رووداو - تەندروستی
هێرشی ئەلیکترۆنی کرایە سەر سیستمی تەندروستیی بەریتانیا و بەهۆیەوە سەتان نۆرەی بینینی پزیشک و نەشتەرگەری دواکەوتن.
ئۆلیڤەر داوسن دەبووایە ئێستا نەشتەرگەریی دڵی بۆ کرابا و لەقۆناخی چاکبوونەوەدا بووایە، بەڵام هێرشێکی ئەلکترۆنی بۆ سەر ئەو کۆمپانیایەی پاڵپشتی لە خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتیمانیی بەریتانیا ناسراو بە NHS دەکات، نەشتەرگەرییەکەی ئەو و سەتانی دیکەی هەڵپەسارد.
ئۆلیڤەر داوسن دەڵێت: "نازانم هێرشەکە لە کوێوە کراوە. نازانم بۆچیش ئەم کارە دەکەن. پێموایە بۆ پارە ئەم کارە دەکەن. بەڵام هیواخوازم ئەگەر بۆ پارە دەیکەن، هێرشەکە بە جۆرێک نەکەن کار لە ژیانی سەتان کەسی ئاسایی بکات."
هێرشە ئەلیکترۆنییەکە کۆمپانیای 'سینۆڤیس'ی کردە ئامانج کە خزمەتگوزاریی نەخۆشیزانی پێشکێش دەکات و هاوکات ئەڵقەی پێکەوە بەستنەوەی چەندین دامەزراوەی تەندروستییە لەسەر ئاستی بەریتانیا و ئێرلەندا.
بەهۆی هێرشەکەوە چەندین نەخۆشخانەی گەورە لە لەندەن لەکارکەوتن و پرۆسەی گواستنەوەی خوێن وەستا.
جامی ماککۆل، شارەزای هێرشی ئەلکترۆنی گوتی، ''وڵاتانی تووندئاژۆی وەکو ئێران، رووسیا و کۆریای باکوور سەرنجی زۆریان لەسەر ئەم جۆرە هێرشانەیە، بەڵام راستییەکەی ئەمە تاوانی ئەلکترۆنییە و بارمتەگەری ئۆنلانە کە کار لە ژیانی خەڵک دەکات و خزمەتگوزارییە بنچینەییەکان پەکدەخات."
نەخۆشخانەکانی بەریتانیا لە قۆناخی بووژانەوەن لەدەست هێرشە ئەلکترۆنییەکە، شارەزایانی ئەلکترۆنی گومان دەکەن گرووپێکی رووسی بەناوی Qilin بۆ بەدەستهێنانی پارە ئەم کارەیان کردبێت.
لە 2023دا 2814 هێرشی ئەلکترۆنی کراونەتە سەر دامەزراوەکانی بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ