شوان عەتووف خەڵاتی تایبەتی فێستیڤاڵی فیلمی "فایتی كۆرتی" ئیتاڵیای بەدەستهێنا

15-11-2014
رووداو @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو - هەولێر

كورتە فیلمی "ماڵ و كلیل" لە دەرهێنانی شوان عەتووف خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی كۆرتی" لە وڵاتی ئیتاڵیا بەدەستهێنا.

كورتە فیلمی "ماڵ و كلیل" Home & Key لە نووسین و دەرهێنانی سینەماكاری كورد شوان عەتووف و بەرهەمی بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی كۆرتی" Fiati Corti لە شاری ڤینیس لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشكرا و بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی كورتە فیلمەكە "لە لایەن بینەرانەوە پێشوازیی لێكرا بە شێوەیەك كە بۆ ماوەی دوو خولەك چەپڵە باران كرا و بووە جێگەی سەرسامی ئامادەبووان و لە لایەن لیژنەی دادوەرانی ئەم فێستیڤاڵەوە خەڵاتی تایبەتی پێبەخشرا".

بە ئامادەبوونی پارێزگاری شاری ڤینیس ئێوارەی رۆژی 7 ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 خەڵاتەكانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی كۆرتی" دابەشكرا و تێیدا كورتە فیلمی "ماڵ و كلیل"خەڵاتی تایبەتی لێژنەی دادوەرانی بەدەستهێنا.

لە راگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی كورتە فیلمەكەدا هاتووە، "شوان عەتووف پاش وەرگرتنی خەڵاتەكە لەسەر ستێج ئەو وێنەیەی سەر سینگی پیشانی ئامادەبووان داو گوتی: ئەمە یەكێكە لە گەریلا و پێشمەرگە ئازاكانی كۆبانێ، كە ئێستا بۆ ئازادی هەموو دنیا دەجەنگن و داوای كرد چەپڵە بۆ پێشمەرگە و گەریلا لێبدەن، ئامادەبووانیش بە گەرمی چەپڵەبارانیان كرد".

لە بەشێكی دیكەی رێوڕەسمی كۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فایتی كۆرتی"، سوپاسنامەی رێزان حەمە ساڵح قادر نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتی ئیتاڵیا بۆ فیستیڤاڵەكە و هونەرمەند شوان عەتووف خوێندرایەوە.

پاشان سەرۆكی لیژنەی داوەرانی ئەم فیستیڤاڵە "پارتیلۆ ئاتۆلۆدی" باسی هۆی بەخشینی خەڵاتەكەی كرد بە كورتە فیلمی "ماڵ و كلیل" كە زمانێكی سینەمایی بەرزی هەیە و بەتایبەتی لە ڕووی سینەماتۆگرافییەوە بەرز نرخاندی.

ئەم كورتە فیلمە 15 خولەكییە هەروەها لە ڕۆژانی 19 تا 22ی تشرینی دووەم / نۆڤەمبەری 2014 لە بەشی پێشبڕكێی سەرەكی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی كورتە فیلمی "ئۆ كورت" O Curt لە شاری ناپۆلی لە وڵاتی ئیتاڵیا نمایشدەكرێت.

"ماڵ و كلیل" لە دوایین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕكێی نێودەوڵەتیی نۆیەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "ئاریكا ناتیوا" Arica Nativa لە وڵاتی چیلی نمایشكرا و توانی خەڵاتی باشترین فیلمی ئەم فێستیڤاڵە بەدەستبێنێت.

ئەم فیستیڤاڵە بە بەشداری كورتە فیلمەكانی چیرۆكی، ئەنیمەیشنی و دیكۆمێنتاری لە سینەماكارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی لە رۆژانی 9 تا 19ی تشرینی یەكەمی 2014 لە وڵاتی چیلی بەڕێوەچوو.









کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە