دەیان سروود و گۆرانی بۆ کۆبانێ گوتراون

29-10-2015
دەرباز یونس
...
...
نیشانەکردن کۆبانێ
A+ A-
  رووداو - هەولێر

 لە دوای هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و کۆنترۆڵکردنی بەشێکی زۆری ئەو شارە بۆ ماوەیەک، ئەم شارەی کوردستان بووە سیمبولی بەرخودان و لە هەموو جیهاندا دەنگی دایەوە، هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی کوردیش، وەک هەڵوێستی نەتەوەیی، دەیان سروود و گۆرانییان بۆ ئەم شارە و پشتگیری لە پێشمەرگەو شەڕڤانان تۆمارکرد.

ئەگەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیووب بەناوی کۆبانێ گەڕانێک بکەیت، دەیان سروود و گۆرانی دەدۆزیتەوە، هونەرمەندێکی کوردیش کە گۆرانی بۆ کۆبانێ گوتووە دەڵێت ، بۆ هەڵوێستی نەتەوەیی هەر هونەرمەندێک کە بەرهەمێک بڵاودەکاتەوە، دەبێت بەرهەمێکی هونەری و کوالێتی بەرز بێت.  ئەو  پێشی وایە ، کە بەشی زۆری ئەو کارانەی بۆ کۆبانێ و پێشمەرگە ئەنجامدراون کوالێتیان لە ئاستی پێویستدا نییە.

جگە لە هونەرمەندانی  کورد،  هونەرمەندانی بیانیش گۆرانیان بۆ کۆبانێ گوتووە، هونەرمەندێکی ئەمریکی بەناوی میریام، گۆرانی بۆ ئەم شارەی رۆژئاوای کوردستان دەڵێت و بە "کچکە بچووکەکەم" بانگی دەکات.

عەدنان کەریمی هونەرمەندیش، لە گۆرانییەکدا بۆ ئەم شارە، کۆبانێ بە چاوی کوردان و دەستە خوشکی هەڵەبجە وەسف دەکات، گۆرانییەکی کێنداڵ مانیش، هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژئاوای کوردستان لەسەر کۆبانێ لە یوتیووب زیاتر لە یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بینەری هەبووە.

ئێستاش هونەرمەندانی کوردستان، لە بەرهەمهێنانی گۆرانی بۆ کۆبانێ بەردەوامن و بورهان خۆشناو-ی هونەرمەندیش، بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا لاوکێک بۆ کۆبانێ بڵاوبکاتەوە.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر شاری کۆبانێ و دوای مانگێک بەرخودانی شەڕڤانان، رێگری لە پێشڕەوی داعش کرا ، بەڵام هەزاران کەس لە شارەکە ئاوارەی باکوور و باشوور و ناوچەکانی دیکەی کوردستان بوون.

بە فەرمانی مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و رەزامەندی پەرلەمان، كاروانی یەكەمی هێزی پێشمەرگە بە چەکی قورس و مامناوەند لە 28ی تشرینی یەكەمی 2014 بەرەو كۆبانێ بەرێكەوت، بۆ پشتیوانیکردنی شەڕڤانان لەو شارەدا.

 لە 26/1/2015 ئەو شارە کوردستانییە بەتەواوی لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە کۆنترۆڵکرایەوە و جارێکی دیکە ژیان گەڕایەوە بۆ کۆبانێ.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە