سزای زیاتر لە شەش ساڵ زیندانیکردن بۆ هونەرمەند هۆزان جانێ دەرچوو

15-11-2018
نیشانەکردن هۆزان جانێ
A+ A-

رووداو- هەولێر

سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە، سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ هونەرمەند هۆزان جانێ دەرکرد.


هونەرمەندی کورد هۆزان جانێ، هەڵگری رەگەزنامەی ئەڵمانییە،  23ی حوزەیرانی 2018 بۆ بانگەشەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار چووە پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

بەتۆمەتی هاوکاریکردنی پەکەکە و بڵاوکردنەوەی وێنەو نووسینی کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر پەکەکە، ئەم سزایەی بۆ دەرچووە.


ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی هونەرمەند سەعیدە ئیناج ناسراو بە هۆزان جانێ لە ئەدیرنە بەڕێوەچوو. ئەو هونەرمەندە لە زیندانی ئیستەنبوولەوە لە رێگەی سیستەمی دەنگ و رەنگ (SEGBiS) بەشداری پرۆسەی دادگایی کردنەکەی بوو. سێیەمین دادگای سزا قورسەکانی ئەدیرنە، بڕیاریدا بە مانەوەی جانێ لە زینداندا و سزای 6 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردنی بۆ بڕیەوە.

لەمیانەی داکۆکی کردن لە خۆی، هۆزان جانێ، بە دادوەرانی راگەیاند"هیچ پەیوەندییەکم بەو نووسینانەوە نییە، کە لەبارەی من لە تۆڕی کۆمەڵایەتی توویتەر بڵاوکراونەتەوە، من هونەرمەندم و کاری هونەری دەکەم."


نەورۆز ئاکاڵان پارێزەری هۆزان رایگەیاندووە، تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەگرن تاوەکو دادگای پـیاداچوونەوە بە کەیسەکەدا بچێتەوە.

زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا، گوتی: ماریا ئادەباهر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەمیانەی پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند:"ئەم حاڵەتە بۆ ئێمە ناسراوە، لە رێگەی کۆنسولییەوە لەگەڵ دامودەزگاکانی تورکیا و خێزانەکەی لە پەیوەندیدان."



گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی:"ئەمڕۆ کۆنسولی گشتی ئەڵمانیا لە پرۆسەی دادگاییەکە ئامادەبووە. لەبارەی دۆسییەکەوە لە پەیوەندی چڕداین."



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە