گالەری

 
رۆژی یەکشەممە 10-9-2023، لەنێو کارگەی کولتوور لە گەلەری ئێستا، بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی پێشانگەیەکی هاوبەشی بۆ 24 ژنە شێوەکار بە ناونیشانی 'کەپر' کردەوە.
 
ئامانجی پێشانگاکە، وەکو رێکخەرانی دەڵێن، کۆکردنەوەی توانای جیاواز و پێکەوە کارکردن و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بیرۆکەی جیاوازی کۆمەڵێک ژنە هونەرمەندە.
 
لە پێشانگەکە 30 تابلۆی هونەری نمایش کرابوون بە قەبارەی جیاواز، هەر هونەرمەندێک بە یەک تابلۆ یاخود زیاتر بەشداربوون.
 
سەرخێڵ جەمال، بەڕێوەبەری بەشی هونەری شێوەکاری لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: کردنەوەی گەلەرییەکە بۆ ئێمە جێگەی دڵخۆشییە و خانمان توانییان لە ماوەی سێ رۆژدا ئەو بەرهەمە جوانانە ئامادە بکەن. 
 
وەکو سەرخێڵ جەمال دەڵێت، ژنە شێوەکارەکان سێ رۆژیان بۆ دانرابوو و پێکەوە لەنێو کارگەی جگەرە لە سلێمانی رۆژانە لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 06:00ـی ئێوارە کاریان کرد. 
 
'کەپر'، بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی، دەبێتە پرۆژەیەکی بەردەوام و گرنگی بە هونەری شێوەکاری دەدات لە سلێمانی بەپێی توانا دارایی و مرۆییەکان. گوتیشی، ئەگەر سپۆنسەریان هەبێت، پرۆژەکە فراوان دەکەن و بۆ شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوەی  وڵاتیشی دەگوازنەوە. 
 
پێشانگەی کەپر چوار رۆژ بەردەوام دەبێت و رۆژانە لە کاژێر 10:00ـی بەیانی تاکو06:00ـی ئێوارە کراوە دەبێت.  
 
ترێ شوان، یەکێکە لەو شێوەکارانەی لە پرۆژەکەدا بەشداربووە و بە رووداوی گوتی: "من بە دوو تابلۆ بەشداربووم، ئەوە کارێکی زۆر باشە هیوادارم دووبارە ببێتەوە، لەگەڵ چەند خانمێکی دیکە، لەو ماوە کەمەدا توانیمان بە شێوازێکی باش تابلۆکانمان بنەخشێنین." 
 
لەبارەی سوودی پێشانگەکە، ترێ شوان دەڵێت، شێوەکارەکان زۆرترین بیرۆکەی هونەرییان لەنێوان خۆیاندا ئاڵوگۆڕکردووە، چونکە لە کاتی کارکردن کارەکانی یەکترییان بینیوە و سوودییان لە ئەزموونی یەکتر وەرگرتووە. 
 
هەر یەکێک لە شێوەکارەکان بە فۆرمێکی جیاواز کاریان کردووە، ئەو ژنە شێوەکارە دەڵێت، ئەو بە ئەبستراکت کاری کردووە، هەروەها سیرامیک و بابەتەکانی دیکەشی بەکارهێناوە.