حوسێن حەسەن بەهۆی ترەمپ ناتوانێ بەشداری فێستیڤاڵ بکات

28-01-2017
هیوا سەڵاح
حوسێن حەسەن، دەرهێنەری کورد
حوسێن حەسەن، دەرهێنەری کورد
A+ A-

رووداو- ئاژانسەکان

حوسێن حەسەن، دەرهێنەری کورد بەهۆی بڕیاری پێنەدانی ڤیزەی ئەمریکا ناتوانێ بەشداری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی سینەمایی مایامی بکات، ئەمەش لە نێو میدیاکانی ئەمریکا دەنگدانەوەی زۆری هەبوو.


بڕیاربوو فیلمی رەشەبا لە دەرهێنانی حوسێن حەسەن، کە باس لە رفاندنی کچانی کوردی ئێزدیی دەکات، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی  فیلمی مایامی لە ئەمریکا نمایش بکرێت، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی ترەمپ، کە ڤیزەی ئەمریکای قەدەخەکردووە بە خەڵکی 7 وڵات بدرێت، لەوانەش عێراق، بۆیە حوسێن حەسەن نەیتوانی ئامادەی ئەم فێستیڤاڵەی بێت.

حوسێن حەسەن لەمبارییەوە بەرووداوی راگەیاند "بڕیاربوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ ئامادەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی مایامی لە ئەمریکا بم، بەڵام لەبەر ئەم بریارەی ترەمپ ناتوانم بەشدار بم، دەبێت ترەمپ هونەرمەندان و تیرۆریستان لەیەکتری جیابکاتەوە، دواتریش ئێمە کوردین و هەرێمێکی سەربەخۆین، پاشان فیلمەکەی منیش باس لە نەهامەتییەکانی گەلێک دەکات، کە خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە".
 
جای لاپلانت، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی میامی، لە گۆڤاری هۆڵیوود ریپۆرتەر لەمبارییەوە دەڵیت "پێویستە ئەم بڕیارە لەسەر هونەرمەندان و سینەماکاران جێبەجێ نەکرێت، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بەشداری لە چالاکییەکانی ناو ئەمریکا بکەن و کارەکانی خۆشیان نمایش بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر گرنگە هونەرمەندانی جیهان هەست بکەن، کە لە ئەمریکا بەباشی بەخێرهاتنیان لێ دەکرێت".

هەر دوای بڕیارەکەی ترەمپ، تەرانە عەلیدۆستی، پاڵەوانی فیلمی فرۆشیاری ئێرانی دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگی حوسێن حەسەن و بە فەرمی بایکۆتی مەڕاسیمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار دەکات، کە فیلمەکەیان کاندیدکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی باشترین فیلمی بیانی.

تەرانە عەلیدۆستی، پاڵەوانی فیلمی فرۆشیاری ئێرانی

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی نوێ ئەمریكا رۆژی چوارشەممە 25 كانوونی دووەمی 2017 لە میانەی سەردانی بۆ وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریدا پێدانی ڤیزە بە ھاوڵاتیانی عێراق، سوریا ، ئێران ، لیبیا ، سۆماڵ و سودان بە شێوەیەكی كاتی رابگرێت.

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە