وەزیری دەرەوەی سۆماڵیلاند بۆ رووداو: هیچ شتێك ئێمە بە سۆماڵ نابەستێتەوە

21-05-2017
ئەیوب نووری
نیشانەکردن سۆماڵیلاند
A+ A-

رووداو - هارجیسا

رابردوویان و ئێستای سیاسییان زۆر لەوەی هەرێمی كوردستان دەچێ‌، ئامادەبوون لەگەڵ حكومەتی ناوەندیی سۆماڵ بە ئاشتی بژین، بەڵام نەك بە ئاشتی نەژیان، بەڵكو لەسەر دەستی سوپای ئەو وڵاتە كۆمەڵكوژ كران. ئەوان كە تاوەكو شەستەكانیش سەربەخۆ بوون، خۆیان كردەوە بە بەشێك لە سۆماڵ، بەڵام پەشیمانن و ئێستا بە هەموو شێوەیەك پارێزگاری لە نیمچە سەربەخۆییەكەیان دەكەن. 


بۆ سۆماڵیش وا باشە ئێمە جیاببینەوە


سۆماڵیلاند 25 ساڵە رێگەی جیابوونەوەی لە سۆماڵ هەڵبژاردووە، بەڵام هیچ وڵاتێك ئامادە نییە دانی پێدابنێ‌ و هەموویان چاویان لە دەمی سۆماڵە، ئەستەمیشە سۆماڵ ئامادە بێ‌ دان بە دەوڵەتێكدا بنێ‌ كە تاوەكو ئێستاش بە بەشێك لە خۆی دەزانێ‌. سەعد عەلی شێرە، وەزیری دەرەوەی سۆماڵیلاند لەناو ئۆفیسەكەی خۆی لە هارجیسای پایتەختی سۆماڵیلاند، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ هەفتەنامەی (رووداو)، باسی هەوڵەكانیان بۆ سەربەخۆیی دەكات.

رووداو: من ئاگادارم كە 25 ساڵە سۆماڵیلاند هەوڵ دەدات دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەستبێنێ. هۆكار چییە جیهان ئامادە نییە دانتان پێدا بنێ؟

سەعد عەلی شێرە: سەرەتا پێمخۆشە بەخێرهاتنت بكەم بۆ سۆماڵیلاند و بۆ وەزارەتی دەرەوە. مایەی خۆشحاڵیمانە تۆ لێرەی. سەرەتا پێمخۆشە باكگراوندێكی مێژوویی سۆماڵیلاندت بۆ باس بكەم. سۆماڵیلاند لەساڵی 1887ەوە هەتا مانگی حوزەیرانی 1960 لەژێر پاراستنی بەریتانیا بوو. كەواتە سۆماڵیلاند بۆ ماوەی 73 ساڵ لەسەر نەخشە بووە و وڵاتێكی نوێ نییە. ساڵی 1960 كاتێ سەربەخۆییمان وەرگرت، حكومەتمان دروستكرد و ئەنجوومەنی یاسادانانیشمان هەبوو، بەڵام ئەو كاتە هەستێكی زۆری دژە داگیركەر هەبوو لەناو كۆمەڵگای ئێمە. ناسیونالیزمی ئەفریقی بەهێز بوو.
 
سۆماڵیلاند دەوڵەتێكی نوێ‌ نییە و 73 ساڵ لەسەر نەخشە بوو

هەروەها خەونی ئەوە هەبوو كە هەموو خەڵكانی سۆماڵیزمان یەكبگرن. لەئەنجامی ئەو جۆرە بیركردنەوەیەدا بەپەلە خۆمان كرد بە بەشێك لە سۆماڵ. هەرچەندە لەڕووی یاساییەوە ئەم یەكگرتنە لەژێر پرسیاردا بوو، چونكە بڕیار وابوو كە پەرلەمانی هەردوولا یاسای یەكگرتن دەربكەن، ئینجا هەردوو وڵات یەكبگرن، لەدوای ئەوەی هەردوولا ئیمزای دەكەن. بەڵام وا نەكرا، ئەو یاسایەی سۆماڵ دەریكرد هەر خۆیان بەتەواوی پشتگوێیان خست. كەواتە ئێمە رێككەوتنێكی لەوشێوەیەمان هەرگیز ئیمزا نەكرد. تەنانەت دواتر یاساكەی سۆماڵ كەوتە بەر دەنگدان و لێرە بەتەواوی رەتكرایەوە. پێمانوابوو دەستووریی نییە. لەراستیدا ئەوەی لەنێوانماندا هەبوو یەكگرتن نەبوو، تەنها ئارەزوویەك بوو بۆ یەكگرتن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا 31 ساڵ بەیەكەوە بووین، لەو ماوەیەدا خەڵكی سۆماڵیلاند پەراوێزخران و زۆر نەهامەتییان بینی، بەتایبەت لە 10 ساڵی دوایینی حوكمی سیاد بەڕڕی. لەنێوان ساڵانی 1981 بۆ 1991 نزیكەی 100 هەزار كەسمان لەدەستدا.
 
بەرهەمی یەكگرتنمان لەگەڵ سۆماڵ ئاوارەیی و وێرانكاری بوو

رووداو: چۆن؟ لە زینداندا، بە لەسێدارەدان، بە چ شێوازێك؟

سەعد عەلی شێرە: لەدوایین ساڵانی 1980 هەڵمەتێكی جینۆساید هەبوو لەدژی خەڵكی ئێمە. هەتا ئەم ساتە 243 گۆڕی بەكۆمەڵمان دۆزیوەتەوە. هەموو وڵاتەكەشمان پڕ كرا لە مین. یەك ملیۆن مین لێرە چێنرا. تا ئێستا نزیكەی هەزار كێڵگەی مینمان دەستنیشان كردووە.
 
لەبەر ناسیۆنالیزمی ئەفریقی بووینەوە بە بەشێك لە سۆماڵ

رووداو: ئەمانە هەموو لەلایەن ئەو رژێمەوە ئەنجامدران كە بڕیاربوو حكومەتی هەمووان بێ.

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ، حكومەت خۆی ئەم كارانەی كرد. ئەم شارەش، هارجیسا، بەتەواوی تەخت كرا بە تۆپ و بۆردومانی ئاسمانی.

رووداو: كەواتە ئێوە بۆ ماوەی 30 ساڵ چانسێكتان دا بە سۆماڵ كە پێكەوە لەگەڵیان لە وڵاتێكی دیموكراسیدا وەك بەشداری راستەقینە بژین، بەڵام ئەوەی لەبەرامبەردا وەرتانگرت چی بوو؟ بۆمباران و كوشتن.

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ، ئێمە كراینە قوربانی. دواتر لەساڵی 1991 حكومەتی سۆماڵ هەرەسی هێنا. ئێمە 10 ساڵ بوو لەدژی حكومەت دەجەنگاین. هەر كە حكومەت لەوێ هەرەسی هێنا، خەڵكی ئێمە بڕیاری دا لە سۆماڵ جیاببنەوە. چونكە ئەو یەكبوونە خزمەتی هیچ ئامانجێكی نەدەكرد. تاكە ئەنجامی ئەو یەكبوونەمان ئاوارەیی و وێرانكاری بوو. خەڵكی ئێمەش هەموو گوتیان ئیتر بەسە. دەبێ سەربەخۆیی خۆمان وەربگرینەوە. ئەوەبوو 25 ساڵ لەمەوبەر سەربەخۆییمان راگەیاند. لەو كاتەوە وڵاتێكی سەربەخۆین، پەرلەمان و سەرۆك و ئەنجوومەنی هەڵبژێردراویشمان هەیە. سوپا و پۆلیس و ئاڵا و دراوی خۆمان هەیە.

رووداو: كەواتە هەر كە سۆماڵیلاند دەستی كرد بەوەی خۆی حوكمی خۆی بكات، شتەكان بەرەو باشتر چوون. رێك پێچەوانەی سەردەمی سیاد بەڕڕی؟

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ، لەڕاستیدا ئەوەی ئێمە لە 25 ساڵی رابردوودا بەدەستمان هێناوە، بەهیچ شێوەیەك بەراورد ناكرێ لەگەڵ ئەوەی 30 ساڵ پێش ئێستا. بۆ نموونە لە ساڵی 1991 تەنانەت یەك زانكۆش لێرە نەبوو، بەڵام ئێستا زیاتر لە 30 زانكۆمان هەیە لە سەرتاسەری وڵات.
 
لەبەر ناسیۆنالیزمی ئەفریقی بووینەوە بە بەشێك لە سۆماڵ

رووداو: باشە. ئێوە لێرە دیموكراسیتان هەیە، لەگەڵ پەرلەمانێكی كارا و سەرۆكی هەڵبژێردراو. هەروەها سەقامگیریشتان هەیە. لەهەمانكاتدا دەبینن سۆماڵ لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەوە چی بەسەر هاتووە. ئەی بۆچی جیهان ئەمە نابینێ و دانتان پێدا نانێ؟ ئایا لەبەر خاتری سۆماڵە یان چی؟

سەعد عەلی شێرە: بەهەموو شێوەیەك سۆماڵیلاند دەوڵەتە، چونكە هەموو مەرجەكانی دەوڵەتی تێدایە. سنووری دیاریكراوی هەیە. دانیشتووانی خۆی هەیە. حكومەتێك لەسەر حوكمە كە لەتوانایدا هەیە رێككەوتن لەگەڵ وڵاتان و كۆمپانیای بیانی  بكات. كەواتە جۆرێك لە دانپێدانانمان بەدەستهێناوە، بەڵام پێویستمان بە دانپێدانان هەیە بە سەروەریی سۆماڵیلاند.

رووداو: خۆ دەبووایە ئەو كارە ئاسان بێ. بۆ نموونە جیاوازیتان لەگەڵ هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە ئێوە سەربەخۆییتان راگەیاندووە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان هێشتا هەرێمێكی ئۆتۆنۆمییە و بە فەرمی سەربەخۆیی رانەگەیاندووە. ئێوە هەنگاوێك لەپێشترن. كەواتە هۆكار چییە دانتان پێدا نانێن. ئایا دەیانەوێ سۆماڵ چاك بكەنەوە. پێتوایە سۆماڵ جارێكی دیكە بتواێ بكەوێتەوە سەرپێی خۆی؟
 
100 هەزار كێڵگەی مین لە سۆماڵیلاند هەن

سەعد عەلی شێرە: رەنگە دوو هۆكاری سەرەكی هەبن. یەكەم پەیوەندی بە سۆماڵەوە هەیە. بۆ نموونە، بۆچوونێك دەڵێ با جارێ سۆماڵ چارەسەر بكەین پێش ئەوەی باسی مەسەلەی سۆماڵیلاند بكەین. ئێمە ساڵی 2012 دانوستاندنمان دەستپێكرد لەگەڵ سۆماڵ و ئێستا هەندێ دەڵێن با راوەستین و چاوەڕێی ئەنجامی ئەو گفتوگۆیانە بكەین. ئەوە یەك لە هۆیەكانە. بێگومان سۆماڵ ئێستاش سۆماڵیلاند بەهی خۆی دەزانێ، هەرچەندە لەم كاتەدا هیچ شتێك ئێمە بەوانەوە نابەستێتەوە. ئەوروپییەكانیش دەڵێن ئەوە مەسەلەیەكی ئەفریقییە و لەگەڵ یەكێتیی ئەفریقا قسە بكەن و دانپێدانانی ئەوان بەدەستبێنن پێش ئەوەی ئێمە دانتان پێدا بنێین. بەڵام ئەوە رەوا نییە. پێش هەموو شتێك، ئێمە كەیسێكی یاساییمان هەیە كە لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دانمان پێدا بنرێ. هەروەها مەسەلەیەكی ئەخلاقییشە، ئەگەر هەموو ئەو نەهامەتییانە لەبەرچاو بگری كە بەسەر خەڵكی ئێمەدا هاتوون لە ماوەی 30 ساڵ پێكەوەبوونمان لەگەڵ سۆماڵ. ئێمە لەڕووی یاسایی و لەڕووی مرۆییشەوە دەبێ لەلایەن كۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بناسێنرێین. بەڵام ئێمە هەر گەشبینین.
 
لەگەڵ سۆماڵ یەكمان نەگرتەوە، ئارەزووی یەكگرتنەوەمان هەبوو


رووداو: من لێرەو لەوێ بیستوومە دەڵێن ئەگەر سۆماڵ دانتان پێدا بنێ، جیهانی دەرەوەش دانتان پێدا دەنێ. پێتوایە هەرگیز رۆژێ لە رۆژان سۆماڵ بڵێ باشە ئێوە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەناسم؟

سەعد عەلی شێرە: هیوادارم وابێ. من باوەڕم وایە ناساندنی سۆماڵیلاند بە فەرمی لەلایەن هەمووانەوە، پێش هەموو شتێ سوود بە خودی سۆماڵ دەگەیەنێ. بۆ هەردوولامان وا باشترە كە دوو دراوسێ و برای یەكتر بین و لەسەر هەموو بەرژەوەندییە هاوبەشەكان هەماهەنگی بكەین.

رووداو: هەندێ لایەن دەڵێن، ئەگەر هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێ، دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لەناوچەكە، بەڵام سەركردەكانی كورد دەڵێن نەخێر، دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتر. ئایا دەربارەی سۆماڵیلاندیش هەمان شت دەگوترێ؟

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ، هەمان شت دەڵێن. تەنانەت هەندێ دەڵێن سەربەخۆیی سۆماڵیلاند دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو لایەك داوای جیابوونەوە بكەن. ساڵی 2005 كۆمیسیۆنێك لە رێكخراوی یەكێتیی ئەفریقا هات بۆ ئێرە و دواتر راپۆرتێكی زۆر پۆزەتیڤ و باشیان نووسی. گوتیان ئەو مەسەلەیە سۆماڵیلاند ناگرێتەوە، چونكە لە مێژووی ئەفریقادا كەیسێكی دیكەی هاوشێوەی سۆماڵیلاند نییە. لەگەڵ هیچ ناوچەیەكی دیكەی ئەفریقا بەراورد ناكرێ.
 
سۆماڵ 100 هەزار كەسی لێكوشتووین


رووداو: بەتایبەتی كە ئێوە بەخواستی خۆتان بوون بە بەشێك لە سۆماڵ. مەسەلەكە ئەوە نییە ئێستا لێیان جیا ببنەوە.

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ وایە. ئێمە خۆویستانە بووین بە بەشێك لە سۆماڵ. كەس زۆری لێ نەكردین. هەر خۆویستانەش ئەو یەكێتییەمان بەجێهێشت. ئەمەش یەكەمجار نییە لە ئەفریقا شتی وا روودەدات. بۆ نموونە، سەنیگال و گامبیا وەك دوو وڵاتی سەربەخۆ یەكیانگرت و دواتریش جیابوونەوە. وەك دەزانی، یەكگرتنیش لەنێوان میسر و سووریا روویدا كە دواتر بەئاشتیانە لێكجیابوونەوە. هەروها كەیسی سوودانیش هەیە كە یەك وڵات بوو، بەڵام بەشێوەیەكی ئاشتیانە بوو بە دوو وڵات. راستە ساڵانێك شەڕیان كرد، بەڵام جیابوونەوەكەیان بە دانوستاندن بوو.

رووداو: وەك وەزیری دەرەوە، دەتوانی پێمان بڵێی سیاسەتی دەرەوەی سۆماڵیلاند لەسەر چ بنەمایەكە؟ چونكە هەندێ دەڵێن كە سۆماڵیلاندێكی سەربەخۆ، یان كوردستانێكی سەربەخۆ دەبێتە هۆی هەڕەشە لەسەر دراوسێكانی. چ جۆرە سیاسەتێكی دەرەوە پەیڕەو دەكەن لێرە؟
 
تاوەكو ئێستا 243 گۆڕی بە كۆمەڵمان دۆزیوەتەوە

سەعد عەلی شێرە: ئێمە لە سیاسەتی دەرەوەمان پەیڕەوی سێ ستراتیژی دەكەین. یەكەم ستراتیژی سیاسییە. پەیوەندی و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بونیاد بنێین و هەماهەنگییان لەگەڵ بكەین لەهەموو بوار و بەرژەوەندییە هاوبەشەكاندا. دووەم ئابوورییە. دەمانەوێ زۆرترین سەرمایە بۆ وڵاتەكەمان رابكێشین. دەمانەوێ بتوانین كۆمەك لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەربگرین. هەروەها ستراتیژی ئاسایشیشمان هەیە لەگەڵ هاوپەیمانانمان تاوەكو وڵاتەكەمان و ناوچەكە لە ئاشتی و سەقامگیریدا بژین. 

رووداو: هیچ وڵاتێك هەیە پێیگوتبن، ببوورن ناتوانین پەیوەندیتان لەگەڵ ساز بكەین، چونكە سۆماڵ نیگەران دەبێ؟

سەعد عەلی شێرە: نەخێر. من ساڵی رابردوو چوومە 13 وڵات و ئەمساڵیش چوومەتە شەش وڵات. لەگەڵ دەیان وەزیر و بەرپرس كۆبوومەتەوە. تەنانەت یەكجاریش كەسێكم نەبینی بڵێ ئێوە شوێن كڵاوی بابردوو كەوتوون. هەموو لەگەڵمان هاوسۆزن و دەڵێن بەڕاستی پێویستە دانتان پێدا بنرێت. پێموایە ئێمە كەیسێكی زۆر بەهێزمان هەیە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە دانمان پێدا بنێ.

رووداو: تائێستا چەند وڵات پێیگوتوون ئەگەر یەك وڵات دانتان پێدا بنێ ئێمە دووەم دەبین؟
 
یەك ملیۆن مین لە سۆماڵیلاند چێندراون


سەعد عەلی شێرە: زۆر وڵات وایان پێگوتووم. نامەوێ لەبەردەم كامێرا ناویان بهێنم، بەڵام لەدنیادا زۆر هاوسۆزی هەیە بۆ كەیسی سۆماڵیلاند.

رووداو: دوا پرسیارم ئەوەیە، ئایا پێتوایە كە دەبێ دنیای دەرەوە زیاتر دەربارەی سۆماڵیلاند بزانن؟
 
سەعد عەلی شێرە: من هەست دەكەم دنیا ئەوەندە دەربارەی سۆماڵیلاند نازانن كە دەبوو بیانزانیایە. بێئاگاییش یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم دانپێدانانمان. ئێمەش ئێستا كار لەسەر ئەوە دەكەین.

رووداو: ئێوە ئاگاداری بارودۆخی هەرێمی كوردستانن؟ بۆچوونتان چییە دەربارەی كوردستان؟

سەعد عەلی شێرە: بەڵێ، خەڵكی سۆماڵیلاند ئاگاداری بارودۆخی كوردستانن، چونكە زۆر لێكچوونمان هەیە. هەروەها هاوسۆزین لەگەڵ دۆزی كوردستان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە