رووداو - هەولێر
شوان عەتووف، سینەماکاری کورد وەکو ئەندامی لێژنەی دادوەران، بەشداریی لە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە وڵاتی ئیسپانیا کرد.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی کورتە فیلمی ماڵ و کلیل " Home And Key ، کە لە نووسین و دەرھێنانی سینەماکار شوان عەتووف-ە، لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ رووداو ناردووە راگەیاند "فیلمی ماڵ و کلیل، ساڵی پار لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیی کورتە فیلمەکانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" Fuencaliente Rural لە وڵاتی ئیسپانیا نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم فیستیڤاڵەوە خەڵاتی باشترین فیلم، ھەروەھا لە لایەن بینەرانەوە خەڵاتی باشترین فیلمی بینەران بە دەرھێنەری فیلمەکە بەخشرا".
"شوان عەتووف لەو کاتەوە وەکو ئەندامی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی نێونەتەوەیی خولی داھاتووی ئەم فیستیڤاڵە دەستنیشانکرا".
شوان عەتووف دوای هەڵبژاردنی وەکو ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە چوارەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "فۆئێنکالینتێ رۆرال" لە ئیسپانیا بەشداریی کرد و دوای بینین و ھەڵسەنگاندیی فیلمەکان، لەگەڵ ئەندامانی دیکەی لێژنەی ناوبژیوانی ئەم فیستیڤاڵە خەڵاتیان بەسەر سینەماکارانی سەرکەوتوودا دابەشکرد.
ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری کورتە فیلمەکانی چیرۆکی، ئەنیمەیشن و دیکۆمێنتاری لە سینەماکارانی وڵاتانی جیھان بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵەکە لە دوو بەشی پێشبڕکێی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، ھەروەھا بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە رۆژانی ١٢ تا ١٨ی ئاب / ئۆگۆست ٢٠١٤ لە شاری فۆئێنکالینتێ یەکێک لە شارە گەشتیارییەکانی ئیسپانیا لە نزیک شاری مەدرید بەڕێوەچوو.
ئەکتەر و دەرھێنەری کورد شوان عەتووف پێشتریش لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەغداد و چەندین فیستیڤاڵی دیکەی فیلمی ناوخۆیی ئەندامی لێژنەی دادوەران بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ