رووداو- سلێمانی
خاتوو مەهرۆ مستەوفی، ژنە هونەرمەندی خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان لە تارانی پایتەختەوە سەدان كیلۆمەتری بڕی، بۆ ئەوەی لە گەرمەی قەیرانەكانی باشووری كوردستان و شەڕی داعشدا، لەگەڵ گرووپی موزیكی لوڕ، گۆرانی بۆ ئاشتی و ژیان بڵێت. رۆژی 19-20/2/2016 لە هۆڵی رۆشنبیریی سلێمانی كۆنسێرتێكی ساز كرد.
مەهرۆ مستەوفی لە شاری سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایك بووە. تەمەنی شەش ساڵان بووە كە لەگەڵ خێزانەكەی لە شاری تاران نیشتەجێ بووە و لەوێ لە بواری هونەردا بەشێوەیەكی ئەكادیمی خوێندوویەتی. تائێستا دوو ئەلبوومی بەنێوەكانی ئاشتی و لایلایە بڵاوكردووەتەوە. ئێستاش ئەلبوومێكی ئامادەیە بۆ بڵاوكردنەوە. دوای تەواوبوونی كۆنسێرتەكەی لە شاری سلێمانی، (رووداو) ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ساز كرد.
رووداو: تۆ جگە لەوەی گۆرانیبێژی، شێوەكاریشی، هەردوو بوارەكەشت بەشێوەی ئەكادیمی خوێندووە، كامیان لەلای تۆ لەپێشترن؟
مەهرۆ مستەوفی: بەبیرم دێ زۆر منداڵ بووم، خولیای وێنەكێشانم هەبوو، كە ئامادەییم تەواوكرد، چوومە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و لەوێ لە بواری شێوەكاری دبلۆمم بەدەستهێنا. لەكاتی وێنەكێشاندا زۆرجار گۆرانیم دەگوت، بۆیە خولیای گۆرانیگوتنیشم لەلا دروستبوو. دوای ئەوەی شووم كرد، چوومە دانیشگایەكی تاران و لەوێ میوزیكم خوێند. بەڵام هەردوو هونەرەكە لەلای من جیاوازییان نییە و گرنگی بە هەردووكیان دەدەم.
رووداو: لە گۆرانیدا كاریگەریی چ هونەرمەندێكت لەسەر بوو؟
مەهرۆ مستەوفی: زۆر حەزم لە دەنگی هونەرمەندی گەورە مامۆستا مەزهەری خالقییە.
رووداو: ئەوەندەی تێبینیمان كردووە، زۆرتر بەرهەمی فۆلكلۆرت گوتووەتەوە، بۆچی؟
مەهرۆ مستەوفی: زۆرتر حەزم لە هونەری فۆلكلۆر بووە و زیاتر هەستم بۆی جووڵاوە.
رووداو: بەشداریی ئافرەتانی ئێران لە كاری هونەریدا چۆن دەبینی؟
مەهرۆ مستەوفی: زۆر باشن، بە تایبەتی لەبواری گۆرانی و ئاوازدانان و موزیك، خێزانەكانیشیان زۆر هاوكاریانن. وەكو خۆیشم پێش ئەوەی شوو بكەم، خێزانەكەم زۆر هاوكارم بوون، دواتریش منداڵەكانم و هاوژینەكەم.
رووداو: تۆ لەچاو هونەرمەندانی دیكەی وەكو شەهێن تاڵەبانی و فەتانەی وەلیدی و مەرزیە فەریقی، لە باشووری كوردستان كەمتر ناسراویت، هۆكاری چییە؟
مەهرۆ مستەوفی: هۆكارەكەی بە دیاریكراوی نازانم، بەڵام رەنگە پەیوەندی بەوەوە هەبێت كەمتر كۆنسێرت و كلیپم كردووە، بەڵام ئەوەندەشی بزانم ئەوانەی حەزیان لە موزیك و گۆرانییە دەمناسن.
رووداو: ئەلبوومێكی نوێت ئامادەیە، ناوی چییە و لە چەند تراك پێكهاتووە؟
مەهرۆ مستەوفی: ئەلبوومەكە ناوی رێبوارە و نۆ بەرهەمی لەخۆگرتووە كە یەكێكیان تەنیا موزیكە. هۆنراوەی سیمین چایچی تێدایە و پێنج ئاوازیشی لەلایەن فەردین لاهورپوورەوە دانراون كە لە هەندێك گۆرانیشدا لەگەڵمدا گوتوویەتی و ئەوانەی دیكەش فۆلكلۆرن. گۆرانییەكانیش بەشێوەزاری هەورامی و سۆرانی و بۆ یەكەمجاریش بەشێوەزاری كرمانجی گۆرانییەكم گوتووە.
رووداو: كرمانجی بۆ تۆ قورس نەبوو؟
مەهرۆ مستەوفی: بێگومان زۆر سەخت بوو، بەڵام ئاوازی گۆرانییەكە فۆلكلۆرە و بەلامەوە جوان بوو، بۆیە گوتم.
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ ژنە هونەرمەندانی رۆژهەڵات هەیە؟
مەهرۆ مستەوفی: ئێستا لەڕێگەی فەیسبووكەوە پەیوەندیم لەگەڵ هونەرمەند شەهێن تاڵەبانی هەیە.
رووداو: پێتخۆشە كارێكی هاوبەش لەگەڵ شەهێن تاڵەبانی بكەی؟
مەهرۆ مستەوفی: بەڵێ پێمخۆشە.
رووداو: لەگەڵ هونەرمەندانی باشوور نێوانت چۆنە؟
مەهرۆ مستەوفی: ماوەی 10 ساڵە هاتوچۆی باشووری كوردستان دەكەم و پەیوەندیم لەگەڵیان زۆر باشە.
رووداو: تۆ ماوەی 25 ساڵە كاری هونەری دەكەیت، بەڵام بڵاوكردنەەی دوو ئەلبووم كەم نییە؟
مەهرۆ مستەوفی: بێگومان كەمە، چونكە پێشتر زۆر بیرم لە بڵاوكردنەوەی ئەلبووم نەدەكردەوە و لەڕووی ماددیشەوە زۆر سەختە، چونكە ئاوازدانەر و ستۆدیۆ پارەی دەوێ و داهاتیشمان دەستناكەوێتەوە. بەڵام گۆرانیم لە كۆنسێرتەكاندا گوتووە.
رووداو: بۆچی تائێستا كلیپت نییە؟
مەهرۆ مستەوفی: لەلایەك باوەڕم پێی نەبووە و لەلایەكی دیكەشەوە ویستوومە كلیپێكی پلە یەك بكەم، یان حەزم لێی نەبووە لەبن دارێكەوە بوەستم و كلیپ بكەم، ئەگینا وەكو لایەنی دیكە هیچ رێگرییەك نەبووە.
رووداو: كەواتە پێتوایە هۆكارێكی كەمتر ناسینت لە باشوور، نەبوونی كلیپە؟
مەهرۆ مستەوفی: پێدەچێت ئەوەش هۆكارێك بێت.
رووداو: بەڵام دەگوترێ بەنیازی كلیپێكی؟
مەهرۆ مستەوفی: بەڵێ بەنیازین ئەمساڵ كلیپێك بكەین.
رووداو: بە سەردان دەڕۆیتەوە شاری سنە؟
مەهرۆ مستەوفی: بەڵێ ساڵانە سەردانی دەكەمەوە و كە دەڕۆمەوە ئەوێ فرمێسك بە چاومدا دێتە خوارەوە، چونكە هەموو یادەوەرییەكانم لەوێن.
رووداو: لە شاری سلێمانی كۆنسێرتێكت بۆ ئاشتی و ژیان سازكرد، ویستت لەو رێگەیەوە چ پەیامێك بگەیەنیت؟
مەهرۆ مستەوفی: زۆر حەز لە باشوور دەكەم و خەڵكەكەی خوێنگەرمن، كۆنسێرتەكەشم بۆ ئاشتی بوو، چونكە كەس نییە رقی لە ئاشتی بێت و بەو هیوایەی ئەو كۆنسێرتەش ئاشتی زیاتر بەرقەرار بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ