فیلم کارتۆنی ماشا و ورچ ریکۆردێکی نوێ تۆمار دەکات

27-12-2015
پەسار فایەق
رووداو
رووداو
نیشانەکردن فیلم کارتۆنی ماشا و ورچ
A+ A-

رووداو- رووسیا تودەی

رووسیا یەکێک لەو وڵاتانەیە، کە جێ پەنجەی لە بواری بەرهەمهێنانی زنجیرە و فیلمی ئەنیمەشندا بەرچاوە، یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی کە لەم چەند ساڵی دواییدا بەرهەمیهێناوە، زنجیرەی ئەنیمەیشنی "ماشا و ورچ"ـە.

ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە یەکەم وەرزی کە لە پێنج ئەڵقە پێکهاتبوو، لە ساڵی 2009ـدا لە رووسیا نمایشکرا و هەرساڵەوە ژمارەیەک ئەڵقەی نوێی بەرهەمدێت.

چیرۆکی ئەم بەرهەمە تەلەڤزیۆنییە باس لە کچێکی بچووک بەناوی ماشا و ورچێک دەکات، رووداوەکانی سەرنجراکیش و کۆمێدن، جگە لەو دوو کەسایەتییە، چەندین کەسایەتی دیکەی لاوەکی دەردەکەون، کە تێکڕایان ئاژەڵن.

زنجیرەی "ماشا و ورچ" سەرەتا لە رووسیا نمایشدەکرا، بەڵام ئێستا لە تەواوی جیهان نمایشدەکرێت و بۆ چەندین زمانی جیهانیش وەرگێڕدراوە.

کۆمپانیای نێت فلێکس ئەم بەرهەمەی لە ئەمریکای باکووردا نمایشکرد و دواتر لەسەر ئاستی جیهاندا بڵاویکردەوە.

دوای بڵاوبوونەوەی "ماشا و ورچ" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی یوتیوبدا، تێکڕای ئەڵقەکانی زیاتر لە پێنج ملیار و 500ملیۆن جار بینراوە و یەکێک لە ئەڵقەکانیشی زیاتر لە یەک ملیار بینەری هەبووە.

بەرهەمهێنەرانی ئەو زنجیرە ئەنیمەیشنە، کە لە کوردستانیش بینەری زۆری هەیە، بەنیازن لە ساڵی داهاتوودا بەردەوامی بە بەرهەمهێنانی بدەن.

"ماشا و ورچ" هەرچەند بۆ منداڵان بەرهەمهاتووە، بەڵام بەهۆی بەهێزی بەرهەمەکە چ لە رووی چیرۆک و ناوەڕۆکەوە چ لە رووی هونەرییەوە، گەورەکانیشی کردۆتە بینەری خۆی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە