د.نەجمەدین كەریم: ئیدارەدانی پارێزگای كەركووك لە نەشتەرگەریی مێشك قورسترە

02-06-2015
رەنج سەنگاوی
نیشانەکردن د.نەجمەدین کەریم
A+ A-

 رووداو - سلێمانی

ئەمەی خوارەوە دەقی هەڤپەیڤینێكی تەلەڤزیۆنی (رووداو)ە لەگەڵ نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك كە بەشی یەكەمی لە هەفتەی رابردوودا پەخش كرا و وابڕیارە ئەم بەشەی دووەم، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو پەخش بكرێ.

 
رووداو: بەلای تۆوە نەشتەرگەری مێشك قورسە، یان ئیدارەدانی ململانێكانی پارێزگای كەركووك؟

د.نەجمەدین: بە دڵنیاییەوە ئیدارەدان قورسترە. من كە نەشتەرگەری دەكەم بۆ یەك كەسی دەكەم، بەڵام ئەگەر یەك بڕیار لە كەركووك بدەم رەنگە پەیوەندی بە ژیانی سەتان هەزار كەسەوە هەبێت.

رووداو: دڵت زیاتر بۆ پیشەكەت لێدەدات كە دكتۆری، یان ئێستا كە پارێزگاری خۆشحاڵتری؟

د.نەجمەدین: پارێزگارییەكەم بۆ ماوەیەكە و تەواو دەبێت، بەڵام من هەر دكتۆرم.

رووداو: ژیانت لە ئەمریكا خۆشتر بوو یان ئێستا كە پارێزگاری؟

د.نەجمەدین: من ئێستا ژیانم خۆشە كە پرۆژەیەك دەكەم، یان یارمەتی خەڵكەكەم دەدەم، بەڵام ژیانی شەخسیی خۆم چ لە رووی مادییەوە چ لە رووی ئیسراحەتەوە بە دڵنیاییەوە لە ئەمریكا خۆشتر بوو.

رووداو: داهاتت لە ئەمریكا زۆرتر بوو یان لێرە؟

د.نەجمەدین: بەراورد ناكرێت بە ئێرە.

رووداو: وەكو بەرپرسەكانی دیكە پرۆژەی بزنسی لابەلات نییە لە كەركووك؟

د.نەجمەدین: یەك پرۆژەی بزنسم نییە، تەنانەت برام هەیە وازیان لەكارەكەی خۆیان هێناوە بۆ ئەوەی قسەیان نەیەتە سەر.

رووداو: كارئاسانی بۆ خزم و كەسەكانت ناكەی؟

د.نەجمەدین: كۆمەڵێك ئامۆزام هەن لە چەمچەماڵ، دووانیان نانەوان. هەیانە پاسەوانە. ئامۆزام هەیە بە تەمەنێكی گەورەوە كرێكاری دەكات.

 ئامۆزاكانم كرێكار و پاسەوانن
 


رووداو: لە كواڵێتی ژیانی كەركووكییەكان رازیت؟

د.نەجمەدین: دڵم بەوە خۆشە كە ژیانی خەڵكی كەركووك باشتر بووە. كە من بوومە پارێزگار خەڵك چوار كاژێر كارەبای هەبوو. ئێستا كارەبای كەركووك لە كارەبای هەموو عێراق باشترە. ئاو بە دەگمەن هەبوو، ئێستا خەڵك ئاوی هەیە. ئێمە 320 قوتابخانەمان دروستكردووە، 1400 كیلۆمەتر رێگەمان دروستكردووە. من دڵم بەمانە هەمووی خۆشە.

رووداو: فراوانبوونی كەركووك لە هەندێك لاوە بەشێوەی زێدەڕۆیە، پلانتان بۆ ئەمە چییە؟

د.نەجمەدین: وەكو ئاگادارن خەڵكی زۆر لە كەركووك ئاوارە بووە. دوای 2003 ئەم خەڵكە گەڕانەوە و هەر یەكێكیان پارچە زەوییەكی بۆ خۆی كردووەتە خانوو. ئێمە ناوی ئەو كەسانەمان لایە كە گەڕاونەتەوە لە لێژنەی مادەی 140، هەر ماڵێك لەوانە 200 مەتر زەوی لەسەر تاپۆ دەكرێت كە خانووی لەسەر كردووە. ئەوەی نەختێك زەوییەكەی زیاتر بێت، تاوەكو 100 مەتر بە نرخی شارەوانی پێی دەفرۆشین. خەڵكانێك هەن ئیستغلالی ئەمەیان كردووە، هەیانە خەڵكی كەركووكیش نین، هاتوون شتی گەورەیان دروستكردووە. ئەوانە قەت تاپۆ ناكرێن.
"200 مەتر زەوی لەسەر ئاوارەكانی كەركووك تاپۆ دەكەین"

رووداو: پلانت بۆ یارمەتیدانی كەسوكاری شەهیدانی شەڕی داعش چییە؟

د.نەجمەدین: پلانمان ئەوەیە یارمەتییان بدەین و هەر یەكەیان پارچە زەوییەكیان بدەینێ‌.

رووداو: ئەگەر پارێزگار نەبوویتایە لە كەركووك دادەنیشتی؟

د.نەجمەدین: پێش ئەوەی ببمە پارێزگار، هەر جارێك گەڕاومەتەوە كوردستان سەردانی كەركووكم كردووە. چوومەتە ماڵی باوكم و خەڵكم بینیوە، سەردانی حیزبەكانم كردووە.

رووداو: لە سەردەمی لاوێتی لە كەركووك بووی، دڵداریت لەو شارە كردووە؟

د.نەجمەدین: من لە پۆلی یەكی ناوەندی پەیوەندیم بە بزووتنەوەی كوردەوە كردووە.

رووداو: بەڵام بزووتنەوەی كوردی، بزووتنەوەی دڵ رادەگرێ‌؟

د.نەجمەدین: (بە پێكەنینەوە) ئەوكات تێكەڵاوی نەبوو، رەنگە لە دوورەوە دەستت بۆ كچێك بەرز كردبێتەوە، یان دەستێكت بە قژتدا هێنابێ‌. ئەگینا ئەوینداری نزیكم نەكردووە.

رووداو: هاوژینەكەت كەركووكییە؟

د.نەجمەدین: لە كەركووك لەدایكبووە، بەڵام بە ئەسڵ خەڵكی ناوچەی بادینانە.

 

هاوژینەكەم خەڵكی بادینانە 

 
رووداو: چۆن یەكدیتان ناسی؟

د.نەجمەدین: باوكی سەرباز بوو، عەبدولڕەحمان قازی كە ناسراوە و یاریدەدەری رەحمەتی بارزانی بوو، ئامر هێز بوو لە ناوچەی سوورداش. ئەوكاتە لە فیرقەی 12 بوو.

رووداو: كە چوویتە داوای كەسوكاری یەكسەر رازی بوون؟

د.نەجمەدین: بەڵێ‌ رازی بوون و زۆریشیان پێ‌ خۆش بوو. من پێشتر دەمناسین.

رووداو: كێ‌ خوازبێنی بۆ كردی؟

د.نەجمەدین: ئەوكاتە كەس لەوێ‌ نەبوو. بە رەحمەت بێ‌ كاك ئیدریس بارزانی چوو بۆ خوازبێنی.

 كاك ئیدریس بارزانی خوازبێنی بۆ كردم
 

 
رووداو: برادەرایەتیت لەگەڵ ئیدریس بارزانی هەبوو؟

 د.نەجمەدین: من تا ئەو كاتە بۆ دوو كەس گریاوم، یەكێكیان برایەكم بوو كە دوو ساڵ لەخۆم بچووكتر بوو، لە ساڵی 1979 بە رووداوی هاتوچۆ مرد. دووەم كەسیش ئیدریس بارزانی. 

   لە ژیانمدا بۆ ئیدریس بارزانی و برا بچووكەكەم گریاوم
 


رووداو: تەنیا بۆ ئەم دوو كەسە؟

د.نەجمەدین: تا ئەم دواییە تەنیا بۆ ئەم دوو كەسە، بەڵام ئەو پێشمەرگانەش كە شەهید دەبن، كە شێركۆ فاتیح شەهیدبوو گریام. شەهید شێركۆ دەستەڕاستی من بوو.

رووداو: لە مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كەركووك رازیت؟

د.نەجمەدین: بەلای منەوە لەوە خۆشتر نییە كە بتوانم بڵێم 100% لە هەموو شتێكی هەرێمی كوردستان رازیم، چونكە حەز دەكەم هەرێمەكەمان بەمشێوەیە بێت لەگەڵ كەركووك. بۆ ئەوەی بتوانم بە هەموو دڵێكەوە بەرگری لێ بكەم. هەرێمی كوردستان شتی گەورەی بۆ كەركووك كردووە. لە دوای 2003 رۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ كەركووك.

رووداو: لە مامەڵەی بارزانی بەرامبەر كەركووك رازیت؟

د.نەجمەدین: ئەمڕۆ پێشمەرگە كەركووك دەپارێزێ، ئەم پێشمەرگەیە راستە بەشێكی هێزی 70 و 80ی پارتی و یەكێتییە، بەڵام پێشمەرگەی كوردستانن. ئەمانە ئەمڕۆ هاتوونەتە كەركووك. ئەمە لەلای من لە هەموو شتێك گرنگترە. ئەگەر كەموكوڕییەكیش هەبووبێ‌ هەمووی داپۆشیوە. ئێمە دوو ئاسایشمان هەیە لە كەركووك كە هەرێمی كوردستان مووچەیان دەداتێ‌. من چۆن دەتوانم سوپاسیان نەكەم، ئەمانە پشتیوانین بۆ كەركووك.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی چۆنە؟

د.نەجمەدین: ئەوەی كاك ئیدریسی ناسیبێت، هەندێكی كاك ئیدریس لە كاك نێچیرڤانیشدا دەبینێ. كاك نێچیرڤان هاوڕێیەكی خۆشەویستە، پەیوەندییەكی زۆر باشمان هەیە. دانیشتن لەگەڵ كاك نێچیرڤاندا بە دڵێكی زۆر خۆشەوە تەواو دەبێت.

رووداو: كۆسپی حیزبیت قەت بۆ دروست دەكات؟

د.نەجمەدین: یارمەتی داوم.

رووداو: پاشقولی نییە؟

د.نەجمەدین: من لەبەر هیچ وا ناڵێم، باوەڕ بكەن لە كێشە حیزبیەكانیش یارمەتی داوم.

  نێچیرڤان بارزانی لە كێشە حیزبیەكانیشدا یارمەتی داوم
 



رووداو: پلانتان چییە لەگەڵ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی بۆ ئیدارەدانی مەلەفی نەوت؟

د.نەجمەدین: ئەمڕۆ لە كەركووك هەندێك خەڵك رەخنەی هەیە لە هەندێك پلانی هەرێمی كوردستان بە نیسبەت كەركووك، بەڵام من لەگەڵ كاك نێچیرڤان پێش سەفەرەكەی ئەمریكا دانیشتنێكی درێژمان كرد، لەسەر زۆر شتی باش رێكەوتووین. لەوانەش مافەكانی خەڵكی كەركووك لەو نەوتەی كە لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەنێردرێتە دەرەوە، بپارێزرێت. مافەكانیش دیارن لەوانە پارەی پترۆدۆلار، پەرەپێدانی پارێزگاكان. مەسەلەی مووچە لە حاڵەتێكدا ئەگەر بەغدا مووچەی پارێزگای كەركووكی بڕی.

رووداو: واتە ئەگەر بەغدا لەوە زیاتر یاری بە قووتی خەڵك بكات و بیكاتە كارتی سیاسی، قبوڵی ناكەی؟

د.نەجمەدین: هەر كەركووك نییە، ئەمڕۆ هەرێمی كوردستانیش لەسەر مەسەلەی بودجە و مووچە كێشەی لەگەڵ بەغدا هەیە. هەرێمی كوردستان بەبێ‌ هاوكاریی كەركووك ناتوانێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكات. ئەگەر ئێمە بە یەكەوە هەماهەنگیمان هەبێ‌، بەهێزتر دەبین.

رووداو: بە كەركووك و بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەتوانن قەرەبووی 17%ەكە بكەنەوە؟

د.نەجمەدین: كەركووك نەوتی یەكجار زۆرە. كەركووك كە بەرهەمی كەمە بەهۆی ئەوەیە كە ئەو بیرە نەوتانە بەشێوەیەكی باش بەكارنەهێنراون. ئێمە ئەگەر بەیەكەوە هەماهەنگی بكەین دەتوانین گەرەنتی زۆر شتی كوردستان بكەین. لەگەڵ ئەمریكییەكانیش باسم كردووە كە ناتوانین تا سەر ئەم پەراوێزخستنەی بەغدا قبوڵ بكەین.

رووداو: ئەوان گوتیان چی؟

د.نەجمەدین: ئەوان گوێ لە قسەكانت دەگرن، بەڵام رای خۆیان ناڵێن، زۆرجار سەرت بۆ دەلەقێنن. كە بە پێچەوانەوە پێت نەڵێ نابێ، مانای وایە كە دژی نین.

رووداو: ئێستا ئەگەر كورد سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئەمریكا رێگر دەبێت؟

د.نەجمەدین: من لە ئەمریكا ژیاوم و عەقڵیەتیشیان باش دەناسم. من هەر لە ئەمریكا نەژیاوم، لە نێو سیاسەتی ئەمریكاش ژیاوم. هاوڕێی شەخسیم لە سێنات هەن. ئەمریكا لە كۆتاییدا ئیعتراف بە ئەمری واقیع دەكات. هەندێكجار سیاسییەكانی ئێمە بەڕاستی دەترسن. من دوو نموونەت بۆ دێنمەوە. لە 1/8/1990 سەرۆك بوش چووە كیێڤ، لەوێ‌ گوتی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین یەكێتی سۆڤیەت پارچە پارچە ببێ‌، چونكە شەڕ دروست دەبێ‌، لە كۆتایی 1991 یەكێتی سۆڤیەت نەما و 17 دەوڵەتی لێدروست بوو، شەڕیش رووی نەدا. ئەمە مانای وایە ئێمەش دەتوانین واقیعێك دروست بكەین، بە مەرجێك بتوانی خۆت بەڕێوەبەری. میللەتەكەت حازر بكەی.

نموونەی دووەم یۆگسلافیایە، لە 1991 جەیمس بیكەر لە بەلگراد گوتی یۆگسلافیا نابێت پارچە پارچە ببێ‌، بەڵام ئێستا یۆگسلافیا چەند دەوڵەتی لێ‌ دروستبووە، سربیا، بۆسنیا، سلۆفینیا، كرواتیا و كۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ.
موجازەفە جیایە لەگەڵ ئەوەی كە مەترسی هەیە.

رووداو: هەنگاوەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان تاوەكو چەند دەچێتە خانەی ئەو جورئەتەی كە تۆ باسی دەكەی؟

د.نەجمەدین: بە بڕوای من ئێمە دەبێ‌ هەموو كۆمەڵگەی كورد بە خەڵك و حیزب بە تەواوەتی تێبگەیەنین: ئەگەر ئەمەمان كرد چی دەبێت، ئەگەر نەمانكرد چی دەبێ.

رووداو: كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ حیزبەكان كە دەڵێت دەبێ‌ خۆمان ئامادە بكەین و كۆدەنگییەك هەبێ‌ بۆ ئەم بابەتە، تۆ لەگەڵ بارزانی هاوڕایت؟

د.نەجمەدین: ئەو كۆبوونەوەیە بەس نییە بۆ ئەوەی بڕیارێكی لەو شێوەیە بدەی. خەڵكی كوردستان تەنیا ئەو 17 و 18 كەسە نین كە لەوێ‌ ئامادە دەبن. چونكە لە كوردستان شەریحە و چینی دیكەش هەن. تۆ دەبێ‌ لەمەش بگەی كە ئەگەر دەوڵەتت راگەیاند لەوانەیە تووشی شەڕ ببی، لەوانەیە دەربەدەر ببی. لەوانەیە بكوژرێی. واتە دەبێ‌ خەڵكەكەی بۆ ئامادە بكەی.

رووداو: قسەت چییە لەبارەی دۆسیەی نەوت؟

د.نەجمەدین: بە بڕوای من ئەو داهاتەی كورد هەیبووە بەشێوەیەكی باش ئیستیغلال نەكراوە.

رووداو: ئیستیغلال نەكراوە، یان لێی دزراوە؟

د.نەجمەدین: ئیدی كە دەڵێم بەشێوەیەكی باش ئیستیغلال نەكراوە، گەندەڵی دەگرێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ ئۆردویەكی یەكجار گەورەی مووچەخۆرمان دروستكردووە كە بە هیچ جۆرێك بەرهەمی نییە. ئێمە هەموو شتێك لە دەرەوە دێنین. دەبووایە لە سەرەتاوە گرنگیمان بە كشتوكاڵ بدایە كە تا ئێستاش نەدراوە؟ ئێستا 70%ی داهاتی هەرێمی كوردستان و عێراقیش بۆ مووچە دەڕوات. 30%ی دیكەش خراپ سوودی لێ دەبینرێت.

رووداو: ئەی نەوتی كەركووك بە ناشەفافی لەلایەن پارتی و یەكێتی لێی دەڕوات؟


  نەوتی كەركووك دەدزرێ‌
  


د.نەجمەدین: من لێرە تۆمەت ناخەمە پاڵ پارتی یان یەكێتی، بەڵام بە دڵنیاییەوە دزی لەو نەوتە دەكرێت. جا شەخس دەیكات یان لایەنێك.

رووداو: لە نەوتی كەركووك.. لێژنەی بەدواداچوونی بۆ پێكناهێنی؟

د.نەجمەدین: بەدواداچوونی بۆ كرا. لە یەك دوو شوێن دەبینرا كەوا تەهریبی نەوت دەكرێ‌. هەتا پەرلەمانتارانیش هاتنە كەركووك و هەندێك ناویشیان هێنا، بەڵام نازانم بابەتەكەیان داپۆشی، باسی نەما.

رووداو: ئەگەر ئەوان دایانپۆشی تۆ بۆچی هەڵینادەیتەوە؟

د.نەجمەدین: بە ئێمە ناكرێ‌.

رووداو: لەسەر بازرگانیی هەندێك سەرمایەدار لەگەڵ داعش لە سنووری كەركووك، رای تۆ چی بوو؟ بۆچی تاوەكو میدیا قسەی نەكرد، تۆ نەتكرد؟

د.نەجمەدین: من نازانم ئەو سەرمایەدارانە كێن.

رووداو: دەڵێن تۆش ناوێری لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەی، خەڵك دەڵێت تەنیا چەند شۆفێرێكی داماو دەستگیركران و خەریك بوو لە سێدارە بدرێن و ببنە قەڵغان بۆ ئەو بەرپرسانە؟

د.نەجمەدین: هەر كەسێك بە بەڵگەوە پێمان بڵێت فڵان كەس ئەو كارەی كردووە، ئێمە ئیجرائاتی بەرامبەر دەكەین، بە مەرجێك ئەو كەسە لە كەركووك بێت و راینەكردبێت بۆ هەرێمی كوردستان.

رووداو: لە ئەدای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر كەركووك لە چی رازیت و لە چی نیگەرانیت؟

د.نەجمەدین: سەرۆكی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە كەركووك دەدات. لەڕووی پێشمەرگەوە تەنسیقێكی باش هەیە لەگەڵ ئەو فەرماندانەی لەم ناوچەیەن. ئێمە بۆ هەندێك پێداویستی پەیوەندی پێوە دەكەین و وەڵامی هەیە.

رووداو: واتە پەیوەندی تەلەفۆنیتان هەیە بۆ كێشەكانی ناوچەكە؟

د.نەجمەدین: بەڵێ‌ جەنابیان پەیوەندی دەكات و منیش پەیوەندی دەكەم. بەڵام رەخنەشمان لە هەرێمی كوردستان هەیە. بۆ نموونە زۆرجار كە كۆبوونەوە دەكرێ‌ لەبارەی ئەوەی چ بڕیارێكی سیاسی بدرێ‌، گرنگە كەركووكی تێدابێ.

رووداو: لە بڕیارە چارەنووسسازەكان كە پەیوەندی بە كەركووكەوە هەیە تۆ فەرامۆش دەكرێی؟

د.نەجمەدین: لە زۆربەی ئەو كۆبوونەوانە بانگ نەكراوین.

لە زۆربەی ئەو كۆبوونەوانەی پەیوەندی بە كەركووكەوە هەیە بانگ ناكرێین
 

 
رووداو: لەبەر ئەوەیە كە تۆ كەسێكی عینادیت و كۆسپ و تەگەرە دەخەیتە نێو كارەكانەوە، یان مەسەلەكە پەیوەندی بە ململانێی حیزبییەوە هەیە؟

د.نەجمەدین: بە راستی نازانم پەیوەندی بە چییەوە هەیە، ئێمە لەلای خۆمانەوە نە عینادیمان هەیە و نە كۆسپ و تەگەرە. بەپێچەوانەوە بە بڕوای من ئامادەبوونی كەركووك لەو كۆبوونەوانە هاوكارییە بۆ هەرێمی كوردستان.

رووداو: پارتی تاكڕەوی كردووە یان ئەوە سیاسەتی پارتی و یەكێتی و حیزبە كوردستانییەكانە؟

د.نەجمەدین: لە واقیعدا هەر حیزبێك بۆی بكرێ‌ بە تەنیا تاكڕەوی بكات دەیكات. ئەم حیزبانەی ئێمە حیزبی جێڤەرسن نین، ئەم حیزبانەی ئێمە هەموویان لەسەر بنەمای  حیزبەكانی چلەكان و پەنجاكان و زەمانی سۆڤیەت دامەزراون.

رووداو: كەواتە رەخنەت لە حیزبەكەی خۆشت هەیە؟

د.نەجمەدین: ئەم حیزبانە هەموویان لە رەحمی ئەحزابی سۆسیالیستیی كۆن هاتوونەتە دەرەوە كە باوەڕیان بە هەندێك بیروباوەڕی دۆگما هەبوو.

رووداو: پارتی و یەكێتی لەوەدا لەیەك دەچن؟

د.نەجمەدین: بە دڵنیاییەوە لە زۆر شتدا لە یەك دەچن. ئەو حیزبانەی لە كوردستان هەن، هەموویان دەتوانن ببنە یەك حیزب.

رووداو: تۆ رۆژگارێك پارتی بووی، هەروەكو ئێستا وایە كە یەكێتیت؟

د.نەجمەدین: بۆ مەسەلەی بیروباوەڕی نەتەوایەتی بە هیچ شێوەیەك جیاوازی نییە.

رووداو: تۆ لە یەك كاتدا دكتۆری بارزانی بوویت و دكتۆری تاڵەبانیش بوویت. ئەم دووانە چییان لێكدەچوو؟

د.نەجمەدین: هەردووكیان زۆر ئازابوون. هەردووكیان كاریزمایەكیان هەبوو لە هیچ سەركردەیەكی كورددا نییە. هەردووكیان سەخی بوون، دەستبڵاو بوون. حەزیان لە پارە بوو، بەڵام ئەو پارەیەیان بۆ مەسەلەی سیاسی بەكاردەهێنا.

رووداو: بۆ مەسەلەی دەستنیشانكردنی نەخۆشییەكەی مەلا مستەفا، كاك ئیدریس بە تۆی گوت؟

د.نەجمەدین: ئێمە لە تاران بووین. كاك شەفیق قەزار ئەوكات نوێنەری حكومەت بوو لە تاران، هەژاری رەحمەتی لەوێ‌ بوو لەگەڵ برادەرێكمان بەناوی

مەلا مستەفا رازی نەبوو لە ئێران چارەسەر وەربگرێ‌
 

شاخەوان نامیق. جەنابی مەلا مستەفا لە خانوویەكی حكومەتی ئێراندا بوو لە گەڕەكی سەلتەنەت ئاباد، كاك ئیدریس تەلەفۆنی بۆ كردم، منیش چووم، لەوێ گوتی حەز دەكەم پشكنین بۆ جەنابی مەلا مستەفا بكەی، كە بینیم زانیم وەزعەكە چییە، گوتم دەبێ‌ تیشكی سینگی بۆ بگرین، گوتی من تیشك لێرە ناگرم و ئەگەر لێرە تیشك بگرم و چارەسەر وەربگرم لێناگەڕێن بچمە دەرەوە. گوتی من دەمەوێ‌ بچمە ئەمریكا و لەوێ‌ مەسەلەی كورد لەگەڵ ئەمریكا باس بكەم.
 
رووداو: كەواتە ئەو چارەسەری نەخۆشییەكەی كردە وەسیلەیەك بۆ ئەوەی بچێتە ئەمریكا بۆ دۆزی كورد؟

د.نەجمەدین: دەتوانی وا بڵێیت.

رووداو: زۆر لەگەڵ بارزانی ژیایت؟

د.نەجمەدین: بەڵێ‌. لە كۆتایی 1974 تاوەكو چووینە ئەمریكا.

رووداو: بە چ شتێكی بارزانی سەرسام بوویت؟

د.نەجمەدین: مەلا مستەفا پیاوێكی سادە بوو، حەزی لە فەخفەخە نەبوو، حەزی لەوە نەبوو خەڵك مەدحی بكات. تووڕە دەبوو ئەگەر مەدحت بكردایە. پێتگوتبا سەرۆك وەكو ئەوە وابوو جنێوت پێ‌ دابێ‌.

رووداو: حەزی دەكرد پێی بڵێن چی؟

د.نەجمەدین: جەنابی بارزانی، یان مەلا مستەفا. خۆ ئەوانەی خۆیان كەس پێی نەدەگوت جەنابیش، هەر پێیاندەگوت مەلا مستەفا. من مەلا مستەفام

مەلا مستەفام بینیوە كە گریاوە

بینیوە گریاوە. كە شێخ بابۆی برای وەفاتی كرد، ئەو شەوە ئێمە لە كەرەج بووین. منیان بانگ كرد بە رەحمەت بێ‌ كاك سابیر باوكی كاك سیروان بارزانی كە سەدام لە بەغدا شەهیدی كرد لەوێ بوو. كە چوومە ئەوێ‌ پشكنینم بۆ كرد، جەنابی مەلا مستەفا لەوێ‌ بوو، گوتم ئەزبەنی وەفاتی كردووە. ئیدی ئێمە هاتینە ئەولاوە. ئەو بەدیارییەوە دانیشتبوو دەگریا. ئەوكات مەلا مستەفا نەخۆش بوو، تەرمی شێخ بابۆیان برد بۆ شنۆ بۆ ناشتن، ئێمە نەمانهێشت مەلا مستەفا بچێت. كە بەهار هات مەلا مستەفا و كاك ئیدریس و كاك موحسین دزەیی بە یەكەوە چووین بۆ ورمێ‌، پاشان چووین بۆ سەر گۆڕی شێخ بابۆ، ئیدی لەوێش بە تەنیا جێمانهێشت. لەوێ‌ گریانێكی بەكوڵ گریا.
 

رووداو: بەڕێز مام جەلال سەبارەت بە كەركووك دەڵێت كەركووك قودسی كوردستانە. خوالێخۆشبوو مەلا مستەفاش دەیگوت دڵی كوردستانە. تۆ پێناسەت بۆ كەركووك چییە؟

د.نەجمەدین: من هەردوو پێناسەكە كۆدەكەمەوە، چونكە من لەوە زیاترم پێناگوترێ‌ كە ئەو دوو سەركردەیە مێژووییەی كورد بە كەركووكیان گوتووە.

رووداو: خۆری ئاواتی كورد كەی دێتەدی كە سەربەخۆیی كوردستانە؟

د.نەجمەدین: كاتەكەی نازانم، بەڵام بە دووریشی نازانم. بەڵام ئیرادەی كورد گرنگە. نەهێشتنی گەندەڵی و نەهێشتنی ململانێی زۆر سادە كە دەبێتە هۆی كێشەی گەورە گرنگە.

رووداو: تەنیا یادگاریت لەگەڵ مەلا مستەفا و مام جەلال هەبوو، یان لەگەڵ سەركردەكانی دیكەی كورد وەكو ئاپۆ و قاسملووش.

د.نەجمەدین: من لە حەفتاكان د.قاسملووم بینیوە، مامۆستا بوو لە زانكۆی بەسرا دەهاتە باڵەكایەتی. ئاپۆشم لە رۆما بینی لەسەر داوای خۆی. كانی یەڵماز ئەوكات نوێنەریان بوو لە ئەوروپا تەلەفۆنی كرد كە ئاپۆ دەیەوێ‌ بتبینێ‌. ئەو رۆژەی كە من بینیم بڕیارێكی دادگای بۆ هاتبوو كە ئەو ئازادە لە ئیتاڵیا بۆ هەر شوێنێك بچێ، بەڵام بەداخەوە راوێژكارەكانی بە هەڵەیاندا برد. بەو هۆیەوە چووە یۆنان و هاتوچۆیان پێكرد لە نێوان رووسیا و یۆنان. لە دواییدا ئەوە بوو لە كینیا گیرا. من سادق شەرەفكەندیشم بینیوە برای مامۆستا هەژار بوو زۆر برادەرم بوو. بەنیسبەت سیاسییەكانی دیكە وەك كۆمەڵەكانی رۆژهەڵات و هەردوو حیزبی دیموكرات پەیوەندیمان هەیە. لەگەڵ برادەرانی باكوور كە هاتوون بۆ ئەمریكا ئێمە پرۆگراممان بۆ داناون.

رووداو: پێناسەت بۆ نەوشیروان مستەفا چییە؟

د.نەجمەدین: نەوشیروان مستەفا خەباتێكی دوور و درێژی هەیە، ستراتیژی بیردەكاتەوە و وردە لە بیركردنەوەدا.

رووداو: ئەی بەرهەم ساڵح؟

د.نەجمەدین: دیپلۆماتێكی باشە، پەیوەندی باشی هەیە، ئێمە زۆر هاوڕێ بووین لە ئەمریكا و زۆر كاری باشمان بە یەكەوە كردووە. بەرپرسیارێتی هەیە و رێزی هەیە لە نێو خەڵك.

رووداو: چی لە مام جەلال فێر بووی. چی لە نەوشیروان فێربووی؟

د.نەجمەدین: كاك نەوشیروان وەكو مام جەلال ئیشم لەگەڵ نەكردووە، بەڵام بیری ستراتیژیی كاك نەوشیروانم بە دڵە. لە مام جەلالەوە زۆر شت هەیە لێی فێری ببی. من ئەوەی لە مام جەلالەوە فێربووم و دەمەوێ‌ جێبەجێی بكەم بۆچوونی مام جەلالە دەربارەی كەركووك و پەیوەندی لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكانی كەركووك.

رووداو: ئێستا مام جەلال سیاسەت دادەڕێژێ‌ بۆ یەكێتی؟

د.نەجمەدین: نەخێر.

رووداو: ئێستا كێ‌ سیاسەتی یەكێتی دادەڕێژێ‌؟

د.نەجمەدین: بە راستی نازانم سیاسەت داڕشتن چییە. شەخسێك نییە سیاسەتی یەكێتی دابڕێژێ‌.

رووداو: كێ‌ ئەو حیزبە بەڕێوەدەبات؟

د.نەجمەدین: حیزبەكە دەڕوات بەڕێوە. كارگێڕی مەكتەبی سیاسی هەیە و مەڵبەندەكان هەن و ئیشی خۆیان دەكەن.

رووداو: ئەی بۆ دوو جێگرانی سكرتێرت نەگوت؟

د.نەجمەدین: نا بە دڵنیاییەوە رۆڵیان هەیە. بەڵام من خۆم شەخسی پێمخۆشە رۆڵی خۆیان بە تەواوەتی ببینن وەكو جێگری سكرتێری یەكێتی. نەك وەكو بەشێك لە نێو مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە