رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری تەندروستیی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی دەڵێت، حکومەت هیچ کۆنترۆڵێکی بەسەر بازاڕی ئۆنلایندا نییە، فرۆشتنی دەرمان لە رێگەی ئۆنلاینەوە فێڵی گەورەی تێدا دەکرێت و خەڵکێکی زۆر بەناوی "دەرمانی زیادکردنی توانای سێکسی و شەکرە هەڵخەڵەتێنراوە". دەشڵێت، ساڵی رابردوو چوار کەس کە خۆیان دەرمانیان دروستدەکرد و دەیانفرۆشت، درانە دادگە و شوێنەکانیشیان داخران.
دکتۆر ئیدریس ئەحمەد، پزیشکی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی قەزای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، حکومەت ئاگاداری بازاڕی ئۆنلاین نییە، هەرکەسێک لە خۆیەوە بانگەشە دەکات و لە پەیجێکەوە شت دەفرۆشێت.
نوێنەری بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی سلێمانی گوتی: "زۆرترین خواست لەسەر ئەو دەرمانانەی بە ئۆنلاین دەفرۆشرێن، خەڵكی پێدەخەڵەتێنرێت، دەرمانی زیادکردنی توانای سێکسی و دەرمانی نەهێشتنی شەکرەیە."
بەگوتەی نوێنەرەکەی تەندروستیی سلێمانی لە لیژنە هاوبەشەکان ساڵی رابردوو، چوار کەیسیان رووبەڕووی دادگە کردووەتەوە.
دکتۆر ئیدریس گوتی: "ئەو کەسانە لەماڵی خۆیان شتیان دروست دەکرد، کرێمێکیان لە بازاڕ دەکڕی بە هەزار دینار بوو، کەڤەریان دەکردەوە پاشان بەناوی خۆیان دەیانفرۆشت و بەنرخی زۆر زیاتر لە رێگەی ئۆنلاینەوە دەیانفرۆشت. لەسەر ئەم کەیسە چوار کەس دەستگیرکران و شوێنەکەشیان داخرا."
دکتۆر ئیدریس ئەحمەد گوتیشی: "کەسێکی دیکەمان دایە دادگە، لەماڵەوە پاودەرێکی تۆزی هێنابوو دەیکرد بە گیراوە و ناوێکی لێنابوو، وەک دەرمانی بەهێزکردنی سێکس لە دهۆکەوە تاوەکو سلێمانی فرۆشتبووی، بەبێ ئەوەی هیچ سوودێکی هەبێت، بەنرخێکی گرانیش دەیفرۆشت خۆی گیراوەکە هیچی تێنەدەچوو بە 30 تاوەکو 40 هەزار دەیفرۆشت."
ئەو پزیشکە دەرمانسازە کە هاوکات نوێنەری تەندروستیی سلێمانییە لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، خەڵک زۆر هۆشیار نییە بەرامبەر بەکارهێنانی دەرمان، کاتێک پێویستی بە دەرمانێکی بەهێزکردنی سێکس هەیە، دەتوانێت لە دەرمانخانەیەکی فەرمی بیکڕێت نەوەکو لە پەیجێکەوە شتێک بکڕێت، کە مەترسیدارە.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی لەرێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشرێت، دەرمانی ناسراو نین، کە لە دەرمانخانەکاندا هەن، ئەو دەرمانانەن کە فەیکن و دروستکراون و چەند دەرمانێک هەن بەکاری دەهێنن.
لە چەند رۆژی رابردوودا هاونیشتمانییەک لە سلێمانی، رایگەیاند بەهۆی بەکارهێنانی شامپۆیەکی رەشکردنەوەی قژ تووشی هەستیاری بووە و دەموچاوی ئاوساوە.
دکتۆر ئیدریس ئەحمەد دەڵێت: "ئەو شامپۆیەی لە چەند رۆژی رابردوو کەسێکی تووشی هەستیاری کردبوو، هیچ رێنمایی و زانیارییەکی لەسەر نییە، لەبازاڕیش هەمان شامپۆ بەناوی جیاواز هەیە، ئێمە قەدەخەمان کرد، چونکە پێکهاتەکەی دیار نییە و نازانین هی چ کۆمپانیایەکە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ