ئەكادیمیایەكی ئەمریكی گەنجانی كورد فێری میوزیك و سەمای هیپ هۆپ دەكات

23-09-2016
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەما هیپ هۆپ
A+ A-

گلێن فیڵد
رووداو - هەولێر

ماوەی یەك دەیە دەبێت پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەكادیمیایەكی ئەمریكی بۆ میوزیكی كلاسیكی و سەمای هیپ هۆپ بەردەوامە. ئێستاش لە پانتاییە هونەرییەكەدا بەرهەمی ئەم پەیوەندییە دەركەوتووە، لەكاتێكدا بەشێكی بەرچاو لەوانەی قوتابی ئەم ئەكادیمیایە بوون، ئێستا مامۆستا یان بەرِێوەبەری ناوەند و دامەزراوە هونەرییەكانی كوردستانن.

جۆن فێرگسن، بەرپرسی پڕۆژەكانی ئەكادیمیای یەس (Yes Academy) لەبارەی بەرهەمی پڕۆژەكەی خۆیان لە كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "دەبینین ئەوانەی 10 ساڵ لەمەوبەر ئێمە وانەمان پێدەگوتنەوە، ئێستا خۆیان مامۆستان و لە هەندێك حاڵەتیشدا بەڕێوەبەری دامەزراوەكانی هونەرەجوانەكانی كوردستانن، یان لەو دامەزراوانەدا وانە دەڵێنەوە". ئەمەش بەو مانایەیە ئەوانەی قوتابی ئەكادیمیای یەس بوون، ئێستا لە ناوەندە هونەرییەكاندا "خاوەنی دەسەڵات و پێگە و كاریگەرین".

ئەكادیمیای یەس ساڵانە كۆمەڵێك كۆرس لە هەولێر دەكاتەوە، كە تێیدا بەشداربووان فێری داڕشتن و ئەدای میوزیك و سەما دەكەن. بە گوتەی فێرگسن لە سەرەتای دامەزرانی ئەم ئەكادیمییەوە گۆڕانكارییەكی زۆر لە نێو ئەكادیمیاكەدا روویداوەو گوتی "هەموو ساڵێكمان وەكو ئەوەیە بە گۆڕانێكدا رۆیشتبین، پرۆژەكەمان بەپێی بارودۆخی سیاسی، رەوشی دارایی و ئەمنی گۆڕانی بەسەردا دێ".

لە پڕۆژەكەی ئەمساڵیاندا كار لەگەڵ 100 بەشداربوودا دەكەن، كە هەندێكیان لە پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرە جوانەكانی هەرێمی كوردستاندا وانە و راهێنانیان وەرگرتووە. پرۆگرامەكەی ئەمساڵ لەڕووی قەبارەوە لە چاو  ساڵانی پێشوو بچووكترە، بەڵام بەرپرسی پڕۆژەكانی ئەكادیمیای یەس هیواخوازە ئەمساڵیش بتوانن مەشق بە قوتابی و مامۆستای دیكە بكەن.

سەبارەت بە قەبارەی پرۆگرامەكەی ئەمساڵ فێرگسن رایگەیاند "پرۆگرامەكە لە چاو جاران بچووكترە، بەڵام لە هەمانكاتدا چالاكتریشە. پرۆگرامەكەی ئەمساڵ هەرزانتر دەكەوێت و زیاتر پەیوەندی كەسەكانە نەك وڵاتەكان". هیواشی خواست "هاوكارییە داراییەكان پێشكەش بەم پڕۆژەیە بكرێن، بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا بتوانن گرووپێكی زیاتر لە مامۆستا بهێنن و خەرجییەكانی گواستنەوە، حەوانەوە و خواردن بۆ ژمارەیەكی زیاتر لە قوتابی دابین بكەن".

سەبارەت بە قەبارەی پڕۆژەكەو چۆنێتی رێكخستنی گرووپەكان فێرگسن ئاماژەی بەوەدا كە "ئەمساڵ 50 سكۆلارشیپمان داناوە، كە خەرجییەكانی گواستنەوە، هوتێل و خواردنی 50 قوتابی دەرەوەی هەولێر لەخۆدەگرێت، دواتریش لەگەڵ قوتابییەكانی نێو هەولێر كاردەكەین".

پڕۆژەكەی یەس لەڕووی ستایلی موزیكەوە فرەڕەنگە و هەم ستایلی رۆژئاوایی لەخۆدەگرێت و هەمیش رێگە بە بەشداربووان دەدرێت بە مۆسیقای كوردی بەشداری لە راهێنانەكاندا بكەن. بە گوتەی فێرگسن "یەكێك لە خاڵە بەهێزەكانی یەس ئەكادیمی ئەوەیە كار لەسەر چۆنێتی داڕشتن دەكات. هەر بۆیەش داوا لە قوتابییەكان دەكەین پارچەیەك بۆ ئۆركێسترای ژێدار یان چوارینەی ژێدار بنووسن، پارچەكەش دەكرێت لەسەر بنەمای موزیكی كوردی بێت، دواتریش ئەم پارچەیە بەشێوازی رۆژئاوایی داڕشتنی بۆ بكرێت".

دوو مانگ لەمەوبەر، لە تەقینەوەكەی گەڕەكی كەڕادەی بەغدا، عادل فەرەج (ناسراو بە عادل یۆرۆ) لەگەڵ 343 كەسی دیكە گیانی لەدەستدا. عادل یەكێك لە مامۆستاكانی پرۆژەكەی یەس ئەكادیمی بوو، هەر بۆیەش ئەمساڵ بۆ یادی عادل سەمای هیپ هۆپیش لە پرۆگرامەكەیان دادەنێنەوە.

بۆ بانگهێشتی قوتابیانی میوزیك، ئەكادیمیای یەس پشت بە پەیمانگا و كۆلێژەكانی هونەرەجوانەكانی كوردستان دەبەستێت، بەڵام بۆ بانگهێشتكردنی شەیدایانی هیپ هۆپ پشت بە فەیسبووك و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی دیكە دەبەستێت. فێرگسن دەڵێت "بۆ مەشقەكانی سەما ئێمە راستەوخۆ پەیوەندی بەو كەسانەوە دەكەین، كە خوازیاری بەشداری كردنن، بۆ ئەمەش پشت بە فەیسبووك یان پرسیاركردن لەم و لەو دەبەستین. ماوەی 10 ساڵ دەبێت ئەمە كارمانە، بۆیەش هەموو كەسەكان ئێمە دەناسن و ئێمەش ئەوان دەناسین".

مامۆستای ئەمساڵی سەما، حەلیم رەسووڵە، كە لە ناو قوتابییەكان و هاوڕێكانی بە ژێ  (Strings)ناسراوە. حەلیم خەڵكی دیترۆیتە، ئەم شارە یەكێكە لەو شارانەی ئەمریكا كە زۆرترین ژمارەی موسڵمانی تێدا دەژی، بۆیەش پێیوایە "مێژووی من لەگەڵ زمان و كەلتووری [گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست] وایكردووە من شیاو بم بۆ ئەمە، باكگراوندی خۆیشم لە هیپ هۆپ دەرفەتی رەخساندووە بۆ ئەوەی بێمە ئێرە. هەست دەكەم جۆرە پەیوەندییەكم بە ئێرەوە هەیە، لەبەر ئەوەی هەم سەماكارەكان لەگەڵ من هەست بە ئاسوودەیی دەكەن و هەم خۆیشم هەست دەكەم زۆر شت لەبارەیانەوە دەزانم".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە