جوان حاجۆ بۆ (رووداو): تاوەكو زوڵم لەسەر كورد هەبێ،‌ واز لە گۆرانیی شۆڕشگێڕی ناهێنم

20-03-2019
هیوا سەڵاح
نیشانەکردن جوان حاجۆ
A+ A-

رووداو- هەولێر

ناوێكی دیاری نێو هونەری كوردییە، ئەو بە ستایلێك گۆرانی دەڵێت گەنج و پیر گوێی لێدەگرن. نزیكەی 40 ساڵە شار بەشار و وڵات بە وڵات گۆرانی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی دەچڕێت. جوان حاجۆ، خەڵكی رۆژئاوای كوردستانە و لە سوێد نیشتەجێیە. لە هەڤپەیڤینێكی (رووداو)دا ئامۆژگاری گەنجانی گۆرانیبێژ دەكات، كە بیر لە بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانیان بە ئەلبووم و سیدی نەكەنەوە و پەنا بۆ ئۆنلاین ببەن، چونكە پێیوایە ئێستا باوی بڵاوكردنەوی سیدی نەماوە. 

رووداو: لەئەلبوومە نوێیەكەت گۆرانییەكت بۆ شەهید شیفا گوتووە، چۆن بوو بڕیارت دا ئەو گۆرانییە بۆ شەهید شیفا بڵێی؟

جوان حاجۆ: شەهید شیفا بووەتە سیمبولی بوێری و بەرخودانی ژنانی كورد، بۆیە بەشانازییەوە گۆرانییەكم لە ئەلبوومە نوێیەكەمدا لەبارەی ئازایەتی و نەبەردی شیفا گوتووە، لە رێورەسمی دابەشكردنی خەڵاتی جیهانی شیفاش لەبەردەم ئامادەبووان و سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا پێشكەشم كردەوە.

رووداو: زیاتر لە 40 ساڵە جوان حاجۆ گۆرانی بۆ غەریبی و مەینەتییەكانی گەلی كورد دەڵێت، كەی كاتی ئەوە دێت جوان حاجۆ زیاتر گۆرانی بۆ خۆشەویستی و شادیی خەڵكی كوردستان بڵێت؟

جوان: بەداخەوە ئێستاش كۆمەڵگا و نەتەوەی ئێمە لە نێو زوڵم و ئێش و ژاندایە. خاكەكەمان بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە. زمانی ئێمە قەدەخەكراوە، هەر لەو كاتەی من هەستم بە ژیان كردووە لە نێو زوڵم و ستەم ژیاوم، بۆیە ئەو زوڵمە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر گۆرانییەكانم هەبووە، بۆ ئازادی و سەربەخۆیی گۆرانیمان گوتووە، بەڵام هیچ كات من گۆرانی ئەڤینداریم لە بیر نەكردووەو باڵانسێكم بۆ گۆرانی شۆڕشگێڕی و ئەڤینداری داناوە. لێرەوە دووپاتی دەكەمەوە، تاوەكو زوڵم و زۆرداری لەسەر گەلی كورد هەبێت، دەسبەرداری گۆرانی نیشتمانی و شۆڕشگێڕی نابم.

رووداو: گۆرانیبێژانی ژن لە ساڵانی هەشتاكان رۆڵێكی گرنگیان لە زیندووكردنەوەی گۆرانی فۆلكلۆردا بینی، وەكو ئایشەشان و گوڵبەهار، بەڵام لەم سەردەمەدا ژنانی گۆرانیبێژی كورد كەمتر گرنگی بە گۆرانی رەسەنی كوردی دەدەن، ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

جوان حاجۆ: پێشتر ژنانی كورد ئازادتر بوون لە ژنانی ئێستا، ئەم پاشاگەردانییە تەنیا لە نێو كورددا نییە، بەڵكو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی هەیە. راستە ئێستا پاشاگەردانییەكی یەكجار زۆر لە بواری ئازادیی ئافرەتان هەیە، بەڵام ئێستاش هەندێك لە ژنانی كورد توانیویانە جێ پەنجەیان لە نێو میوزیك و گۆرانیدا دیار بێ‌، دەنگخۆشی زۆرباشمان هەن.

رووداو: تێبینی و سەرنجێک لەسەر گەنجانی ئێستای كورد هەیە، کە زۆر ئاگاداری مێژووی گۆرانی و میوزیكی نەتەوەی خۆیان نین، چ بكرێت بۆ ئەوەی نەوەی نوێ بە میوزیك و گۆرانی رەسەنی كوردی ئاشنا ببێ؟

جوان حاجۆ: میوزیكی فۆلكلۆری و رەسەنی كوردی زۆر دەوڵەمەندە، پێویستە ئێمە پارێزگاری لێ بكەین و بیپارێزین، بەشێك لە گۆرانی و میوزیكە رەسەنەکان دووبارە بكەینەوەو بەشێوەیەكی نوێ پێشكەش بە نەوەكانمان بكەینەوە، حەیران و لاوك و مەقاماتی رەسەنی كوردی لەلایەن هونەرمەندانی كورد زیندوو بكرێنەوە، ئەمڕۆ میوزیك پیشەسازیە، میوزیك بازاڕە، بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ بازاڕی میوزیكی كوردی نییە، لە ئەوروپا كوالێتی كۆنسێرتی هونەرمەندانی كورد سفرە، تەنیا لە نەورۆز لە چەند شارێكی گەورەی ئەوروپا كۆنسێرت دەكرێت، ئەمەش هیچ خزمەتی گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات و نەوەی نوێ سوودی لێ وەرناگرێت، بۆیە زیاتر لە 5 ساڵە ناچمە هیچ كۆنسێرتێك، چونكە هەست دەكەم خزمەت بە گۆرانی و میوزیكی كوردی ناكات، ئێمە 3 ملیۆن كورد لە ئەوروپا دەتوانین دونیا بهەژێنین، بەڵام بەداخەوە رێکخەرێكی باش نییە بتوانێت ئێمە و كوردی ئەوروپا بەیەكەوە كۆ بكاتەوە.

رووداو: ئێستا لە ئەوروپا بازاڕی ئۆنلاین گەرمە، هونەرمەندانی كوردستان سوودیان لەم بازاڕە وەرگرتووە؟

جوان حاجۆ: ئیدی شتێك نەماوە بەناوی سیدی و ئەلبووم، بەڵكو هەموو شتێك لەرێگەی بازاڕی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت، داوا لە گۆرانیبێژانی گەنج دەكەم، لە رێگەی ئۆنلاین بەرهەمەكانیان بڵاوبكەنەوە، چونكە مافەكانیان زیاتر لەوێ پارێزراوە، كەس ناتوانێت بەرهەمەكانیان كۆپی بكات.

رووداو: گۆرانی نەسرینێ، كە یەكێكە لە گۆرانییە كۆنەكانی تۆ، لەلایەن بەردان ماردینی دووبارە كراوەتەوە، ئایا مۆڵەتی لە تۆ وەرگرتووە؟

جوان حاجۆ: بەداخەوە نەك مۆڵەتی لە من وەرنەگرتووە، بەڵكو لەسەر كلیپەکە نووسیویەتی كە ئەم گۆرانییە خاوەنەكەی دیار نییە، بەراستی زۆر شەرمە بۆ كەسێك بزانێت ئەو گۆرانییە میلۆدییەكەی هی منە و تێكستەكەشی هی دولبەری خوشكمە، كەچی بنووسی ئەو گۆرانییە خاوەنەكەی دیار نییە، من هەمیشە گوتوومە هەر كەسێ گۆرانییەكانی من دەڵێتەوە ئازادە، بەڵام بەبێ ئەوەی دەستكاری میلۆدی و تێكستەكەی بكات.

رووداو: ئەگەر جوان حاجۆ بكرێتە وەزیری رۆشنبیری چی دەگۆڕێ؟

جوان حاجۆ: (بە پێكەنینەوە) ئەگەر من بۆ چەند رۆژێك ببمە وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكەم كارم تەرخانكردنی بودجەیەكە بۆ زیندووكردنەوەی گۆرانی و میوزیكی رەسەنی كوردی، لەگەڵ ئەوەشدا میوزیكی مۆدێرنیش لەبیر ناكەین. دەزگایەكی تایبەت بە ئۆنلاینی گۆرانی كوردی دادەنێم، كە بتوانین مافی هەموو هونەرمەندان بپارێزێت، دەزگایەكی دیكە تایبەت بە كۆنسێرت دادەمەزرێنم، هەروەها ستۆدیۆیەك دادەمەزرێنم، كە هەموو هونەرمەندانی كوردستان لەو ستۆدیۆیە گۆرانییەكانیان تۆمار بكەن و هەموو خەرجییەكانیش لەسەر ئێمە بێت، دواتر لە داهاتەكەی هاوبەش بین، ئەمە وادەكات هونەر لە كوردستان پێش بكەوێت و بەرهەمی هونەرمەندانیش زیاد بێت.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ هونەرمەند هۆلیا ئاڤشار ماوە؟

جوان حاجۆ: بەڵێ پەیوەندی و هاوڕێیەتیمان ئێستاش بەردەوامە. ئەو هەمیشە قسەی دڵی خۆی كردووە، هەمیشە گوتویەتی كە ئەو ژنێكی كوردە. 

رووداو: منداڵەكانت دەنگخۆش نین، یان تۆ ناتەوێ گۆرانی بڵێن؟

جوان حاجۆ: بەداخەوە من زۆر حەزم دەكرد منداڵەكانم گۆرانی بڵێن، بەڵام ئەوان حەزیان لێ‌ نییە، هەروەها دەنگیان زۆر هاوكار نییە ببنە گۆرانیبێژ.       

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە