیان، هەروەها کارەکانی فەرمانگەی پزیشکی دادی بۆ دۆزینەوەی تەرم و ناسینەوەی ژمارەیەکی زۆری شەهیدەکانمان، کە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم بوارە، ستایشی ئەو کارە دەکەن، ئەمە دەستکەوتێکی نایابە بۆ عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ