رووداو دیجیتاڵ
هیچ هەفتەیەک تێپەڕنابێت ئەگەر تایلەر سویفت، هونەرمەندی ئەمریکی هەواڵێک یان دوو هەواڵی لە میدیاکاندا بڵاونەبێتەوە، جگە لە تۆمارکردنی ژمارەی پێوانەیی نوێ و بەدەستهێنانی داهاتی سەرسوڕهێنەر لە رێگەی هونەرەکەیەوە، بەردەوام بەرهەمی نوێش بڵاودەکاتەوە.
ئەو هونەرمەندە 34 ساڵە، ڤیدیۆکلیپێکی نوێی بەناوی "I Can Do It With a Broken Heart" بڵاوکردەوە و دیمەنی ئامادەکارییەکانی زنجیرە کۆنسێرتەکانی لە ئەوروپا بەکارهێناوە.
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکلیپەکە لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەشتە هونەرییەکەی ئەو هونەرمەندەیە بەناوی "Eras" لە ئەوروپا کە ژمارەی پێوانەیی لە رووی بەدەستهێنانی داهاتەوە تۆمارکردووە.
دوایین کۆنسێرتەکانی گەشتە هونەرییەکەی سویفت لە ئەوروپا، لە لەندەن بوو و پێنج کۆنسێرتی پێشکێشکرد و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا. سویفت لەمبارەیەوە دەڵێت: "هەستم کرد وەک زنجیرە خەونێکی جوان وایە".
شارەزایانی ئابووری پێشبینی ئەوەیان کردبوو، بەهۆی زنجیرە کۆنسێرتەکانی ئەو گۆرانیبێژە لە بەریتانیا، یەک ملیار و 270 ملیۆن دۆلار داهات بۆ ئەو وڵاتە بێنێت.
بەم دواییە تێبینی کاریگەری ئابووریی گەشتی هونەریی هونەرمەندە ناسراوەکان بۆ هەر وڵاتێک کراوە، لەوانەش تایلەر سویفت و بیۆنسێ.
بەهۆی کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفت لە بەریتانیا، گەشتیاران چەند مانگێک پێشتر هوتێلیان گرتبوو و نرخی سێ هێندەی نرخی جارانی بەرزببووەوە.
بڕیارە گەشتی هونەریی "Eras" لە تشرینی یەکەمی 2024 لە مەیامی لە ئەمریکا درێژەی پێبدرێت. گەشتە هونەرییەکە لە چوار کیشوەرە، ئەویش ئەوروپا، ئاسیا، ئەمریکای باکوور و ئەمریکای لاتینە.
گەشتی هونەریی "Eras" لە تشرینی دووەمی 2022 راگەیێندرا، لە ئاداری 2023 دەستیپێکرد، بەهۆی داواکاری زۆر هەوادارانی لەسەر کۆنسێرتەکانی گەشتەکە، رۆژ لە دوای رۆژ گەشتەکە درێژدەکرێتەوە.
جیاوازیی ئەو گەشتە هونەرییەی سویفت لەگەڵ گەشتە هونەرییەکانی دیکەی، ئەوەیە کە گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی لە 10 ئەلبوومەکەی پێشکێش دەکات، پێچەوانەی گەشتەکانی دیکەی کە تەنیا بۆ ناساندن و بە بازاڕکردنی یەک ئەلبووم بووە.
گەشتە هونەرییەکە لە تشرینی یەکەمی 2024 درێژەی پێدەدرێت و زنجیرە کۆنسێرتێک لە ئەمریکا و کەنەدا لەخۆدەگرێت، لە 23ـی تشرینی دووەم لە کەندا کۆتایی دێت و پێشبینی ئەوە کراوە داهاتی یەک ملیار دۆلاری هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی نەمسا بڵاویکردەوە، لە ڤیەننا گەنجێکی عێراقییان بە تۆمەتی بەشداربوون لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت دەستگیرکرد.
ئەوەشی راگەیاند، گەنجە عێراقییەکە تەمەنی 18 ساڵە و گومان دەکەن بەشێک بێت لەو تۆڕەی پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکانی سویفت هێرش بکەن.
ئەو گەنجە دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندی بە داعشەوە هەیە و ویستوویەتی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی ئەو گۆرانیبێژە، هێرشەکە بکات و پێشبینی دەکرا نزیکەی 20 هەزار کەس ئامادەبن. کۆی گشتی، سێ کۆنسێرتی سویفت بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە هەڵوەشاونەتەوە کە بڕیاربووە 195 هەزار هەوادار تێیاندا ئامادەبن.
رێکخەری کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفت، سێ کۆنسێرتی ئەو گۆرانیبێژەیان لە ڤیەننا هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو لە ناوەڕاستی ئابی 2024 سازبکرێن.
تایلەر سویفت لە 13ـی کانوونی یەکەمی 1989 لە ئەمریکا لەدایکبووە، لە هونەرمەندە هەر ناسراوەکانی جیهانە، لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە چەندین ژمارەی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە، ساڵانە ئەلبوومێکی گۆرانی بڵاودەکاتەوە، بە پێچەوانەی بەشێک لە هونەرمەندە جیهانییەکان کە چەند ساڵ جارێک ئەلبوومێک بڵاودەکەنەوە.
ئەو هونەرمەند جگە لە گۆرانیگوتن، تێکستی گۆرانیش دەنووسێت، لە 2005 گرێبەستی لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی هونەری کردووە، وەک گۆرانیبێژێکی کانتری، یەکەم ئەلبوومی لە 2006 بڵاوکردووەتەوە و ناونیشانی ئەلبوومەکە ناوی خۆی بوو.
سویفت، بە یەکێک لە هونەرمەندە پڕفرۆشەکان لە جیهاندا دەناسرێت و بەپێی خەملاندنێک، زیاتر لە 200 ملیۆن کۆپی لە بەرهەمەکانی فرۆشراون. حەوت ئەلبوومی لە یەکەم هەفتەدا زیاتر لە یەک ملیۆن کۆپییان فرۆشراون.
لە رووی بەدەستهێنانی خەڵاتە گرنگەکانی میوزیک، براوەی 14 خەڵاتی گرامی، یەک خەڵاتی ئێمی پرایم تایم، 40 خەڵاتی میوزیکی ئەمریکی، 39 خەڵاتی میوزیکی بیلبۆرد و 23 خەڵاتی ئێم تی ڤی، جگە لە چەندین خەڵاتی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ