عیرفان عەبدولعەزیز: حیزبەكان بۆ دەستماچکردنی عەبادی واستە دەكەن

12-02-2018
پێشه‌وا هه‌ورامانی
نیشانەکردن عیرفان عەبدولعەزیز عەبادی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو) رەخنە لەو حیزبانە دەگرێ‌ كە دەچنە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆدەبنەوە. ئەو دەڵێت كە ئەوە "بێ‌ شەهامەتییە عەبادی شارێكت لێ‌ داگیر بكات و خەڵكت لێ‌ بكوژێ‌، تۆش بچی دەستی ماچ بكەی".

 
چەند جارێك داوایان لێكردووین بچینە بەغدا، بەڵام رەتمانكردووەتەوە


رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی دەڵێت چەندینجار داوایان لێكردوون بچنە بەغدا، بەڵام سەرەڕای ئاشنایەتییان لەگەڵ عەبادی، ئەو دیدارانەیان رەتكردووەتەوە. سەبارەت بە دروستكردنی لیستی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت، كۆمەڵی ئیسلامی بۆ عێراق بێهیوای كردوون، بەڵام هێشتا ئومێدیان ماوە بۆ هەڵبژاردنی كوردستان لەگەڵیان بێ‌.

رووداو: هەندێك گفتوگۆتان دەستپێكردووە، ئێوە وەكو نێوەندگیرێك دەردەكەون بۆ نزیكبوونەوەی ئیسلامییەكان لە یەكدی. گەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك بۆ ئەوەی لیستێكی هاوبەشتان هەبێ‌ بۆ هەڵبژاردن؟ 

عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە پێشتر بە هەموومان بڕیارێكمان داوە كە جیا لەو سێ‌ هێزە سیاسییە، هێزەكانی دیكەش بەشدار بكەین. وەكو رەوتی سەلەفی و رەوتی سۆفی، هەوڵیشمان لەگەڵ داون. ئەوەی ئێمە و برایانی یەكگرتوو لەوەوە سەرچاوە دەگرێ‌ كە چەند جارێك لە كۆبوونەوەكانمان باسمان كردووە ئەگەر ئەو سێ‌ هێزە لە دروستكردنی لیستێك سەركەوتوو بوون، ئەوە زۆر چاكە. ئەگەر دوو هێزیش بن زۆر ئاساییە.
 
بێ‌ شەهامەتییە عەبادی كەركووك داگیر بكات و تۆش بچی دەستی ماچ بكەی

رووداو: ئێوە لەو باوەڕەدا نین كۆمەڵ لەگەڵ ئێوە نییە و كات دەكوژێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە دوو جۆر هاوكاریمان لەگەڵ یەكدی هەیە، هاوكارییەك لە لێژنەی هاریكاری ئیسلامی تاوەكو ئێستا بەردەوامە و هەفتەی رابردوو من سەردانی مامۆستا عەلی باپیرم كرد. ئەویش پێی باش بوو ئەو لێژنەیە هەر بەردەوام بێ‌، بەڵام مەسەلەی لیستەكە، برایانی كۆمەڵ دەڵێن ئێمە پێشتر هەوڵمانداوە سەری نەگرتووە. بۆیە سەربەخۆ دەبن.

رووداو: لە كۆمەڵ بێهیوا بوون؟

عیرفان عەبدولعەزیز: تاوەكو ئێستاش بۆ مەسەلەی كوردستان سەد لە سەد بێهیوایان نەكردووین، بەڵام بۆ عێراق ئەوان بە جیا دادەبەزن.

رووداو: ئەوان قازانج دەكەن یان زەرەر ئەگەر نەیەنە نێو ئەو بەرەیە؟ 

عیرفان عەبدولعەزیز: ئەو پەرتەوازەییە بە قازانجی كەسمان نابێ‌. لە دوو رووەوە. یەكەم: ئەوەی كە خەڵك ناحەقی نییە دەڵێن ئەو ئیسلامیانە لە كوردستان بوونیان چییە كە خۆیان هیچ پرۆژەیەكیان نەبێ‌ و هەر لە پەراوێزی ئەم حیزب و ئەو حیزب بن، ئەی خۆیان چین؟! بۆیە زۆر گرنگە ئیسلامییەكان بۆ خۆیان پرۆژەیەكی سیاسییان هەبێ‌. هەمیش بێدەنگ نەبن لەو وەزعە سیاسییەی لە كوردستان هەیە. چونكە ئەو وەزعە هەم لە رووە دینییەكەیەوە هیچ میللەتێك نییە لەسەر رووی زەوی بەو جۆرە ئیهانە بە دینەكەی خۆی بكات. 95%ی ئەو گەلە موسوڵمانە و سوننەشە، ئایا دەكرێ‌ لەسەر ئینتەرنێت ئەوها جنێو بە ئیسلام و قورئان و موقەدەساتی تۆ بدرێ‌. تۆش هەر دانیشی و بێدەنگ بی! دەكرێ‌ ئیجازە بەو هەموو رێكخراوە گومانلێكراوە بدەی! لەدوای 2003 بە لێشاو رێكخراوی گومانلێكراو هاتوونەتە كوردستان.  قوتابخانە دروست دەكەن، فكر و ئەخڵاقی منداڵانمان تێكدەدەن، زانیاریمان هەیە رۆژنامە هەیە لەم وڵاتە پارەی باشی دراوەتێ‌ بۆ ئەوەی دژایەتیی دین و ئەخلاقی ئەو میللەتە بكات.
 
بەغدا تا كاتی هەڵبژاردن یاری بە كات دەكات

رووداو: كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت بەهۆی ئۆپۆزیسیۆنبوونەوە دەنگیان زیاد دەبێ‌، تەنانەت دەنگی ئێوە و یەكگرتووش دەبەن، پێتوایە ئەو لێكدانەوەیە راست بێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: هێشتا هەڵبژاردن دەستی پێنەكردووە تا بزانین لێكدانەوەكەیان راستە یان نا. بە داخەوە لە كوردستانیش راپرسی نییە، بەڵام ئەوەی كە روویدا و بینیمان ئەو خۆپیشاندانانە كران رەحمیان بە كەس نەكرد.

رووداو: كۆمەڵ لە بزووتنەوەی ئیسلامی جیابووەوە، ساڵ بە ساڵ دەنگەكەیان لە ئێوە زیاتر دەبێ‌، هۆكارەكەی چییە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: لە دوای 2001 كە ئەوان ئیعلانی خۆیان كرد، ئێمە بەهۆی ئەو كێشەیەی لەگەڵ یەكێتی هەمانبوو، لە گۆڕەپانەكە نەماین و چووینە دەرەوە. بۆیە گۆڕەپانەكە بۆ برایانی كۆمەڵ یەكلابووەوە، تا ساڵی 2008 گەڕاینەوە و دووبارە بزووتنەوەی ئیسلامیمان رێكخستەوە.
رووداو: پەیوەندی مامۆستا عەلی باپیر لەگەڵ باوكی رەحمەتیتان باش نەبوو، لەگەڵ ئێوە پەیوەندی چۆنە؟
 
هێشتا لە كۆمەڵی ئیسلامی بێ‌ هیوا نەبووین

عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە ئێستا پەیوەندیمان زۆر باش و زۆر ئاساییە، چەند جارێك لەگەڵ یەكدی دانیشتووین. ئێستا هیچ كێشەیەك لە نێوانماندا نییە.

رووداو: لەبارەی دەنگەكانی بزووتنەوە ئێوە هیچ داتایەكتان هەیە كە دەنگەكانتان چی بەسەردێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: مانگی ئایندە رەنگە راپرسییەك بكەین، ئەوكات بۆمان دەردەكەوێ‌ قورسایی حیزبەكان چەندە؟

رووداو: دەمێكە یەك كورسیتان هەیە، ئەمجارە كورسیی تێدەپەڕێنن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە كە بزووتنەوەمان رێكخستەوە بەبێ‌ تەلەفزیۆن و بەبێ‌ هیچ شتێك لە پەرلەمانی كوردستان دوو كورسیمان هێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئەو هەڵە ستراتیژییەی كرا، كە چوونە نێو لیستی هاوپەیمانی، من ئەوكات رابەر نەبووم، بەیاننامەم دەركرد و خۆشم دەنگم نەدا. بۆ هەڵبژاردنی سێیەم خەڵك متمانەی بە بزووتنەوە نەمابوو، بۆیە كورسییەكمان هێنا. 
 
ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ مامۆستا عەلی باپیر زۆر باشە

رووداو: ئێوە پێتانوایە نابێ‌ ببنە هاوپەیمانی پارتێكی نائیسلامی؟ 

عیرفان عەبدولعەزیز: ئێمە باوەڕمان بەوە هەیە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ هەموو حیزبەكان هەبێ‌، بەڵام ئێمە تەسەرواتی خۆمان جیایە. تەسەوراتی ئێمە دوو بەشە، بەشە دینییەكەی، هەم بەشە سیاسییەكەی. بەشە سیاسییەكەی دەكرێ‌ تۆ هاوكاری لەگەڵ هەموو هێزێكی سیاسی بكەی، بەڵام بە مەرجێك ئەویش رێز لە ئاینەكەی تۆ بگرێ‌. 

رووداو: بۆچی بڕیارتان دا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نەكەن. پێتانوایە كورسی ناهێنن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: نەخێر مەسەلە كورسی نییە. ئێمە لە بەغدا وەكو حیزب ناوی خۆمان تۆمار كردووە، بەڵام مەسەلەی عێراق زۆر ئاڵۆزە. دواتریش تۆ بەو شپرزەییە بچیتە بەغدا هیچ كاریگەرییەكت نییە، بۆیە وەكو بێزارییەك لەو بارودۆخەی لە كوردستان هەیە، وەكو بێزارییەك كە لە ئایندەدا رەنگە وا باش بێ‌ كورد هەر بەشداری نەكات.

رووداو: واتە دەتانەوێ‌ ئەو وزەیەی لە عێراق سەرفی دەكەن، لە كوردستان سەرفی بكەن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: رەنگە ئەوەش هەبێ‌. بەڵام ئێمە لەو وەزعەی عێراق بێزارین. ئێمە دوو ساڵ لەمەوبەر گوتوومانە جیاوازی مالیكی و عەبادی و جەعفەری نییە. ئەوان بە یەك شێواز كار دەكەن. ئەوە ئێمەین خۆمان دەخەڵەتێنین كە وادەزانین جیاوازن. ئەوەی عەبادی ئێستا دەیكات، لەوە دەچێ‌ كە مالیكی مامەڵەی لەگەڵ كورد باشتر بووبێ‌. بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر لە بەغدا 70 كورسیشمان هەبێ‌، هەر وادەبێ‌.
 
مانگی داهاتوو راپرسییەك دەكەین

رووداو: لە عێراق تەوژمە ئیسلامییە شیعییەكان دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە. ئێوە وەكو لایەنێكی ئیسلامی دەنگتان زۆر بیستراو نەبووە بەرامبەر خروقاتەكانی بەغدا، بۆچی؟

عیرفان عەبدولعەزیز: دوای 16ی ئۆكتۆبەر تەنیا حیزبێك بەبێ‌ هیچ ریعایەتكردنێكی دیبلۆماسی، رەخنەی لەو بارودۆخە گرتبێ‌، ئێمە بووین. پێمانوایە ئەمریكا خۆی ئەو بارودۆخەی لە بەغدا دروست كردووە، هەر خۆی ئەو حاڵەتە تایفیەی دروستكردووە. بۆ مەرامێكی سیاسی خۆی.

رووداو: ئەوان هەر بە سزادانی هەرێمی كوردستان نەوەستاون، ماوەیەكە هەڵمەتێكی قووڵی بە عەرەبكردن و دەركردنی كورد دەستی پێكردووە، هەڵوێستی ئێوە چی بووە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: ئەوە پەیوەندی بە دوژمنەكانەوە نییە، ئەوە پلانی بەریتانیایە كە كاتی خۆی ئەو عێراقەی دروستكردووە، هەر خۆی بەرنامەی داناوە كە چۆن كورد نەهێڵێ‌. دەیەوێ‌ وەكو سكۆتلەندای لێبكات، وەكو چۆن سكۆتلەندا هیچ وجودێكی نەماوە. نە دینی ماوە، نە زمانی. بە عێراق دەڵێ‌ تۆش وا لە كورد بكە، سوود لە ئەزموونی ئێمە وەربگرە. ئەو عەقڵییەتە خێڵەكییەی لە نێو كورد هەیە، بە عەقڵییەتی ئەخلاقی سەیری دوژمنەكانی دەكات. پێیوایە دوژمنەكانی رەحمی پێدەكەن، دەبێ‌ ئەو عەقڵیەتە فڕێبدەی.
 
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەنگم بە بزووتنەوە نەدا

رووداو: واتە تۆ پێتوایە یارمەتیدەری دوژمن بووە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: خۆی لەو جۆرە عەقڵە بەڵێ‌. چونكە دەبێ‌ خۆت مرۆڤ بی. خۆت ئیش بۆ خۆت بكەی، خۆت ستراتیژت هەبێ‌ بۆ پاراستنی ئەمنی نەتەوەكەت، نەك بە تەما بی دوژمنەكەت رەحمەت پێ‌ بكات.

رووداو: پێشبینی دەكەی دۆخی عێراق بەو شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە یان چاوەڕێ دەكرێ‌ ئاڵۆزتر بێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: ئاڵۆزتر دەبێ‌. ئەو عەقڵییەتەی لە بەغدا هەیە ناتوانێ‌ بەو شێوازە حوكم بكات. ئێستا عەقڵیەتێكی تایفی لە بەغدا هەیە. ئەوە سوننەی بەلاوە خستووە، خەڵكێك لەوێ‌ تەمسیلی سوننە دەكات لەنێو سوننەدا ئەو مەشروعیەتەیان نییە، بەڵام ناچارن. ئەوەتا كوردیشی پەراوێز خستووە. 

رووداو: لەو باوەڕەدای پەراوێزخستنی كورد درێژە بكێشێ‌؟ كەی كۆتایی دێ؟

عیرفان عەبدولعەزیز: هەر كاتێك كورد ستراتیژێكی هەبێ‌ بۆ خۆی. سەیری ئەمریكا بكە، لەو رۆژەوەی هەیە ستراتیژێكی رۆشنی هەیە، شەرم لە كەس ناكات و دەڵێت من دەوڵەتێكی مەسیحی پرۆتستانتم، تەبشیر دەكەم لە هەموو جیهاندا. بەس ئەمانەی خۆمان چەند جار هاوارمان كرد كە ستراتیژێكی رۆشنیان نییە، نازانین كورد چییە. دواتریش ئەو بارودۆخەی لە كوردستان هەیە، ئەم مەسەلەی دوو حیزبی و دوو ئیدارەییە، چەكی پێیە و ئاسایشی هەیە. دوو جۆر قسەی هەیە. تۆ بینیوتە لە جیهاندا شتی وا هەبێ‌. شارێكی وەكو كەركووك وەكو ماراسۆن بە سەعاتێك چۆڵ بكرێ‌.
 
بۆ كورد واباشە چیدی بەشداری هەڵبژاردنی عێراق نەكات

رووداو: هۆكاری ئەمە چی بوو؟

عیرفان عەبدولعەزیز: هۆكاری ئەوەیە كە ئەوان باش ئێمە دەناسن. ستراتیژێكی قیتالیمان نییە. عەقیدەی سەربازیمان نییە. لەوە دەچێ‌ ئەگەر بێن بتوانن هەموو شارەكانی كوردستان بگرن.

رووداو: ئێوە پارتێكن وجودتان نەبووە لە كەركووك، هیچ پلانێكتان بۆ ئەو شارە هەیە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: وجودمان هەیە، من لە كاتی راپەڕین لە كەركووك بووم. زۆربەی شوێنە ستراتیژییەكان بە دەستی ئێمەوە بوو. لە دوای 2003 بارەگامان هەبوو، بەڵام بۆ ئەوەی بەریەككەوتنمان لەگەڵ ئەمریكییەكان نەبێ‌، خۆمان باش پیشان نەدەدا. ئێستاش مەڵبەندمان لەوێ‌ هەیە و جێمان نەهێشتووە.  

رووداو: بۆچی لە كەركووك مانەوە، كەركووك بە شارێكی داگیركراو نازانن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: سەرەتا دوو سێ‌ رۆژ بەجێمانهێشت. بەڵام تۆ ناكرێ‌ ئەو خەڵكەی خۆت بەجێبێڵی. بەڵێ‌ وەكو پرسەیەك وابوو كە ئەو شارە لەلایەن هێزێكەوە داگیركراوە. ئەو هێزە هێزی حكومەتی عێراق نەبووە بە رێككەوتن بێت، بەڵكو بە فێڵ هاتووە. بەڵام خۆشمان هیچ بەرگرییەكمان لەو شارە نەكرد، هەتا ئەوەی كەوا هیچ نەبێ‌ پیشانی بدەی بۆ جیهان بەرگری دەكەی. بۆچی دوو رۆژ بەرگرییان نەكرد. ئێمە رامانگەیاند كە خۆشم ئامادەم بچم بۆ كەركووك.

رووداو: ئێوە هێزی چەكدارتان لە كەركووك هەیە؟
 
هێزی چەكدار دروست ناكەینەوە

عیرفان عەبدولعەزیز: هەر كاتێك بمانەوێ‌ پەیدا دەبێ‌.

رووداو: لە بەرنامەتاندا هەیە جارێكی دیكە هێزی چەكدارتان هەبێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: نەخێر، دەبووایە كاك نەوشیروان لە یاداشتەكانی خۆیدا ئەوەی بنووسیبایە كە لە ساڵی 1995 من وەكو بزووتنەوە و ئەویش وەكو یەكێتی بە یەكەوە دانیشتین، گوتمان سێ‌ چەك دژی بەعس شەڕمان كردووە با ئەو سێ‌ چەكە بكەین بە یەك چەك، یەك لەشكر دروست بكەین بۆ كوردستان. ئێمە ئەوكات ئامادەبووین چەكمان نەبێ‌. بەڵام بە داخەوە نەكرا. ئێستاش پێمانوایە دەبێ‌ یەك چەك و یەك لەشكر لە كوردستان هەبێ‌، چونكە لە هەر شوێنێك بوو بە دوو چەك سەركەوتوو نابین.

رووداو: پێتوایە ئەوەی لە كەركووك روویدا هۆكارەكەی ئەو دوو چەكییە بوو؟

عیرفان عەبدولعەزیز: سەد لە سەد، ئەوە قاعیدەیەكی سەربازییە لە هەر شوێنێك دوو ئاراستە هەبوو. با هێزەكەش گەورە بێ‌، فەشەل دێنێ‌.

رووداو: بزووتنەوە پەیوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ وڵاتە سوننەكانی ناوچەكەدا هەیە، بۆچی لەكاتی ئەو بارودۆخەی بەسەر كوردستان هات، ئەو پەیوەندیانەی نەخستە خزمەتی كوردستانەوە؟

عیرفان عەبدولعەزیز: خراوەتە خزمەتی كوردستانەوە. بەڵام دەوڵەتداری ئەوها ناكرێ‌. تۆ كە كیانێكت هەبوو دەبێ‌ ستراتیژت هەبێ‌ بۆ پاراستنی ئەو خەڵكەی لە نێو ئەو كیانەدا دەژی. پاراستنی نەتەوەكەت لەڕووی ئەمنی، ئابووری، سیاسی، فەرهەنگی. جا ئەو كیانەی ئێمە ئەو ستراتیژییەی نەبوو. كە تۆ ستراتیژ دانانێی، من بەشدار ناكەی لەو ستراتیژە. من نازانم تۆ چی دەكەی، تۆ چ بەڵێنێكت پێدراوە. هەر لە خۆمەوە بەرگری چیت لێ‌ بكەم.

رووداو: ئەوەت پێ‌ باشە كە لایەنەكانی باشووری كوردستان بە جیا لەگەڵ ئەم لایەن و ئەم دەوڵەت دادەنیشن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: نەك هەر باش نییە، ئەوە كارەساتە. تۆ باسی شارێك دەكەی و دەڵێی دڵ و قودسی كوردستانە. كێ‌ داگیری كردووە؟ بە فەرمانی عەبادی بووە. باشە بە قسەی خۆیان 100 پێشمەرگە نەكوژراوە؟ كێ‌ كوشتوونی؟ باشە ئێستا خەڵك چۆن تەماشای ئێمە دەكات كە حیزبەكانی باشووری كوردستان هەموویان واستە دەكەن بچن دەستی عەبادی ماچ بكەن.

رووداو: هەموویان یان هەندێكیان؟
 

ساڵی 1995 بە نەوشیروان مستەفام گوت با یەك لەشكرمان هەبێ‌


عیرفان عەبدولعەزیز: بینیمان گشتیان رۆیشتن، تەنیا ئێمە نەچووین.

رووداو: ئێوە ناچن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: ئەبەدەن. با بزانن ئێمە لەگەڵ عەبادی ئاشنایەتیشمان هەیە، لەگەڵ مالیكی و جەعفەریش هەمانبووە.

رووداو: ئێستا ئەگەر عەبادی داوای دیدارتان لێ‌ بكات ناچن؟

عیرفان عەبدولعەزیز: چەند جارێك داوایان لێكردووین نەچووین، چونكە ئێمە وەكو پرەنسیپ ئەو وەزعەی بەغدامان پێ قبوڵ نەبووە. دووەم پێم بێ‌ شەهامەتییە ئەو شارێكی داگیركردووی و ئەو هەموو خەڵكەی لێ كوشتووی، ئێستا بچی دەستی ماچ بكەی. ئەو عەقڵە خێڵەكییە ئەوەی باشە كە شەهامەتێكی هەیە، ئەوان ئەوەشیان نەكردووە.

رووداو: پێشبینیت چییە بۆ داهاتووی ئەو پەیوەندییە، بە كوێ‌ دەگەن، ئەگەر عێراق بەو شێوەیە بەردەوام بێ‌ لەسەر نەناردنی مووچە و ئەو ئابڵوقەیەی خراوەتە سەر هەرێمی كوردستان، دۆخی كوردستان و عێراق چی لێدێ‌؟

عیرفان عەبدولعەزیز: بۆ بەغدا تا سەر وا ناڕوات. كوردستانیش ئەگەر هەر بەو عەقڵییەتە بەردەوام بێ‌ رەنگە قازانجیش بكات. رەنگە ئەو هێزە رۆژئاواییانە بۆیان دەربكەوێ‌ كە خەتای كوردستان نییە حەز دەكات لە عێراق  جیاببێتەوە، ئەوە عێراقە تۆی ناوێ‌، ئەوە عێراقە درۆت لەگەڵ دەكات. ئەوە عێراقە چەند مانگە دەڵێ‌ مووچە دەنێرم و راست ناكات.

رووداو: پێتوایە یاری بە كات دەكەن؟ 

عیرفان عەبدولعەزیز: بەڵێ‌ یاری بە كات دەكات هەتا هەڵبژاردن. بە قسەكانیان دیارە دەیانەوێ‌ هەتا هەڵبژاردن ئەو بارودۆخە وا بڕوات، هەموویان گرەو لەسەر هەڵبژاردن دەكەن، گرەو لەسەر ئەوە دەكەن كامیان زیاتر دژایەتی كورد بكات بۆ ئەوەی لەوێ‌ دەنگی زیاتر بهێنێ‌.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە